هەدەپەییەکان بێ وچان کار بۆ هەڵبژاردن دەکەن

پاڵێوراوەکانی پەرلەمان و هەدەپەییەکان بە ڕۆژ لەگەڵ گەل کۆدەبنەوە و ئێوارانیش سەردانی ماڵان دەکەن.

لەلایەکەوە پاڵێوراوی سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە بە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و لەلایەکی ترەوە هەدەپە سەرەڕای هێرش و زۆردارییەکان، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و خۆیان دەگەیەننە گەل.

شرنەخ

 ڕێکخستنی هەدەپە لە ناوچەکانی جزیر و ئەلکێ کار و خەبات بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات. پاڵێواروی پەرلەمان حوسێن کاچماز و کۆمەڵێک لە ئەندامانی هەدەپە سەردانى گوندی گەزنەخێ، کە تاکە گوندێکی سوریانیەکانە لە ئەلکێ، کرد. هەدەپەییەکانیش بە هەلهەلە و چەپڵەڕێزان پیشوازیان لێکرا. پاڵێوراو نوران ئیمیر-یش لەگەڕەکی نوری جزیر سەردانی ماڵانی کرد و وتی "ئیرادەی ئێمە ویژدان و دڵی ئێمەیە. دڵ و ویژدانی ئێمەش بۆ هەدەپەیە".

ئەدەنە

پاڵیواراوانی هەدەپە لە ئەدەنە تولای خاتیم ئۆگیولاری، بێریتان ئۆنەن، تورکان باقر و سەڤەر ئوزور، بە جلی فۆلکلۆرییەوە لەناو شارەکە برۆشوور و بڵاوکراوەیان بڵاوکردەوە. پاڵێوراوان لە گەڕەکی ساری حەمزالی و باخچەلی ئەڤلەریی ناوچەی سەیهان و یورەگیر و ناوەندی هەڵبژاردنیان کردەوە. لە گەڕەکی حوڕیەت لە ناوچەی سەیهان بە بەشداری تولای خاتیم ئۆگیولاری، ژنان ئاهەنگێکیان ساز کرد.

مێرسین

 کاروخەباتی هەڵبژاردن لەلایەن ڕێکخستنەکانی هەدەپەوە هەتا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. لە ناوچەکانی تارسوس، ئاکدەنیز، تۆرۆسلار، یەنی شەهیر و مەزیتلیی کۆبوونەوەی گەل رێکخرا و سەردانی کۆمەڵە و رێکخراوەکان کرا و ئاهەنگ ساز کران.

عوسمانییە

 پاڵێوراوانی هەدەپە لە عوسمانییە ئەحمەد ئەکەن، دەریا تورهان و موسلوم چاگان لەگەڵ بەڕێوەبرانی هەدەپە و دەبەپە لە گەڕەکی یونوس ئەمرە خوانی بەربانگیان دابەش کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بانگ لە هاووڵاتییان کرا کە خاوەنداریی لە دەنگ و سندوقەکانی دەنگدان بکەن.

ئەنتالیا

 هەدەپەییەکان لە ئەنتالیا خوانێکی بەربانگیان بۆ پێنج هەزار کەس ئامادە کرد. پاڵێوراوەکانی هەدەپە لە ئەنتالیا و پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان لە ئیزمیر نورەدین تورگای بەشدارییان لەو چالاکییانەدا کرد.

مانیسا

 پاڵیوراەکانی هەدەپە لەگەڵ پەرلەمانتاری هەدەپەی بەدلیس، مزگین ئیرگات سەردانی کۆمەڵەی پشتگیری و کلتوریی بەدلیسیان کرد. سەرۆکی کۆمەڵە جەودەت چیچەک خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی پاڵێوراوانی هەدەپە. سەرلەئێوارەش لە گەڕەکی تورگوت ئۆزال لە ناوچەی یونوس ئەمرە، بە بەشداریی هەزاران کەس میتینگێک ساز درا. سری ساکیک لە میتینگەکەدا وتاری پێشکەش کرد و وتی "هەدەپە بۆ تێکۆشانی دیموکراتی لە تورکیا، تاکە ئەڵتەرناتیڤە".

ئیزمیر

 پاڵێوراوانی هەدەپە تامەر ئایدین، سەرپیل کەمالبای، محەمەد ئاکەر و جێگرانی هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئیزمیر سەڤتاپ ئاکداگ، سەردانی ڕێکخراوی عەلەوییەکانیان و کۆمەڵەی جولەمێرگییەکانیان کرد.

ئایدن

 لە ناوچەی کۆشک لە ئایدن کۆبوونەوە لەگەڵ گەل ڕێکخرا. لە کۆبوونەوەکەدا بانگ لە دەنگدەران کرا پشتیوانی لە هەدەپە بکەن و خاوەنداریی لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن. پاش کۆبوونەوەکەش پاڵێوراوانی هەدەپە لەناو شارەکەدا برۆشوور و بلاوکراوەیان بلاوکردەوە و داوای پشتیوانییان لە هاووڵاتییان و کاسبکاران کرد.

دیلۆک

 ئاهەنگی گەنجانی ئەنجوومەنی گەنجانی دیلۆک لە هەدەپە گۆڕدرا بە میتینگی جەماوەرى بۆ هەڵبژاردنى هەدەپە. لە میتینگەکەدا پاڵێوراوی هەدەپە بۆ پەرلەمان محەمەد کاراییلان وتەی پێشکەش کرد و وتی "ئەو دەسەڵاتدارێتییە دەستی بە خوێن سوور بووە و  ناتوانێت ئاشتی بێنێتە ئاراوە. ئێمە ئاشتی لەم وڵاتە دەهێنینە دی و ئاشتى سەردەست دەکەین".

چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد 'تەژەئا' ئایشە گۆککان-یش دەستنیشانی کرد کە لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ تۆڵە لەو دەسەڵاتە دەکەنەوە کە شارەکانی کوردستانی وێران کرد و گەنجانی کوردی بە زیندوویی سوتاند.

ر.م