هەدەپە: ئەو هێزانەى مەخموریان کردووەتە ئامانج لە هێرشکردنە سەری بەرپرسیارین

هەدەپە لەبارەى هێرشی داعش بۆ سەر کامپی مەخمور رایگەیاند، هێرشەکەى داعش نیشانەى ئەوەیە، کە هەڕەشەى داعش سەرلەنوێ دەستیپێکردووەتەوە.

دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى هێرشی چەتەکانى داعش بۆ سەر کامپی مەخمور راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتووە، حکومەتى هەرێمى کوردستان ماوەیەکە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی مەخموو، هەروەها حکومەتى ئاکەپە ناوە ناوە کامپەکە دەکاتە ئامانج و هەڕەشە دەکات. لە دوایین حاڵەتەشیدا دوێنێ ئێوارە چەتەکانى داعش هێرشیان کردە سەر کامپەکە.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ئەوە هێرشەوە کەسێک لە کامپەکە گیانى لە دەستداوە و ٣ کەسی تریش بریندار بوون.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپە ئەوەش هاتووە "ئەوەش نیشانەى ئەوەیە هەڕەشەکانى داعش سەرلەنوێ مەترسیدار دەبنەوە. لە ئەنجامی تێکۆشانی قەسەدە دا لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا ئەو رێکخستنە دڕندەیە، کە بوو بووە بەڵا بۆ سەر مرۆڤایەتى لە ناوبرا، بەڵام بەهۆی هەوڵە داگیرکەرییەکان لە دژی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، داعش سەرلەنوێ زیندوو بوویەوە. داعش بەو هێرشە بۆ سەر مەخمور خواستى قەرزی ئەو هێزانەی کە لەسەر شانێتى بداتەوە.  هێرشی داعش لە دژی مەخمور وەک هێرشی ساڵانى رابردووە لە دژی کۆبانێ، کە وەک ئامانج بۆی دیاریکرا. ئەو هێرشە لە هەمان کاتدا هێرشی تۆڵکردنەوە لە دژی کورد، کە کورد بە رێگر لە بەردەم بڵاوبوونەوەى خۆی بەسەرتاسەری جیهاندا دەبینێت.

'هێزە نێونەتەوەییەکانیش بەرپرسیارن'

هەرچەند داعش بەرپرسی هێرشکردنە سەر کامپی مەخمورە، بەڵام ئەو هێزانەى کە هەوڵی داگیرکردنى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریایاندا سەرلەنوێ رۆحیان کردەوە بەبەری داعش دا و کوردیان کردە ئامانج. بەرپرسیاریى ئەو هێرشە هاوکات دەکەوێتە ئەستۆی هێزە نێونەتەوەییەکان، کە هێرشکردنە سەر کوردیان قبوڵکرد. ئەو هێرشە لە دژی مەخمور بە توندی ئیدانە دەکەین، کە مەخمورییەکان چەندین ساڵ لەوە پێش بەهۆی گوشاری تورکیاوە ناچار بوون لە تورکیا هەڵبێن و لە چۆڵەوانییەکاندا بۆ خۆیان گۆڕەپانێکى ژیانیان دروستکردووە.

بانگەواز

ئەو هێرشە نیشانەى ئەوەیە، کە شانە نوستوەکانى داعش بەڕێکوپێکى دەستیان کردووە بە جموجوڵ. ئەو هێزانەى کە لە دژی داعش تێدەکۆشن، دەبێت جارێکیتر قورسایى بخەنەوە سەر تێکۆشان لە دژ داعش، بۆ ئەوەى ئەو رێکخستنە بە تەواوی لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە و ئیدی نەتوانێت کردە دڕندانەکانی ئەنجام بدات و نەشتوانێت هیچ هەنگاوێک بۆ کارەکانى هەڵبگرێت".

ژ.ت