هه‌زاران هاوڵاتی و نوێنه‌ری لایه‌نه‌كان به‌شدارییان له پرسه‌ی دیار غه‌ریب كرد
لە دووم ڕۆژی مەڕاسیمی پرسه‌ی شەهیدی سەرکردە دیار غەریب جەخت لەوە كرایه‌وه كه دەبێت تۆڵە لە خائین و داگیرکەران بکرێتەوە و داگیرکاری تورکیا وه‌ڵامی جەماوه‌ری وەربگرێت.
لە دووم ڕۆژی مەڕاسیمی پرسه‌ی شەهیدی سەرکردە دیار غەریب جەخت لەوە كرایه‌وه كه دەبێت تۆڵە لە خائین و داگیرکەران بکرێتەوە و داگیرکاری تورکیا وه‌ڵامی جەماوه‌ری وەربگرێت.
لە دووه‌م ڕۆژی مەڕاسیمی پرسه‌ی شەهید دیار غەریب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) له شاری سلێمانی، هەزاران کەس لە چین و توێژەکانی چوار پارچەی کوردستان، نوێنەری حیزب و لایه‌نە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شدارییان كرد. هەر لە پرسه‌كه‌دا پەیامی گرنگ دران. کەجەکەش له به‌رده‌م کەسوكاری شەهید و ئامادەبوانی مه‌ڕاسیمه‌كه، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهید دیار غەریبی دا.
هاوکات لەگەڵ سه‌ردانی هاوڵاتییانی باشووری کوردستان بۆ پرسه‌ی شه‌هید دیار غه‌ریب، نوێنەرانی حیزب و لایه‌نە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، دانیشتوانی وارگه‌ی شەهید ڕۆستەم جودی له مه‌خموور، دایكانی ئاشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێزدییه‌كانی شەنگال، پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری زۆر لایەن بەشدارییان له مه‌ڕاسیمه‌كه كرد. بەشێک لە ئاماده‌بوان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.
«دەبێت دەوڵەتی تورکیا وه‌ڵامی جەماوه‌ری وەربگرێت»
ئیبراهیم عەلی زادە سكرتێری كۆمه‌ڵه - ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ڕایگه‌یاند، «هه‌ر گیانبه‌ختكردنێك دەبێتە هەوێنی پێشخستنی خەبات. پێشتر دەوڵەتانی سەردەست زۆر جار ڕێگه‌ی کوشتن و لەسێداره‌دان و تیرۆرکردنیان تاقی كردووه‌ته‌وه، بەڵام به هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشتوون. نەیان توانیوه کۆتایی بە گەلی کورد بێنن. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا به‌رانبه‌ر گەلی کورد دەیکات ناڕەوایە و دەبێت وه‌ڵامێکی جەماوه‌ری بەرین وەربگرێتەوە.»
هاوكات قادر ئیسرەوان نوێنەرێكی زەردەشتییەکانی باشووری کوردستان بەشداری له مه‌ڕاسیمه‌كه كرد و گوتی، «ئێمە وەک زەرده‌شتیانی کوردستان پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی تەواوی گەلی کورد و هه‌ڤاڵانی شەهید هەڵمـەت دەکەین. بە هەموو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له دۆزی شەهید دەکەین و هاودەنگین بۆ ئەوەی هیچ دەوڵەتێكی داگیرکەری کوردستان نه‌توانێت خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات. ئێمە وەک تاکێکی کوردی زەردەشتی بە هەموو شێوەیه‌ک به‌ره‌نگاری داگیرکەری ده‌بینه‌وه.»
پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر یەکێک بوو لە بەشداربوانی مه‌ڕاسیمی پرسه‌ی شه‌هید دیار غه‌ریب. ناوبراو گوتی، «ئێمە پرسەی سەره‌خۆشیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین. هیوادارین خوێنڕشتن کۆتای پێ بێت، چونکە ڕێگه‌ی ڕاست ئاشتییە. ده‌بێت کۆمەڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئەوە بزانێت ناوچەکەی ئێمە گرنگە. دەبێت ڕێ لە شه‌ڕ بگیرێت بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت بە دیموكراتی و ئاشتی گوزارشت لە خۆی بکات.»
هەروەها لە مه‌ڕاسیمی پرسه‌ی شه‌هید هه‌ڵمه‌ت (دیار غه‌ریب) لوقمان عبدوڵا ئەندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری کەجەکە پەیامی هاوسەرۆکایه‌تیی کەجەکەی خوێندەوە کا ئاراستەی خانەوادەی شەهید و ڕای گشتی کرابوو. كه‌جه‌كه له په‌یامه‌كه‌یدا به‌ڵێنی تۆڵه‌كردنه‌وه و سزادانی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی دابوو كه ده‌ستیان له شه‌هیدكردنی دیار غه‌ریب هه‌بووه.
خانەوادەی شەهید: شانازی به دیار غه‌ریب ده‌كه‌ین
هاوكات خانه‌واده‌ی شه‌هید دیار غه‌ریب ڕایگه‌یاند، « ئێمه وەک بنه‌ماڵه‌ی شەهیدی سەرکردە هەڤاڵ هەڵمەت هه‌میشه شانازیمان بە خەباتی هەڤاڵ هەڵمەت کردووە. هه‌میشه وره و مەعنەویاتی به‌رزكردووینه‌ته‌وه. بە شەهیدبوونیشی دەرک بەوە دەکەین كه وەک بنەماڵەی دوو برای شەهید ئەرکمان قورس‌تر بووە. بە پشتیوانی هەموو لایەک خەون و ئامانجەکانی هەڤاڵ هەڵمەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێگه‌ی ئازادیی کوردستان بەدی دێنین.»
خانه‌واده‌ی شه‌هید ڕاشیگه‌یاند، «ئێمە بڕوای تەواومان بەو تێکۆشان و شۆڕشە هەیە کە شەهیدی سەرکردە هەڤاڵ هەڵمەت پێشه‌نگایه‌تی بۆ دەکرد. خەمگینی و دڵته‌نگی ئێوە بۆ هەڤاڵ هەڵمەت و پشتیوانییەکانتان هه‌رگیز لەبیر ناکەین. ئازاری كۆستی شه‌هیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتتان له‌سه‌ر ئێمە کەم کردەوە. سه‌بووری و ئارامی زۆرتان پێ بەخشین.»
s.m