هەپەگە: ٥ سەرباز کوژران و ٢ كۆپته‌ریش پێکران
هەپەگە ئاشکرای کرد، رۆژی ١ی ئایار لە ناوچه‌ی ئیدر گه‌ریلاكان چالاکییەکیان كردووه و لانی کەم ٥ سەرباز کوژراون و دوو كۆپته‌ریش پێکراون.
هەپەگە ئاشکرای کرد، رۆژی ١ی ئایار لە ناوچه‌ی ئیدر گه‌ریلاكان چالاکییەکیان كردووه و لانی کەم ٥ سەرباز کوژراون و دوو كۆپته‌ریش پێکراون.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ڕاگەیه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و ئه‌نجامی چالاكییه‌كانی گه‌ریلا و هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ری ئاشكرا كرد. به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه، لە چوارچێوەی هه‌ڵمه‌تی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕیدا له ئیدر چالاكییه‌كی به‌رفره‌وان كراوه.
لە ڕاگەیه‌نراوەکەدا هاتووە: «لە چوارچێوەی هه‌ڵمه‌تی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕیدا، کە لە هەرێمی سەرحەد بەردەوامە، کاتژمێر ١٢:٢٠خولەکی ڕۆژی ١ی ئایار لە ناوچەی باشان-ی سەر بە ئیدر هێزەکانمان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر چالاکییەکی بەرفراوانیان ئەنجام دا. هێزەکانمان ئەو کاروانەی دوژمنیان کردە ئامانج کە لەسەر ڕێگه‌ی سه‌ربازگه‌ی ئایدنلار بوو. هاوکات گورزی تووندیان لە ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆشی جۆری كیرپی دا. بەهۆی تووندی گورزه‌كه ئۆتۆمبێله‌كه په‌كی كه‌وت. دواتر هێزەکانی دوژمن بە ٢ كۆپته‌ری جۆری ئاتاك بەهاواری هێزە پێکراوەکەیان هاتن. بەڵام هێزەکانمان گورزی تووندیان لە هەردوو كۆپته‌ره‌كه‌ش وەشاند. بەهۆی پێکرانەکەیانەوە، یەکێک له كۆپته‌ره‌كان ناچاربوو به‌په‌له لە بنكه‌ی ئایدنلار بنیشێتەوە. چارەنووسی كۆپته‌ره‌كان هێشتا دیار نییە. هەربۆیە سوپای تورکی داگیرکەر بۆردومانێکی کوێرانەی گۆڕەپانی چالاکییەکە و دەوروبەرەکەی کرد. دواتر لەو ناوچەیە پاشەکشەی کرد.»
هه‌په‌گه ڕاشیگه‌یاند، «سەلمێنرا کە لە چالاکییەکەدا بەگشتی ٥ سەربازی دوژمن کوژراون بەڵام پێشبینی دەکرێت کە ژمارەی كوژراو و بریندارانی سوپای توركی داگیركه‌ر زیاتر بێت. هێزەکانمان لەم چالاکییەدا هیچ زیانێکیان پێ نه‌گه‌یشتووه.»
هێرشە ئاسمانییەکان
لە ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هەپەگەدا ئاماژه به هێرشی فڕۆکە جه‌نگییه‌كانی سوپای تورک كراوه و تیایدا هاتووە فڕۆكه جه‌نگییه‌كان دوێنێ (١ی ئایار\١١ی گوڵان) بۆردومانی هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیایان كردووه و به‌هۆیه‌وه زیان بە باخ و زەوییەکانی گوندنشینان گەیاندووە. ڕاشیگه‌یاند له‌و بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به گه‌ریلاكان نه‌گه‌یشتووه.
«لەنێوان کاتژمێر ١١ - ١٤:٣٠ ناوچەی خانتوری حەفتانین، کاتژمێر ١٢:٢٠ ناوچەی مامڕەشۆی ئاڤاشین، لە نێوان کاتژمێر ٢٢ - ٢٣ دەوروبەری گوندەکانی بۆکریسکان، ئێندزێ، سولێ، قۆمتا، کوزینه، گەلی بەدران، گردی ساڤاش، گردی هیوا، کورتەک، کارۆخ و قەڵاتووكان-ی قەندیل بۆردومان کران.»
s.m