هەروەها داواش کراوە، بە خێرایى بە دەم خەڵکى ناوچەکەەوە بچن و پێداویستى مرۆیى و پزیشکى بۆ هاووڵاتیانى عەفرین دابین بکریت، بۆ ئەوەى کارەساتى زیاترى مرۆیى ڕوونەدات.
راگەیەندراوێك لە وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەسەردۆخی عەفرین
هاوڵاتیانی سەربەرز
ئێمە لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بەتوندی ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر عەفرین، ئەم پەلاماردان و هێرشە كە بووەتە هۆی شەهیدكردنی دەیان كەسی مەدەنی لە خەڵكی ناوچەكە و لەهەمانكاتیشدا بووەتە هۆی وێرانكردنی ناوچەكە و قوڵكردنەوەی پشێووی و ئاڵۆزی و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەكە.
ئێمە لە هاوپەیمانی پێشتریش رامانگەیاندووە، چارەسەری پرسەكان ناكرێت لە رێگەی هێز و توندوتیژییەوە بێت، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە هێرش و پەلاماردانی سەر عەفرین راگیرێت، هەروەها داواكارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە جیهانییەكان و خەمخۆرانی مافەكانی مرۆڤ، رێگری بكەن لە تاوانكاری زیاتر و بەخێرایی بەدەم خەڵكی ناوچەكەوە بچن تا كارەساتی مرۆیی زیاتر روونەدات، هەروەها داواكارین لە حكومەتی هەرێمیش پەلەبكەن لە وەی هاوكاری و پێداویستی دابین بكەن بۆ بەدەمەوە چوونی خەڵكی ئاوارە و دابینكردنی هاوكاری پزیشكی بۆ بریندارەكان.
سەربەرزی بۆ خەڵكی كوردستان
ئارامی و سەبوری بۆ كەسوكاری قوربانیان
شادبێت رۆحی شەهیدان
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
۲٠۱۸_۳_۱۹