‌هاووڵاتییانی کەرکوک داوای پارێزگارێکی خەمخۆر و بێلایەن دەکەن

هاووڵاتییانی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد دەربارەی ئەو کەسەی بە گونجاوی دەیبینن بۆ پارێزگاری کەرکوک.

هاووڵاتیانی شاری کەرکوک رایانگەیاند، پارێزگارێکمان دەوێت خزمەتی هەموو شارەکە بکات بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پێکهاتەکان.

مستەفا محەمەد هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە دەربارەی ئەو کەسەی بە گونجاو دەیبینن بۆ پارێزگاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئێمە پاریزگارێکمان دەوێت خزمەت بە شاری کەرکوک بکات، چونکە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو ئەو پاریزگارانەی، کە هاتوون تەنها خزمەتی بەرژەوەندیی خۆیان و حزبەکانیان کردووە."

مستەفا محەمەد وتیشی: "ئێمە پارێزگارێکمان دەوێت تێبگات لە خەفەت و نەهامەتی شاری کەرکوک، چونکە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن خزمەت بەم شارە بکەن. ئێمە ئەو کەسانەمان ناوێت، کە لە دەرەوەی کەرکوکەوە دێن و دەبنە پارێزگار و پارەی شارەکە دەبەن و تەنها خەمخۆری حزبەکەی خۆیانن."

هەروەها مستەفا محەمەد ئەوەشی وت: "هەر کەسێک ببێتە پارێزگاری کەرکوک پێویستە خزمەتی هەموو شارەکە بکات بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پێکهاتەکان لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین و بیروباوری جیاواز."

عەلی عەبدوڵڕەحمان هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە دەربارەی پارێزگارەکانی پێشووی کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی  وت: بەداخەوە دەسەڵاتی چەند ساڵی ڕابردوو لە کەرکوک نەیتوانیوە دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بپارێزێت."

هەروەها دەربارەی ئەو کەسەی بە گونجاو دەیبینن بۆ پارێزگاری کەرکوک عەلی عەبدوڵڕەحمان وتیشی: "من وەکو هاووڵاتییەکی کورد قسە دەکەم کە کورد هۆکاری زۆری کەمتەرخەمی و ئالۆزییەکانی ئەم شارەیە، من وەکو هاووڵاتیەکی کەرکوک بەلامەوە گرنگ نییە پارێزگاری داهاتوو کورد یان عەرەب یان هەر نەتەوە و ئاینێکی تر بێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کەسیک بێت خزمەت بەم شارە بکات."

 هەروەها عەلی عەبدوڵڕەحمان ئەوەشی وت: "بەڕاستی شاری کەرکوک لە ئێستادا ویرانە لە لایەنی خزمەت گوزاری و ئەمنییەوە و ئەمەش هەموو تاکێکی شاری کەرکوکی بێتاقەت و نیگەران کردووە، هیوادارم لایەنەکان ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی کەسێک دابنێن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە خزمەت بە شارەکە بکات و ببێتە مایەی خۆشحالی بۆ شاری کەرکوک."

مستەفا ڕەئوف هاووڵاتییەکی تری شاری کەرکوکە و دەربارەی ئەو کەسەی بە گونجاو دەیبینن بۆ پارێزگاری کەرکوک وتی: "بەڕای من پێویست نییە پارێزگاری داهاتووی کەرکوک لە پێکهاتەیەکی دیاری کراو بێت یان لە مەزهەبێکی دیاری کراو بێت گرنگ ئەوەیە ئامانجی ئەو پارێزگارە خزمەت کردن بێت بە شاری کەرکوک بەبێ جیاوازی."

هەروەها مستەفا ڕەئوف وتیشی: ئەوەی بەلای ئێمەی هاووڵاتییانی کەرکوکەوە گرنگ بۆ پارێزگاری داهاتووی کەرکوک تەنها خزمەتکردنی ئەم شارە چەوساوە و غەدر لێکراوەیە بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئاین و بیروباوەڕ."

ژ.ت