هەپەگە بانگەوازێکی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربازە دیلەکان کرد

ماهیر دەنیز فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، ئەگەر خانەوادەی دیلەکانی لای ئەوان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زیندوویی و تەندروستی ببینن، با حساب لە ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بپرسن، چونکە ئەو رژێمە جگە لە هەوڵی کوشتنی منداڵەکانیان هیچ شتێکی دیکە ناکات.

ماهیر دەنیز فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە – HPG) دانیشتنی خانەوادەی سەربازە بەدیلگیراوەکانی تورک لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە لە ئامەد و هەڵوێستی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە لەبەرامبەر بارودۆخی بەدیلگیراوەکان شیکردەوە.

دەوڵەتی تورک لێیان ناپرسێت

فەرماندە ماهیز دەنیز ڕایگەیاند، پۆلیس، سەرباز و ئەندامانی میت ٥ ساڵە لای ئەوان بەدیلگیراون و بەهۆی خەمی بنەماڵەکانیان دیمەن و قسەکردنیانمان بڵاوکردەوە، هەروەها هەموو ساڵێک بە بۆنەی جەژنەوە نامە بۆ بنەماڵەکانیان دەنێرن و وتی، "لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک و ڕای گشتیی تورکیا وەک ئەوەی ئەو پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میت بوونیان نەبێت کەس لێیان ناپرسێت."

دەیانەوێت بە هێرشی ئاسمانی بیانکوژن

فەرماندە ماهیز دەنیز ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میت هیچ شتێک ناکەن. هەوڵی ئاشکراکردنی شوێنەکەیان دەدەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بیانکوژن و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە ڕووی زەمینیەوە ناتوانن دەستیان پێیان بگات، هەوڵی شتێکی لەو شێوەیەدەدەن و هۆکارەکەشی دوو شتە:

* بە هێرشێکی ئاسمانی هەوڵی کوشتنی دیلەکان دەدەن، بۆ ئەوەی دواتر بە ڕای گشتی بلێن، پەکەکە پۆلیس و سەربازە دیلەکان دەکوژێت.

* تەنانەت بە پۆلیس و سەربازەکانیشیانەوە هیچ نرخێکی ژیانی مرۆڤەکان لە لای ئاکەپە – جەهەپە بوونی نییە.

فەرماندە دەنیز بەبیریهێنایەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک ٨ سەربازی تورک لە ئۆرەمار بەدیلگیران بەرپرسانی ئەو کاتەی ئاکەپە وتیان، 'لەجیاتی ئەوەی بەدیلیان گرتوون، بکوژرانایا باشتر بوو'. دەنیز وتیشێ، ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە هەمان عەقڵیەتی فاشیست هەوڵ دەدات پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی میت لەناوببات و بیانکوژێت.

ئەوانەی ئاڕاستەی بەرەکانی شەڕیان دەکەن، با خاوەندارییان لێبکەن

دەنیز ڕایگەیاند، هۆکاری گرتنی هێزەکانی دەوڵەت، بەشداریکردنیانە لە تاوانی شەڕ و مرۆڤایەتی کە ڕژێمی ئەردۆغان سەرکێشیی دەکات و لەدژی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت. لایەنێکی شەڕی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە یە. لەبەر ئەوە پێویستە ڕژێم خاوەندارییان لێ بکات. چونکە ڕژێم ئەوانی بۆ ناو دۆخێکی بەم شێوەیە ئاڕاستەکردووە.

دانیشتنیان لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە، بێکاریگەرە

فرماندە ماهیر دەنیز ئاماژەی بەوەدا، دانیشتنی خانەوادەکان لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە بێکاریگەرە و وتی، "ئەوانەی سەربازەکانیان دەستگیرکردووە، ئێمەین. ئێمە لایەنەکی شەڕەکەین. ئەگەر خانەوادەی دیلەکانی لای ئەوان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زیندوویی و تەندروستی ببینن، با حساب لە ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بپرسن. پرسیار لە ئەردۆغان بکەن، بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانتان چی دەکات؟ بپرسن، بەڵام وڵامتان نادرێتەوە، لەبەرئەوەی هیچ شتێک ناکەن. وەک وتم، دەوڵەت و هەواڵگری هەوڵی ئاشکراکردنی شوێنەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی بیانکوژن. لە ئێستاشدا ئێش و ئازاری بنەماڵەکان بەکاردەهێنن. پێویستە کەس نەکەوێتە تەڵەکەیانەوە، پێویستە سیاسەتی ئەردۆغان ببینن.

بۆچی دەیانەوێت بیانکوژن، با پرسیاریان لێبکەن

فەرمانداری هەپەگە وتی، "ئێمە بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێین. ئەگەر شتێک بە سەر دیلەکان بێت، بەرپرسەکەی ئەردۆغان و ئاکەپە – مەهەپە یە. خانەوادەکان پێویستە بە ئاکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان بڵێن، بۆچی دەیانەوێت منداڵەکانیان بکوژن. لەبەرئەوەی ڕژێم هەوڵی کوشتنیان دەدات و پێویستە هوشیار بن."

بەو شێوەیە ناتوانن منداڵەکانیان ببینن

دەنیز بۆ ئەو خانەوادانەی کە دەڵێن منداڵەکانمان لە شاخە و لەلایەن میت و ئەمنیەتەوە لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە دانراون، وتی، "بە حساب ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات، بۆ گەیشتنی دایکان بە منداڵەکانیان چاودێری دۆخەکە دەکات. ئایا ئەو کەسەی هەموو دەرفەتەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی گەریلا بەکاردەهێنێت کێیە؟ باشە ئەو دەوڵەتە نییە کە بۆ لەناوبردنی گەریلایەک هەموو تەکنیک و بە ملیاران لیرە بەکاردەهێنێت؟ دەوڵەتێک کە بەدوای کوشتنی پۆلیس و سەرباز و ئەندامانی هەواڵگرییەوە بێت، ئایا پشتگیری لە بنەماڵەی گەریلایەک دەکات. ئاشکرایە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک خەمێکی لەو جورەیان نییە. ئەوانەی دەڵێن، ئێمە خانەوادەی گەریلاین، پێویستە ڕاستییەکە ببینن و نەکەونە تەڵەی حکومەتەوە. بەو شێوەیە ناتوانن منداڵەکانیان ببینن. وەک ئەوەی فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندیمان ڕایگەیاند، لەو شوێنە نەک ١٠ ڕۆژ. ١٠ ساڵیش دانیشن، منداڵەکانیان ناگەڕێنەوە."

سەرباز و پۆلیس و ئەندامانی میت

ئەرهان پەکچەتین سەرۆکی کاروباری جیاکاریی ئەتنیکی میت و ئایدن گیونەل سەرۆکی سەرچاوە مڕۆییەکانی میت ٤ی ئابی ٢٠١٧ / ١٣ی گەلاوێر لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە شاروچکەی دوکانی سەر بە سلێمانی دەستگیرکران و بێجگە لەوانیش ٩ پۆلیس و سەربازی تریش لە دەستی هێزەکانی گەریلادان. ئەو پۆلیس و سەربازانەش بریتین لە:

سەدات سورگیون: خەڵکی ئەرزەڕۆمە. لە گرتووخانەی شاری وان سەربازی دەکرد و ٥ ساڵە بەدیلگیراوە.

ئۆمید گجر: خەڵکی بالیکەسیرە. لە جەندرمەی ناوچەی چوکورجا دامەزرێنرابوو و ٣ ساڵە بەدیلگیراوە.

سەمیح ئوزبەی: خەڵکی مەلەتییە. کاتێک بۆ مۆڵەتوەرگرتن لە دێرسیم بەرەو مەلەتی دەڕوویشت دەستگیرکرا و ٤ ساڵە بەدیلگیراوە.

عادل کاباکلی: خەڵکی عوسمانییەیە. لە ئەتیمەسگووتی ئەنقەرە پەروەردەی تەواو کرد و کاتێک بەرەو دێرسیم بەڕێکەوتبوو  دەستگیرکرا و ٤ ساڵە بەدیلگیراوە.

موسلوم ئاڵتینتاش:خەڵکی ڕوحایە و لە دێرسیم دەستگیرکرا و ٤ ساڵە بەدیلگیراوە.

مەولد قەهوەچی: خەڵکی ئەسکیشەهیرە. کاتێک لە چەلێ دەچوو بۆ جۆلەمێرگ دەستگیرکرا. ٣ ساڵ لەمەوبەر بەدیلگیرا.

سەدات یابالاک: خەڵکی مێرسینە. لە ڕوحا پۆلیس بوو. کاتێک لە ئەرزەڕۆم دەچوو بۆ ڕوحا لە ڕێگەی ئامەد - لیجە بەدیلگیرا و ٤ ساڵە دەستگیرکراوە.

سولەیمان سونگور: خەڵكی سێرتە. لە چەولک سەربازیی دەکرد. ٤ ساڵ لەمەوبەر لە ڕیگەی ئامەد - لیجە دەستگیرکرا.

حوسەین ساری: خەڵکی مەڕعەشە. لە ساریقامیش چاووشی پسپۆڕ بوو. ٤ ساڵ لەوە پێش و لە کاتی چوونی بۆ مەڕەش دەستگیردەکرێت.

ژ.ت