هاووڵاتییانى پەنابەر لە کامپی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور لە ژێر گوشار و گەمارۆى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)دان. ئاسایشی پەدەکە ماوەى ١١ رۆژە رێگا نادات دانیشتوانى مەخمور بچنە دەرەوەى کامپەکەیان و بڕۆن بۆ هەولێر.
ئەمڕۆ هاووڵاتییانى مەخمور خواستیان بۆ کۆتایهێنان بەو گەمارۆیە بە رێپێوان بڕۆن بۆ هەولێر، بەڵام پێش ئەوەى لە کامپەکە بڕۆنە دەرەوە لەلایەن هێزەکانى عێراقەوە بە چەندین زرێپۆش و دەیان سەرباز رێگە لە گەل گیرا و رێگایان نەدا هاووڵاتییان لە کامپەکە بێنەدەرەوە.
هاووڵاتییانى مەخمور لەسەر ئەو رێگرییە دەستەیەکى ٥ کەسیان دروستکرد و لەگەڵ بەرپرسانى عێراقدا کۆبوونەوە و دواتر لێدوانێکى کورتیان بڵاوکردەوە.
ئەو دەستەیەی هاووڵاتییانى مەخمور لە شوێنى رێپێوانەکە و لە بەرامبەر گەل دا وتەیەکیان پێشکەشکرد و رایانگەیاند، بەرێوەبەرانى عێراق تاکە هۆکار بۆ رێگرییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە مۆڵەتیان لەوان وەرنەگرتووە و لەبەر ئەوەش رێگا نادەن هاووڵاتییان لە کامپەکەوە بەرەو هەولێر بڕۆن. لەبەر ئەوەش بەردەوام دەبن لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ هێزەکەى عێراق دا.
ئەوەشیان راگەیاند، هاووڵاتییان مەخمور چالاکییە دیموکراتیکەکانى خۆیان بە شێوەى جۆراوجۆر درێژە پێدەدەن و بۆ ئەوەش دەستە ٥ کەسییەکەى هاووڵاتییانى مەخمور لەبارەى ئەو بابەتەوە لەگەڵ دیپلۆماسیى مەخمور و هێزە عێراقییەکان درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەن.
دواى رووداوى کوشتنى عوسمان کۆسەى ئەندامى میت لە ریستورانتى هۆقەباز لە هەولێر لە رۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٦ی پووشپەڕ، رێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتییانى مەخمور کرا و لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا گوشار و رێگریى جۆراوجۆر لە دژی هاووڵاتییانى مەخمور بەڕێوەدەچێت.
هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو ٢ گەنجە مەخمورییە لە بەردەستدا نییە، کە لەلایەن ئاسایشى پەدەکەوە دەستگیرکرابوون.
ر.م