هەرێم مەحمود: ئامادەین قوربانیی بدەین

هەرێم مەحمود کە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولائۆجالان لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ٦٥ رۆژە لە مانگرتنی بێسنووردایە، وتی، بۆ ئەوەی گەلی کورد بە ئازادی بژی، ئەو ئامادەیە کە قوربانی بدات.

ئەندازیارهەرێم مەحمود لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن، هەرێم مەحمود کە لە ماوەیەکی زۆرە لەناوی خەباتی سیاسی دایە وتی: " من لە منداڵییەوە لە ڕێگەی باوکمەوە تێکەڵی سیاسەت و ڕێکخستن بووم، ئەو کاتە باوکم لەناو چالاکی ڕێکخستنیدا بوو، سەرپەرشتی هێڵێکی ڕێکخستنی دەکرد بەناوی (سۆمار)، کە تایبەت بوو شانەکانی ڕێکخستنی ناوچەکانی خانەقین وجەلەولا، باوکم لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەجێهێشت، من خۆشم لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ کە بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، لە زانکۆ لە ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کارم دەکرد، دواتر لە ٢٠١٥-٢٠١٦ لە گۆڕان دوور کەوتمەوە، دواتر فکری ئاپۆییم ناسی، پەیوەندیم کرد بە تەڤگەری ئازادییەوە، دوای پەروەردەیەکی فیکریی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەستم بە خەباتی ڕێکخستنی کرد".

فکری ئاپۆیی، تێگەیشتن بۆ شۆرش و ژیان

هەرێم مەحمود باسی لەوەش کرد کە لە ڕێگەی فکری ئاپۆییەوە تێگەیشتنێکی باشم پەیدا کرد بۆ ژیان، بۆ شۆڕش، بۆ ئەخلاقیی سیاسیی، درک پێکردنی هەڵەی ڕابردوو و دەرس وەرگرتن لە مێژوو.

ئەوەشی وت کە فکر و فەلسەفەی ئۆجالان، تەنیا خزمەت بە کورد ناکات، بەڵکو فکرێکی ئازادی-ئەخلاقی-کۆمەڵگاییە کە بۆ ئازادکردنی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشخراوە و خاوەنداری لێدەکرێت، هەربۆیە منیش توانیم خەباتێکی تازە لە باشوور پێش بخەم کە خەباتی مانگرتنە لەدژی گۆشەگیریی.

 مێژوومان لەبیر کردووە

سەبارەت بە خەباتی مانگرتن هەرێم دەڵێت، خەباتی مانگرتن لە باشوور ئێستا نامۆ دێتە بەرچاو، پێشتر ئەوخەباتە لە باشوورهەبووە بەڵام لە بیرکرابوو، یەکێک لە هەڵە زۆر گەورەکانی ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە مێژوو لەبیردەکەین، مێژوو نابێت هیچ کاتێک لەبیربکرێت، چونکە مێژوو واتە ڕابردوو، ئەمڕۆ، سبەینێ و داهاتوو.

دەنگی گەرمیانم گەیاندووەتە بە ئامەد

سەبارەت بە چالاکی مانگرتنەکەی خۆیشی دەڵێت، من هاتووم ئەو خەباتەم لە باشوور نوێ کردەوە، لە ڕێگەی ئەم خەباتەوە دەنگی گەرمیانم گەیاندە ئامەد و سنوورەکانم سڕیوەتەوە، پێویستە هەر تاکێکی ئازادیخوازیش بەوشێوەیە بیر بکاتەوە، چونکە ئەوەی ئازادی دەوێت، دەبێ خەباتی خۆی پێش بخات و دەنگی هەرچوار پارچەی کوردستان بگەینیتە یەک.

یەکدەنگیمان پێویستە

سەبارەت بە بنەمای مانگرتنەکەی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە ئێمەی کورد یەکدەنگ بین، ئەگەر یەکدەنگ نەبین کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی هیچ حسابێکمان بۆ ناکات، هەر لەسەرئەو بنەمایەش دەستم بە چالاکی مانگرتن کردووە لەدژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلان عەبدوڵڵا ئۆجالان کە خاوەنی فکر و فەلسەفە و ڕێبازێکە بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زوڵم و ستەم و گۆشەگیریی و ناعەدالەتی.

گۆشەگیریی پیلانێکی نیودەوڵەتییە

هەرێم مەحمود ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەبێ هەموومان بزانین کە گۆشەگیرکردنی کەسێکی وەکو ڕێبەرئۆجالان بێ واتا نییە و پیلانێکی نیودەوڵەتییە، دەبێ گەلی ئێمە لەوە تێبگات کە بۆچی ئەو سەرۆکە گۆشەگیر کراوە، بۆچی هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان گەلەکۆمێیان کرد بۆ دەستبەسەرکردنی و ئێستاش بۆ ماوەی بیست ساڵە گۆشەگیر کراوە.

هێزو ورەی خۆم لە لەیلا گیوڤەن و فکرەکەی وەرگرتووە

سەبارەت بە ئیرادە و ورەی خۆی  لە چالاکی مانگرتندا هەرێم ئەوە ناشارێتەوە کە وێڕای هەڕەشە و بەربەستەکان ئەو بەردەوام بووە، ئەوەش هەمووی پەیوەستە بەو هێز و ورەیەیە  کە من لە لەیلا گیوڤەن و ئەو فکرەی کە لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵانی دیکەی پێ پەروەردە کراوە وەرمگرتووە.

ک-ش