هێزەکانی پەدەکە ئەمساڵیش نەیانهێشت تیمی رۆژنامەوانی Çira TV بچێتە شەنگال

ئەمڕۆ جەژنی جەمای شەرفەدینی کۆمەڵگای کوردانی ئێزدیە. تیمێکی رۆژنامەوانیی چرا تیڤی بە مەبەستی رووماڵکردنی رێورەسمەکانی ئەم جەژنە بە نیاز بوو سەردانی مەزاری شەرفەدین بکات، بەڵام هێزە چەکدارەکانی پەدەکە رێگەیان نەدا تیمە رۆژنامەوانیەکە بچێتە شەنگال.

ساڵانە لەم کاتەدا لە شەنگال، لە سەر مەزاری شەرفەدین کۆمەڵگای ئێزدی جەژنی جەما پیرۆز دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش کوردانی ئێزدی لە هەموو ناوچەکانەوە روو لە مەزار شەرفەدین دەکەن.

لە لایەکی ترەوە لە ساڵی ٢٠١٨وە تیمە رۆژنامەوانیەکانی چرا تیڤی کە کەنالێکی تەلەفیزیۆنی کۆمەڵگای ئێزدیە، هەر هەوڵێک دەدەن، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی پارتی دیمۆکراتیک کوردستان-پەدەکەوە رێگەیان پێنادرێت بچنە شەنگال.

بە هەمان شێوە ئەمڕۆش تیمە رۆژنامەوانیەکەی تەلەفیزیۆنی چرا بە مەبەستی رووماڵکردنی جەژنی جەما ویستی سەردانی مەزاری شەرفەدین بکات لە شەنگال، بەڵام لە لایەن چەکدارانی پەدەکەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت بچنە شەنگال.

ساڵی ٢٠١٨ تیمی رۆژنامەوانی چرا تیڤی بە مەبستی رووماڵکردنی دوایین رۆژی جەژنی جەما ویستی سەردانی مەزاری شەرفەدین بکات لە شەنگال، بەڵام لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە پەدەکەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت تیمە رۆژنامەوانیەکە رێورەسمی ئەو جەژنە روومان بکات. هاوکات دەست بەسەر کامێرا و کەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمی کەناڵی چرا تیڤیدا گیرابوو، دوای هەوڵێکی زۆر کامێرا و کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکە رادەستی ئەو رۆژنامەنووسانە کرابووەوە.

ز.ش