هاووڵاتییانی کەرکوک قوربانیی دەستی داعش و هێزە ئەمنییەکانن

لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتایهێنانی چەتەکانی داعشی لە عێراق ڕایگەیاند، بەڵام جارێکیتر خانە نوستوەکان و چەکدارە پاشماوەکانی ئەو گروپە چەتەیە بوونەتەوە مەترسی بۆ سەر شاری کەرکووک.

لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتایهێنانی چەتەکانی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام  جارێکیتر چەتەکانی داعش لە ناوچەی حەوزی حەمرین و چیای قەرەچوغ  لە باشوور و ڕۆژئاوی کەرکووک دەستیان بە جموجوڵ کردووەتەوە. بەپێی ئەو ئامارەی لەبەر دەستی ئێمە دایە تەنها لە هەفتەیكدا چەتەکانی داعش  سێجار هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان لە باشوور و ڕۆژئاوی شاری کەرکووک، لەو هێرشانەدا ٤ ئەفسەر و ٣ سەربازی عێراقی کوژراون.

لە ئسیتادا کەرکووک بە دۆخێکی ئەمنپی ناجێگیردا تێپەڕ دەبێت لەو ناوچانەی کە داعش جموجوڵی لێی هەیە هاووڵاتییان لە نیگەرانیدان، هاوکات هاووڵاتییانی شارەکە لە ڕەفتاری هێزە ئەمنیەکانی عێراقیش نیگەرانن.

بەشێک لەو ڕووداوانەی کە لە هەفتەی ڕابردوو لە شاری کەرووک ڕوویداوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

رۆژی دووشەمە ١٣ی مانگ و لە درەنگانێکی شەودا لە سنووری ناحیەی لەیلان-ی سەر بەشاری کەرکوک، لەلایەن چەند چەکدارێک کە بە نەناسراو ناویان هاتووە و گومان دەکرێت چەتەکانی داعش بن گەنجێک، کە پیشەی شوانکارە بووە بە ناوی خالد محەمەد کەعید/ لەدایکـبووی ۱۹۹٦و  خەڵکی ناحیەی بێجی بووە و لەو کاتەدا نیشتەجێی ناحیەی لەیلان بووە فیشەکێک دەنرێت بەسەرییەوە و دەکوژرێت.

رۆژی سێشەمە ١٤ی مانگ و لەسەر بەیانیی ئەو ڕۆژەدا لەناو باڵەخانەی المهجورە لەڕێگای بەغدا لە شاری کەرکوک بۆمبێک لەنهۆمی یەکەمی مۆڵەکە چێنرابوو، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان تیمی تایبەت گەیشتنە شوێنەکە و توانرا بەبێ هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بۆمبەکە پوچەڵ بکەنەوە.

هەروەها لە درەنگانێکی ١٤ی مانگ و لە شەودا لەنزیک گوندی توم سبلان-ی سەر بەناحیەی ڕیاز سەر بەقەزای حەویجە، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر ئەرکەکانیان ٤ ئەفسەری فرقەی الالیە-ی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق بەناوەکانی ڕائید عەلی حسێن خەڵەف لەدایکبووی ۱۹۸۹، نەقیب موئەیەد عبدجەلیل لەدایکبووی ۱۹۷۸، مولازم فراس کەریم لەدایکبووی ۱۹۸۲، مولازم محەمەد بەدیع عەبد لەدایکبووی ۱۹۸٤ وسەربازێک بەناوی واثق مەحمود ئەسوەد، کە دانیشتووی شاری کەرکوکە کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش و سەرجەمیان کوژران.

چەتەکانى داعش لە باشووری کەرکوکەوە هێرش دەکەن و پۆلیسیش لە باکووری کەرکوکەوە ئۆپراسیۆنیان لە دژیان ئەنجام دەدات!

چوارشەممە  ١٥ی مانگ  لە کاتیكدا هێزە عیراقییەکان شەوێک پێشتر لە باشووری شاری کەرکووک لە گوندە عەرەب نشیەنەکان ‌هێرشیان کرابووە سەر، بەڵام هێزێکى پۆلیسی فیدراڵی سەرلەبەیانییەکەی هەڵیانکوتایە سەر گوندی چیمەنی شەهیدان، کە دەکەوێتە باکوری شارەکەوە و  دەستیان بەگەڕان و پشکنینی گوندەکە کرد بەگومانی هەبوونی چەکداری داعش. بەخەڵکی گوندەکەیان ڕاگەیاندووە لەدوای کاژمێر ۱۱:٠٠ـی شەو هاتووچۆ بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە. ئەوە لە کاتێکدایە هێرشەکەى شەوی رابردووى چەتەکانى داعش لە باشووری کەرکوک روویداوە و لە رووی مەوداوە گوندی چیمەنی شەهیدان لە شوێنی هێرشەکەی چەتەکانى داعشەوە زۆر دوورە.

لەگەڵ بەردەوامیى سیاسەتى بە عەرەبکردندا عەرەبە هاوردەکان هێرش دەکەنە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی کورد

هەر لەو ڕۆژەدا ژمارەرەیەک عەرەبی هاوردە، کە لە خواری عێراق هاتوون و لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتی ئەو شارە ڕاکان جبوری پاڵپشتی دەکرێن، ‌هێرشیان کردە سەر گوندی پەڵکانەی سەر بە نەحیەی سەرگەڕان لە ڕۆژ ئاوای کەرکووک و بەشیک لە خانوو و ماڵی هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکەیان داگیر کرد. ئەوەش بووە هۆکاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتییانی کوردی ڕەسەنی ناوچەکە لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان. سەرەنجام لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە هێزێکی تایبەت ڕەوانەی گوندی پەڵکانە کرا بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەرحەق بە دانیشتووانی ڕەسەنی گوندکە کرابوو. ئەو کەسانەشی خانووی گوندەکەیان داگیر کردبوو پێیان چۆڵکرا و چەند هاووڵاتییەک لە هەر دوولا لەگەڵ دوو ڕۆژنامە نوس، کە ڕووماڵی ڕووداوەکەیان کردبوو دەستگیرکران.

لە بەردەوامیى رووداوەکانى ١٥ی مانگ دا لە درەنگانێکی شەو لە نزیک گوندی تەل سوسە-ی سەر بەناحیەی ڕەشاد مەفرەزەیەکی فەوجی ۳ـی لیوای ۲٠ـی فرقەی ۵ـی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش. لە ئەنجامدا ٢ سەرباز بە ناوەکانی سەڵاح خەیروڵا داود لەدایکبووی ۱۹۹٠ و نەسیر سوادی خەیروڵا لەدایکبووی ۱۹۸۹ کوژران.

هەینی ١٧ مانگ هێزەکانی  لیوای ٦۱ـی نووسینگەی سەرۆک وەزیران و فەوجی موغاویر لە بەرەبەیانی زوودا  بە ئۆپراسیونێکی سەربازی هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکی پەنجا عەلی، کە گەڕەکێکی کوردنشینە و پاساوەکەشیان ئەوە بوو کە گوایە بە دواى چەتەکانى داعش دا دەگەڕێن! ئەوە لە کاتێكدایە لەو گەڕەکە و ناوخۆی شاری کەرکووک هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزە عێراقییەکان.

هاووڵاتییان قوربانیی دەستی داعش و هێزە ئەمنییەکانن

هاووڵاتییانى کەرکوک لەگەڵ ئەوەی قوربانیی هێرشی چەکدارانی داعشن و لە دڵەڕاوكێدا دەژین، بەڵام هاوکات لە ڕەفتاری ئەو هێزە نیگەرانن، کە گوایە گەڕان و پشکنینیان لە دژی چەتەکانى داعش ئەنجامداوە، چونکە هەر لەو گەڕاندا لە ماڵەکانی گەڕەکی پەنجا عەلیی شاری کەرکوک و دوای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی جومعە حەمید حسین بڕی ٦٠٠ هەزار عێراقی دزرا. هەرچەندە ناوبراو دوای دیار نەمانی پارەکەی چووەتە لای ئەفسەرێکی ئەو هێزە بەپلەی عەمید و دزینى پارەکانى پێی راگەیاندووە، بەڵام ئەفسەرەکە خۆی لێ توڕەکە کردووە و هەوڵی داوە بابەتى دزینى هێزەکانیان بشارێتەوە و لەوبارەیەوە هیچ وەڵامێکی ئەو هاووڵاتییە نەداوەتەوە!.

 لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لەو شارە و هێرشە بەردەوامەکانی چەتەکانی داعش، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سەربازی هەر لە ١٧ی مانگدا دوو لیوای تری پۆلیسی فیدراڵێ عێراق ڕەوانەی کەرکووک کراون بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ئەو شارە و پشتیوانیکردنی ‌هێزە عێراقییەکان.

ر.م