کۆدار: هێزە گۆڕانخوازەکان پشت بە هێزی گەل ببەستن نەک چاوەڕوانی دەستێوەردانی دەرەکی بن

فوئاد بریتان هاوسەرۆکی کۆدار جەختی لەوەکردەوە کە هێڵی سێیەم هێزی گۆرانی هەیە و ڕایدەگەیەنێت، کە "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگریی لەسەر دۆخی ئێستا بکات، ئێمەش وەک کۆدار هەموو هێزەکانی خۆمان بۆ گۆڕینی دۆخەکە بەکار دێنین".

فوئاد بێریتان، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک وئازادی ڕۆژهەلاتی کوردستان - کۆدار، بەشداریی  لە بەرنامەی هێڵی سێیەمی تەلەفیزیۆنی ئاریەن کرد و شەهیدانی مانگی ئایاری وەبیرهێنایەوە.

هاوسەرۆکی کۆدار لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە مانگرن لەخواردن لەدژی گۆشەگیری رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان کرد و وتی، " سی پی تی و لێبوردنی نێونەتەوەیی و هێزە هەرێمییەکان تاوانباری سەرەکی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالانن و بەرپرسن لە بەرانبەر ئەوکەسانەی کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری گیانی خۆیان خستووەتە بەرمردن. لە نێوان بەرەی مۆدرنیتەی سەرمایەداریی کە بەردەوام هەوڵی چەسپاندنی هەژموونی خۆیی و شەڕ ودڵەڕاوکێیە و بەرەی مۆدڕنیتەی دیموکراتیک کە خوازیاری ئازادی ویەکسانییە، شەرێکی سەخت لەئارادایە. یەکێک لە هۆکارەکانی بێدەنگی لایەنە پێوەندیدارەکان بەم کەیسەوە بوونی ئەم شەڕەیە.

بێریتان لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی  سالیادی دامەزراندنی کۆدار وتی، " کۆدار لەهەلومەرجیکدا دامەزرا کە کۆمەڵگا پیویستییەکی زۆری بە رێکخستن بوو. ئێمەش جەخت لەسەرتێکۆشان ورێکخستنی گەل دەکەینەوە تا بتوانین ئامانجەکانمان مسۆگەربکەین. هاوژیانی ئازاد و ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکانانی ئێراندا لەسەرەکی ترین ئامانجەکانی کۆدارە.  فوئاد بێریتان، باسی لە خراپیی دۆخیی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێران کرد و وتی: زۆربەی ناوەندەکانی دەسەڵات باوەڕیان بە گۆڕانکاریی و تێپەڕبوونی دیموکراتی نییە، بە شێوازێک هەڵسوکەوت دەکەن کە گوایە دەتوانن ئەو دۆخە بەردەوام بکەن، لە ناخی ئەم دۆخە قەیراناویی و کارەساتبارەدا، بەردەوامیی دۆخی ئێستا و چاوەڕوانیی بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی دەردەکەوێت، پێویستە بزانرێت کە هەردوو چاوەڕوانییەکە کارەساتبارە و هێڵی سێیەم دەتوانێت گۆڕانکاریی دروست بکات.

لە بەردەوامیی قسەکانیدا فوئاد بێریتان جەخت دەکاتەوە، کە"ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگریی لەسەردۆخی ئیستا بکات، ئێمەش وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو تواناکانی خۆمان بۆ گۆڕینی دۆخەکە بەکار دێنین، ئێمە پێداگرین لەسەربەڕێکخستنکردنی گەلەکەمان تا ئامانجەکان مسۆگەر بکەین".

هاوسەرۆکی کۆدار، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە قۆناغی دوای داعش کرد و وتی: بوونی داعش و خانەوادەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باشووری کوردستان بە تایبەت لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانەیەک لە قوناغی دوای داعش بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کوردستانە، بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە پیرانشار و کرماشان لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بۆ دژایەتی تەڤگەری ئاپۆیی-یە.

لەسەر سەردانەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و کاربەدەستانی باڵای ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت کرماشان فوئاد بێریتان وتی: ناوچەی کرماشان بەهۆی بەهێزبوونی جەوهەری دیموکراتی و سوسیالیستی خۆی، لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج، سەردانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی حکومەت جگە لە هێرشی سیاسیی، کلتوریی، بەسەربازگەکردن و سەپاندنی سیاسەتەکانی دەوڵەت، هیچ شتێکی تر لەگەڵ خۆی ناهێنێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەسەر چاوەڕوانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە ئێران وتی: پێویستە هێزە گۆڕانخوازەکان پشت بە هێزی گەل ببەستن وگەل ڕێکبخەن، نەک چاوەڕوانی دەستێوەردانی دەرەکیی بن، بەبێ کورد هیچ سیاسەتێک لە ناوچەکە سەرناکەوێت، هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان پێویستە بەڕێکخستن بکرێن و یەکبگرنەوە.

ک-ش