هاوسەرۆکى کۆدار: ئێمە هەڵوێستى ئێستاى ئێران و دەستێوەردانى دەرەکیشمان قبوڵ نییە

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکى کۆدار لێکدانەوەى بۆ پێشهات و رووداوەکانى ئێران کرد و وتى، هەم هەڵوێستى ئێستای کۆمارى ئیسلامی و هەم دەستێوەردانى دەرەکى قبوڵ ناکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن کێشەکان لە رێگەى هێڵى سێیەمەوە چارەسەر بکەن.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) قەیرانى ئێران، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و پێشهاتەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نرخاند. فوئاد بێریتان وتى، ئەگەر ئەمریکا وەڵامێک بۆ داواکانى دەست نەکەوێت، ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ ئێراندا بکەوێتە دۆخی شەڕکردنەوە.

هاوسەرۆکى کۆدار وتیشی، ئەمریکا دەیەوێت بە گۆڕینى ئێران رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ دابڕێژێتەوە. ئەوەشی وت، تەنها بە هەڵوێستى کاردانەوەیى ناکرێت لێکدانەوە بۆ دۆخى ئێران بکرێت. راشیگەیاند، ئەوان وەک کۆدار نە هەڵوێستى ئێستاى کۆمارى ئیسلامى قبوڵ دەکەن و نە دەستێوەردانى دەرەکیش، چونکە جگە لەو دوو رێگایە، ئەمان هێڵی سێیەمیان بۆ چارەسەکردنى کێشەکان هەیە. هاوسەرۆکى کۆدار لە وەڵامى پرسیارەکانى ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)دا وتی:

بۆ کۆدار بەو رادەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رووداوەکانى ئێستاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جەنگى جیهانیى سێیەمە؟ بەڵگە و فاکتى ئێوە بۆ ئەو قسەیەتان چییە؟

دەبێت سەرەتا سەرنج بخەینە سەر بابەتێکى ئاشکرا و حاشاهەڵنەگر. بۆچوونى ئێمە و ژمارەیەکى زۆر ئازادیخوازان ئەوەیە، کە ئێستا ئێمە شایەتى قەیرانێکى جیهانین. یەکێک لە نیشانەکانى ئەو قەیرانە درێژەکێشان و بەردەوامیى شەڕەکانى ئێستاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. ئەم شەڕانە درێژکراونەتەوە، چونکە رێگاچارەیەکى دروست لەسەر بنەماى دیموکراتیک لەلایەن لایەنە تێکهەڵچووەکانى ئەم شەڕەوە بۆ کۆتایهاتن بە شەڕەکان نەخراوەتەڕوو. لەو بڕوایەداین لەلایەک هێزە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکانى وەک ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق لەم ناوچەیەدا و لەلایەکى تر ئەو هێزانەى کە بەشێوەى گشتى پێیاندەوترێت هێزە جیهانییەکان، لەگەڵ بەردەوامیى جەنگ لە ناوچەکەدا هەوڵ بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى خۆیان دەدەن. لە راستیدا ئەوان هیچ پرۆژەیەکى دیموکراتیکیان بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنى ئەم قەیرانانە نییە.

لە ئاستى گەورە و تەنانەت بچووکدا، زۆربەى سیستمەکان هەوڵ دەدەن تاوەکو بێسەرەوبەرەیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر بکەن. لەم بێسەرەوبەرەییەدا کە هاوشێوەى ئاوى لێڵە، ماسى بگرن و لە ئەنجامدا بە برەودان بە هەندێک ریفۆرم، کێشەکانى ئێستا نەک چارەسەر، بەڵکو هەندێک نەرم بکەنەوە. ئێستا پرسیارەکەی ئێوە دێتە پێشەوە، بۆ جەنگى جیهانیى سێیەم؟ جەنگى جیهانیى سێیەم جەنگى دابەشکردنى دەسەڵات و سەرلەنوێ داڕشتنەوەى نەخشەى سیاسیى جیهانە. لەم جەنگەدا هەم ئەوروپا و هەم ئەمریکا سەربارى جیاوازیى سەلیقە، هەر دوکیان بەرژەوەندیخوازانە دەجوڵێنەوە و هەردوکیان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنى رژێمە موحافزکارەکانى ناوچەکەدان و ئەگەر پێویستیشى کرد هەوڵى گۆڕینیان دەدەن. دووبارە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەوان بە دواى چارەسەرکردنى قەیرانەکەوە نین، کە قەیرانى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیزمی هاوچەرخە. ئەوان بە دواى دووبارە دروستکردنەوەى هەمان ئەو پەیوەندییانەن، کە پێش قەیرانەکە هەیانبووە.

جەنگى جیهانیى سێیەم لە دواى هەڵوەشاندنەوەى یەکێتیى سۆڤیەت دەستیپێکرد و بە جەنگى کەنداو درێژەى پێدرا. بە جەنگى ئێران و عێراق و قوڵتربوونەوەى دۆخى عێراق، سوریا و ئەفغانستان و...  گەیشتە لوتکە. تەنانەت شۆڕشی خەڵک لە میسر، تونس و لیبیاش نەیتوانى ئەم جەنگە دەرمان بکات. هۆکارەکەش بە تەواوی روونە، نەبوونی ئەڵتەرناتیڤى گەلی و دیموکراتیک، یان نەبوونی پرۆژەى دیموکراتیک لە بەرامبەر حکومتەکانى رابردوویاندا.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەگەر ئەم جەنگە جەنگى جیهانیى سێیەمە، کۆتاییەکەى چییە؟ گرژیى نێوان ئێران و ئەمریکا لە کوێ ئەم شیکردنەوەیدان؟

تاوەکو سیستمى سەرمایەداریى جیهانى نەتوانێت قەیرانەکەى ئێستا تێپەڕێنێت و رێگاچارەیەکى بۆ نەدۆزێتەوە، ناکرێت بوترێت  کێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چارەسەر دەبێت، یان شایەتى چارەسەرکردنى قەیرانەکانى ناوچەکە، بۆ نمونە قەیرانەکانى ئێران و سوریا دەبین. لێرەدا بابەتى هێرشى سەربازیى ئەمریکا بۆ سەر ئێران یان رژیمى ئەسەد وەک بابەتێکى تاکتیکى نەک ستراتیژیک، لەلایەن ئەمریکاوە شایانى تێگەیشتنە.

کارەکتەری ئەم قۆناغە، یان بەردەوامیى دۆخى ئێستا و قوڵبوونەوەى قەیرانەکەیە، یان ئەوەتا ئەگەر سیستمى جیهانی و دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە لەسەر نەرمترکردنى دەوڵەتەکانى ناوچەکە و دروستکردنی دەوڵەتى کراوەتر و یاسایى سازش دەکەن و قەیرانەکە کاڵتر دەکرێتەوە. ئەوە هەمان بژاردەیە کە پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت لە بەرامبەر ئێران یان ئەو وڵاتانەى تر کە قەیرانیان تیایدایە، جێبەجێی بکات.

ئەو ئەگەرەش لە ئارادایە، کە لە کاتى خۆبەدەستەوەنەدانى ئێران لە بەرامبەر داواکانى ئەمریکا، جەنگ بۆ ئێرانیش درێژ بکاتەوە تاوەکو گۆڕەپانێکى نوێى ترى جەنگ لە ناوچەکە بکاتەوە. یان ئەوەتا بە تەواوى جەنگ لە گۆڕەپانە کۆنەکەدا قوڵتر دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەى بتوانێت رێگاچارەیەکى بۆ بدۆزێتەوە. ئەمریکا دەیەوێت بە گۆڕینى ئێران، رۆژهەڵاتێکى ناوەڕاست، کە خۆیى دەوێت دابڕێژێت. بۆیە گۆڕینى دۆخى ئێستا بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە.

کەواتە دۆخى ئێران لەم نێوانەدا چۆن بەرەو پێش دەڕوات؟

لە ناوخۆى ئێران پەیوەندى و گرژییە ناوخۆییەکان گەیشتوەتە ئاستێک، کە درزی نێوان باڵە سیاسییەکان زیاتر لە رابردوو دەرکەوتووە. ئەمڕۆ دەوڵەتى سێبەر لە ئێران جڵەوی دەسەڵاتى گرتووەتە دەست و هاوکات لەگەڵ دەوڵەتەکەى رۆحانی لە گۆڕەپانى سیاسی، دیپلۆماتیک، ئابووری و ... هتد خۆى رێکخستووە و لە هەوڵی کۆنترۆڵى دەوڵەتەکەى رۆحانیدایە. تەنانەت ئەگەر پێویست بێت بە ئاشکرا دەسەڵات دەگرێتە دەست و لە سێبەربوون دێتەدەرەوە. لە ئێستادا ئەوە بۆ دەوڵەتى سێبەر و یان بە کەمێک بچووکردنەوەوە هەمان سوپاى پاسداران باشترین جۆرى رەفتارە بۆ کۆنترۆڵى دەوڵەتى رۆحانی، تاوەکو سیاسەتە هاوشانەکانى خۆیان (سیاسەتى سێبەر) و بەرژەوەندییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانیان بەرەو پێش ببەن. نمونەکانیشى زۆرن. دەکرێت لە بازاڕی هەڵاوساوی دراوەوە و تاوەکو گەندەڵی و دزی، دامەزراوە داراییەکان و دانانى نرخ لەسەر سەرچاوەکانى وزە... لەو چوارچێوەیەدا ببینرێت.

ئێران لە پەیوەندیى دەرەوەیدا چى دەکات؟

رێگایەکى تر کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆمارى ئیسلامی لەبەرچاوى بگرێت ئیمتیازدانە بە حکومەتە جیهانییەکان و رێککەوتنى تاکتیکییە لەگەڵیاندا بۆ کات کوشتنى سیاسی. کڕینى کاتیش تەنها بە مەبەستى درێژکردنەوەى تەمەنى رژێمە و بەلانیکەمەوە ئێمە خوێندنەوەیەکى ترمان بۆی نییە. رەنگە ئەم تاکتیکانە بە شێوەى کاتى سەرکەوتو بێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە رێکارێکى لۆژیکى و کرانەوەى سیاسەتی درێژخانە لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت و دۆخى قەیرانى رژێم و سیستم قوڵتر دەکاتەوە.

کورد لە کوێى ئەم یارییەدان، یان لە کوێى ئەم یارییەدا دەبن؟

مۆدێل و ستراتیژیى هێزە دیموکراسیخوازەکانى ناوچەکە کە کورد نوێنەرایەتیى لە ئەستۆ گرتووە جیاوازە لە مۆدێلەکانى تر. ئەمڕۆ گەلانى ناوچەکە بەردەوامیى کێشەکانى رابردوو و هەروەها بەرەوپێشبردنى رێکارەکانى دەرەوەى ناوچەکە و رێکارە داسەپێنراوەکانى دەرەوەیان ناوێت، چونکە هەر دووکیان هۆکارى قەیرانەکانى ئێستان. ئەمڕۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خوازیارى مۆدێلی دیموکراتیکن تاوەکو بتوانێت گۆڕانکاریى ریشەیى لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات و خەڵک لەم قەیرانانە رزگار بکات. لەم پێناوەشدا کورد بە پێشەنگایەتییەک کە بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخانى ناوچەیى لە خۆى نیشانداوە، تاکە جەنگاوەری دیموکراسی و ئازادییە لە دژى شەپۆلی بشێوى و بێسەروبەرەیى (یاساى بێ یاسایى، کە بە هیچ تێر نابێت) ناوچەکەن و هەڵگری ماتەوزە، ئیرادە وهێزى گۆڕانکارى شۆڕشگێڕانە – دیموکراتیکە لە ئێران و ناچەکەدا.

کورد ئەمڕۆ بووەتە فاکتەرێکى گرنگى گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان. ئێمە ماتەوزەی سەرەکى و کاریگەرمان بۆ تێپەڕاندنى کێشەکانى ناوچەکە بە تایبەتى تێپەڕاندنى جەنگى جیهانیى سێیەم لە بەردەستدایە. لە رابردوودا ئێمە وەک کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادیى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) پێداگریمان کردووە لە چارەسەریى ئاشتییانە لە چوارچێوەى نۆرم و بەها دیموکراتیکەکاندا. تەنانەت کۆدار لەو چوارچێوەیەدا نەخشەڕێگایەکى دیموکراتیکى ئامادەکرد و بۆ راى گشتیى بڵاوکردەوە. کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە بەردەوامبوون لە رەفتارەکانى رابردووى ئەوەى نیشاندا کە نەک تەنها ئیرادەى چارسەری دیموکراتیکانەى کێشەکەى نییە، بەڵکو لە بچووکترین دەرفەتدا کە بۆی بڕەخسێت دەست دەکات بە لەناوبردنی هێزە دیموکراسیخواز و گۆڕانخوازەکان. ئەو شێوازە لە رەفتار داهاتوویەکى روونی بۆ ئێران بەدوادا نایەت. لەم پێناوەدا کۆدار و پەژاک بە خوێندنەوەیەکى نوێ لە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و جیهان و بە نووسین و بڵاوکردنەوەى پرۆژەیەکى دیموکراتیک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە ئێران، جارێکیتر گرنگیى سەرلەنوێ خوێندنەوەى نەخشەرێگا دیموکراتیکەکە و بڕواى سەرەکیى خۆى بۆ چارەسەرى دیموکراتیکیانەى کێشەکانى ئێران لە خۆى نیشادا.

بە روونی کۆدار لەمبارەیەوە بە دواى چییەوەیە و چیى دەوێت؟

کۆدار لەو بڕوایەدا تەنها تێڕوانینى کاردانەوەیى بەرامبەر بە دۆخى ئێستاى ئێران ناتوانێت دۆخى ئێستا بگۆڕێت و ئاسۆیەکى سیاسیى نوێمان بە روودا ناکاتەوە. لەم رۆژگارەدا دەبێت هەموو کەس بە باشی وەڵامى ئەم پرسیارە بداتەوە: ئایا گوزەری دیموکراتیکیان پێ باشە یان دەستێوەردانى دەرەکى لە دژى ئێران، ئایا دەیانەوێت دۆخێکى هاوشێوەى دۆخى سوریا لە ئێران دروست بکەن، یان گەیشتوونەتە ئاستێک لە ژیری و عەقڵانیەتى سیاسی، کە نەخشەرێگاى گوزەری دیموکراتیک بە بنەماى گۆڕانکاریى بزانن؟ ئێمە وەک کۆدار پێشتریش راشکاوانە رامانگەیاندبوو، کە نە تێڕوانینەکانى ئێستاى کۆمارى ئیسلامى تەحمول دەکەین و نە بۆ هێزە دەستێوەردەرە دەرەکییەکان فەڕشى سوور رادەخەین. ئێمە لەو بڕوایەداین کۆمەڵگەى ئێران ناچار نەکراوە بەوەی کە تەنها ئەو دوو بژاردەیە بە رووی خۆیدا ببینێت و هەڵیانبژێرێت. کۆدار و ژمارەیەکى زۆر لە هێزە پێشکەوتوخوازە و گۆڕانخوازەکان رێکارێکى جیاوازتر لەو دوو بژاردەیەیان کردووەتە بنەما بۆ گۆڕانکارییەکان. ئەوە رێکارێکە، کە ئێمە پێیدەڵێن هێڵی سێیەم. هێڵێکە سنوورێکى جدی و یەکلاکەرەوەى بەرامبەر بە تێڕوانییە سەرکوتکارانەکانى ناوخۆ و هاوکات سنوورێکى روونی بەرامبەر بە دەستێوەردانى دەرەکى هەیە. دەستێوەردانێک کە بە سەرنجدانە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و جیهان، ئەگەری زۆرە رووبدات.

ئەو بابەتە جێگاى تێڕامانە، کە رێک رۆژێک دواى بڵاوکردنەوەى پرۆژەى ستراتیژیکى کۆدار و پەژاک لەبارەی دۆخى ئێستاى ئێران و پێویستیى گوزەری دیموکراتیک، کۆمارى ئیسلامیى ئێران رەفتارێک، کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت لە خۆى لە دژى هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان و هەروەها لە دژى هەڵسوڕاوانى مافەکانى مرۆڤی نیشاندا. هەڵبەت پێشبینی نەکردنى ئەو دۆخە زۆریش قورس نەبوو. ئەو هەڵوێست وەرگرتنە لەگەڵ ئاماژەکانى تردا، بە روونی دەریدەخات کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە دواى چارەسەرى دیموکراتیک و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانى کێشەکە، کە خودی کۆمەڵگەن نییە. ئەو رێکارە ئێران گرتوویەتییە بەر هەر وەک رابردوو لە چوارچێوە و بازنەى کۆنترۆڵ، یان لاوازکردنى تەواوەتیى ئەو هێزانەدایە کە چارەسەری دیموکراتیکیان دەوێت و داواى تێپەڕاندنى دۆخى ئێستا دەکەن. بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامی تاوەکو ئێستا رێکارێکى هەڵەیان بۆ هەڵسوکەوتکردن بەرامبەر بە خواستەکانى کۆمەڵگە بڕیوە.

بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامی بەوجۆرە بیردەکەنەوە، کە تەنها بە بەکارهێنانى گوشارە سیاسی، بازرگانی، ئابووری و دیپلۆماتیکەکان دەتوانن بەسەر کێشەکانى بەردەمیاندا سەربکەون. بەرفراوانیى هاوپەیمانى لە دژى کۆمارى ئیسلامى، قوڵبوونەوە و چەند رەهەندیبوونى جیاوازی و ناکۆکییەکان، دۆخێکى ئەوەندە قورسی بۆ کۆمارى ئیسلامی دروستکردووە، کە گوزەر بەو ملەیەدا زۆر دژوار و پڕتێچووکردووە. لە بیرکردنەوە و ئەو شێوازانەدا کە کۆمارى ئیسلامى گرتویەتییە بەر، ئەڵقەیەکى ونبوو و هەستیار بوونى هەیە، ئەویش کرانەوەى دیموکراتیک لە ناوخۆ و چارەسەرکردنى ریشەیى کێشەکانى ماف و ئازادیى گەلانى ئێرانە. بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کاتێک باس لە ئیدارەدانى قەیران و هەڕەشە دەرەکییەکان دەکەن، جۆرێک رەفتار دەکەن کە گوایە ئاستى پشتیوانى و رەزایەتیى کۆمەلگەى ئێران لە دەسەڵات و رەوایى و قبوڵکردنى کۆمارى ئیسلامى لە ناوخۆدا لە بەرزترین ئاستدایە. ئەو جۆرە نزیکایەتییە وەهمە و دەبێتە هۆى قوڵتربوونەوەى قەیرانەکان و چارەسەرنەکردنى کێشەکان و روودانى کارەساتە گەورەکان. حکومەتێک ئامادە نەبێت مافە مرۆییەکانى خەڵکى وڵاتەکەى قبوڵ بکات، ئامادەی دەستبەرداربوون لە سیاسەتى دەستى پۆڵاین لە دژى خەڵکەکەى نەبێت، ئامادەى گۆڕینى رەفتارە دیکتاتۆرانەکانى نەبێت، چۆن دەتوانێت قەیران قوڵە و لەیەک تەنراوەکان و کەڵەکەبووەکانی ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پڕ لە ئاشوبدا چارەسەر بکات؟.

درزی سیاسی و چارەسەرنەکردنى کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و مافەکان لە کۆمەڵگەى ئێران، بواری دەستێوەردانە چاوەڕوانکراوەکان ئاسان دەکات. ئەو عەقڵییەتەى کە پێیوایە بەبێ دیموکراتیزەکردنی راستەقینە، تەنها بە ئیدارەدانى ئەمنی و بەردەوامیدان بە دۆخى ئێستا خۆى لە قەیرانەکان دەپارێزێت، زیاتر لە هەموو کاتێکى تر بەرەو بنبەست دەڕوات.

ر.م

بەشی کۆتایى چاوپێکەوتنەکەى هاوسەرۆکى کۆدار