هەپەگە لەبارەی سیخوڕێک بەناوی جۆتیار موحسین حسێن زانیاری بڵاوکردە

هەپەگە لەبارەی سیخوڕێک بەناوی جۆتیار موحسین حسێن زانیاری بڵاوکردەوە کە بەهۆی ئاشکراکردنی ژمارەیەک هەرێم بۆ دەوڵەتی تورک بووەتە هۆکاری ئەوەی کە فڕۆکە جەنگیەکان هەرێمەکان بۆردومان بکەن.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەوبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم شێویەیە:

"کەسێک بە ناوی جۆتیار موحسین، تاوانی سیخوڕی ئەنجامداوە و زانیاری لەبارەی جێگەی گەریلاکانمانی داوەتە دەوڵەتی تورک و فڕۆکەکانیش هەرێمەکەیان بۆردومان کردووە و لە لایەن گەریلاکانمانەوە دەستگیرکراوە. ئێمە وەک پەکەکە هێزی فیدایی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری و بەها بنەڕەتیەکان تێدەکۆشین. با گەلە هێژاکەمان لە باشووری کوردستان باش بزانێت کە ئێمە کەسە بێتاوانەکان دەستگیرناکەین و بێهۆکار زیان بە کەس ناگەیەنین. هەڵوێستمان هەموو کاتێک بە گوێڕەی دڵسۆزی و ڕاستی گەلی کوردە.

بەڵام هەندێک کەسی لاوازی وەک جۆتیار موحسین بۆ چەند قوڕوشێک دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور دەکەن و ڕاستیەکانی پێچەوانە دەکەنەوە. بەرپرسیاری ئەو دۆخەی جۆتیار موحسین دەکەوێتە ئەستووی ئەو کەسانەی کە کاری سیخۆڕیان بەسەردا سەپاندووە و خستوویانەتە ناو ئەم کارە قێزەونە. خانەوادەی جۆتیار و کەسوکاری و گەلی هێژای بەهدینان کە لەم دۆخە نیگەرانن، پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە جۆتیاریان خستووەتە ناو ئەم دۆخە و یەخەی ئەوان بگرن. جۆتیار حسێن لە هۆزی بەرواریە. چەندین ساڵە ئێمە و هۆزی بەرواری لەناو یەکتریداین و هیچ کاتێک خرابەمان لەوان نەبینیەوە. بەڵام هەندێک کەس کە لەگەڵ میتی تورک کار دەکەن، هەوڵ دەدەن گەنجان بکەنە سیخوڕ. گەلی هێژای بەهدینان و هۆزی بەرواری پێویستە بەو کەسانە هەڵنەخەڵەتێن و خاوەنداری لە گەنجەکانیان بکەن. ئەو ڕاوکەرانەی مرۆڤ لەبەرانبەر پارە، دەستیان بە خوێنی گەنجانی کورد سوور دەکەن. گەلی بەهدینانمان کە لە خەبات و تێکۆشانی ئازادی کورددا باجی گەورەیان داوە، پێویستە ئاگاداری ئەو کەسانە بن و ڕۆڵەکانیان لەناو چنگی ئەو کەسانە ڕزگار بکەن.

پێویستە گەلی هێژای باشووری کوردستان لەدژی ئەو کەسانەی هاوکاری دوژمنی داگیرکەر و قڕکەر دەکەن، کاری هەواڵگیریان لەگەڵدا دەکەن، لە بەرانبەر پارە خۆیان دەفرۆشن و سیخۆڕی لەسەر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە دەکەن و کورد بە دەستی کورد بە کوشتن دەدەن، خاوەن هەڵوێست بن."

ف.ق