ئامەد و دیرۆک ڕایانگەیاند، ئەوان لە ناوچەى شەهید کەنداڵ لە ئامەد، فەرماندە چیاگەریان ناسیوە و وتیان "هەڤاڵێکى زۆر دڵخۆش و بە ورە و پڕ لە جوڵە بوو. هەر کات بهاتایە بۆ لامان، ئێمە ورەیەکى زۆر گەورەمان لێوەردەگرت. ورە و هێزى دەدا بە دەورووبەرەکەی".
هۆگر دیرۆک و حەقى ئامەد لەبارەی بەرخۆدانى ناوچەى سوورى ئامەدەوە باسى فەرماندە چیاگەر، فەرماندەى ناوچەى سووری ئامەدەوە بۆ ئاژانسەکەمان (ئاژانسى هەواڵی فورات - ANF) کرد.
ئێوە چۆن چیاگەرتان ناسی؟
هۆگر دیرۆک لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا وتى: لە ساڵى ٢٠١٤ و لە دواى پەروەردە، ئێمە لەلایەن هەڤاڵ چیاگەرەوە ئەرکدارکراین. هەڤاڵان بە بەردەوامى باسى چۆنیەتیى بەڕێوەبردنى، تاکتیکەکانى لە شەڕدا، چالاکییەکانی، فەرماندەیى کردنی لە شارەکاندا دەکرد. لەبەر ئەوەش هەر هەڤاڵێک لەگەڵیدا بچویایە بۆ چالاکى، زۆر دڵخۆش دەبوو و بە ورە و هێزێکى زۆرەوە لەگەڵیدا دەڕۆیشت. کاتێک ئێمە خۆمان چووینە ناوچەی شەهید رۆژهات وتم، من دێم بۆ ناوچەى سوور، لە دواى کۆبوونەوە بڕیاردرا کە منیش بڕۆم بۆ سوور. لە ماوەیەکى زۆر کەم لە دواى گەیشتنى من بۆ سوور، هەڤاڵ چیاگەریش گەیشتە سوور. هاتنى ئەو بۆ ڕێکخستنى هەڤاڵان و بەڕیوەبردن و فەرماندەیکردن زۆر بەسوود بوو. کاتیک چیاگەر هاتە سوور، ئەو ناوچانەشى کە لە دەستى ئێمەدا نەبوو، ئێمە کۆنتڕۆڵمانکردن و بەوەش سنوورى ئێمە بەرفروانتر بوو.
هەڤاڵ چیا گەر هەم بە هەڤاڵێتى و هەم بە پێشەنگایەتییەکەى کەسێکى نمونەیى بوو. پێشبینییەکانى زۆر ورد و بەهێزبوون. هەموو کات ئامادەکاریى بۆ هەموو پێشهات و ڕووداوێک هەبوو. یانى بۆ هەموو دۆخێکى باش و خراپ ئامادەبوو. هەموو کات گەنجانى ئاگادار دەکردەوە بۆ ئەوەى ئاگایان لە خۆیان بێت و خۆیان بپارێزن. ورەى پێ دەدان و شەڕی دەکرد.
ئەو سەنگەرانەى کە زۆرترین شەڕ و بەرەنگارییان تێدا کرا، ئەو سەنگەرانە بوون، کە هەڤاڵ چیاگەریان تیادا بوو. ئەو شوێنەى هێرشى زۆرى دەکرایە سەر و هەڤاڵان تواناى مانەوەیان لەو شوێنەدا نەدەما، هەڤاڵ چیاگەر ئەو هەڤاڵانەى دەکشاندەوە و خۆى لەگەڵ ٢ هەڤاڵدا دەڕۆیشت و جگە لەوەى ڕێگای نەدەدا شوێنەکە بکەوێتە دەستى دوژمن ناوچەى ترى لە دەستى دوژمن دەردەهێنا و سنوورەکەى بۆ هەڤاڵان فراوانتر دەکرد. ئەو شوێنەى هەڤاڵ چیاگەری تیادا بوایە، نەک دوژمن نەیدەتوانى یەک هەنگاو بێتە پێشەوە، بەڵکو پاشەکشەى بە دوژمنیش دەکرد. وتە و کرداری هەڤاڵ چیاگەر یەک شت بوو. ئەوەى دەى وت، جێبەجێى دەکرد. لەبەر ئەوەش زۆر خۆشەویست بوو.
ئەنجامەکە شکۆمەندانە دەبێت...
هەڤاڵ چیاگەر بیرى لە دواڕۆژ دەکردەوە و کێشەیەک هەبوایە چارەسەرى دەکرد و بیرکردنەوەشى بۆ دواڕۆژ دەخستەبوارى کردارییەوە. بەڕاستى کاتێک مرۆڤ ئێستا سەیری ئەو دۆخە دەکات، ئەوەى بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هەڤاڵ چیاگەر نەبوایە، ئەو دۆخە ئەنجامى پێچەوانەى لێدەکەوتەوە. ئەو ئەنجامەش لەلایەک بۆ ئێمە و لەلایەک بۆ گەل بە تەواوەتى پێچەوانە دەبوویەوە، چونکە ئەوە روونە، کە ئامەد بۆ ئێمە مانایەکى تایبەتى هەیە. ئامەد پایتەختى کوردستانە. شوێنى دامەزراندنى پەکەکەیە، شوێنى بەرخۆدانى زیندانە. بە ڕاستى ئەوەى دەکەوتە سەرشانى هەڤاڵانمان و بە تایبەت ئەوەى کەوتە سەرشانی هەڤاڵ چیاگەر تاوەکو دوا هەناسە جێبەجێیان کرد. کاتێک ئێمە لە کۆتایى نزیک بووینەوە و سەربارى ئەوەى کە هیچمان نەمابوو و ژمارەیەکى زۆر هەڤاڵى برینداریشمان هەبوو، بەڵام هەڤاڵ چیاگەر دیسانەوە دەیوت، ئەنجامەکەى گەش و پرشنگدار دەبێت.
ئەنجامەکەشى ئەوەبوو، کە دوژمن بۆ ماوەى ٦ مانگ نەیتوانى بچێتە سوور. شەڕیش لە دەرەوەى سوور و لە ناوچەکانى جزیر، هەزەخ، نسێبین، شرنەخ و گەڤەر... دەکرا. بەڕاستى هەڤاڵ چیاگەر ئەوەى خوڵقاند، کە دوژمن لە سوور تێکبشکێت. سەرچاوەى شکستى دوژمن ئەوە بوو. سەربازە لوتبەرزەکانیان لە بەرامبەر ئەو گەنجە دڵپاکانە شێت بوو بوون. لە نسێبین ئەوەش بەسەر دوژمندا هات. کاتێک دوژمن هات بۆ سوور، بۆ ئەوە هاتبوون، کە لە چەند ڕۆژدا کۆتایى بە سوور بهێنن. کاتێک لێرە (سوور) تێکشکان چوون بۆ نسێبین و ئەوەى لە سوور بەسەریاندا لە نسێبینیش بەسەریاندا هات. هەڤاڵ چیاگەر ئەوانەى دەزانی و دەیبینی. تێکشکاندنى دوژمنى بینى و لەبەر ئەوەش دەیوت ئەنجامەکەى هەر چیەک بێت ئەنجامێکى شکۆمەندانە دەبێت. ئەو تێکشاندنەى دوژمن بە هاربوونى دوژمندا دیاربوو، چونکە هێرشى دەکردە سەر هەموو لایەک و هەموو شوێنێک و ماڵى هاووڵاتیان. ئەوەى کە ئەمڕۆ بۆ سڕینەوە و لەناوبردنى گەلى کورد بەڕێوەدەچێت، دوژمن لە ساڵى ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە. ئەو سوپایە لە بەرامبەر ورەى ئەو گەنجانەدا تێکشکا، بەڵام دوژمن بۆ ئەوەى شکستەکەى خۆى بشارێتەوە و ورەش بەرخۆى بداتەوە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانمان لە ڕۆژئاواى وڵات.
نابێت گەلەکەمان ئەوەى لە بیر بچێت، کە ئەو دەوڵەتە ٥ بۆ ٦ مانگ لەبەرامبەر ١٠ گەنجدا شەڕى دەکرد. هەموو شوێنێکى ڕووخاند و دواى ئەوە توانیى بچێتە شارەکەمانەوە.
حەقى ئامەد، ئێوەش لەگەڵ هەڤاڵ چیاگەر بەشدارى بەرخۆدانى سوور بوون، ئێوە لەو بارەیەوە چى دەڵێن؟
حەقى ئامەد وتى: من هەڤاڵ چیاگەرم لە سوور و لەکاتى شەڕی سووردا ناسى. کاتێک تازە گەیشتبوو، وتى هەڤاڵان دەبێت ئێمە سنوورەکەمان فراوان بکەین. لەگەڵ گەیشتنى بۆ شارەکە و شێوەى کارکردنى، مرۆڤى والێدەکرد، کە بڵێت هەڤاڵ بۆ ئەو کارە ئامادە کراوە. ئەو ئامادەکارییەش بە کرداریدا دیار بوو. بە کردارەکانیدا ئەوە دیاربوو، کە ئەوە تەنها شەڕێکى چەکدارى نییە، چونکە چەک و تەقەمەنییەکانی ئێمە تەنها بەشى ١٥ رۆژ شەڕی چەکداریى دەکرد، بەڵام هەڤاڵ چیاگەر ئەوەى پیشانداین، کە ئەو شەڕە شەڕی ورە و ئیرادەیە نەک شەڕی چەکداری.
تایبەتمەندییەکى هەڤاڵ چیاگەر کە زۆر کاریگەریى لەسەر من دروستکرد، نزیکایەتى و هەڵسوکەوتەکانى بوو بۆ قازانجکردنى مرۆڤەکان. هەر چۆنێک بوایە هەرگیز کۆڵى نەدەدا لە هەوڵەکانى بۆ قازانجکردنى مرۆڤەکان و تا دوایى هەوڵى بۆ ئەو کارە دەدا. وتەیەکى سەرۆکایەتى هەیە، کە دەڵێت "ئەگەر مرۆڤێک هەموو جەستەى بووبێت بە ژێر قوڕەوە و تەنها تاڵە قژێکى نەبووبێت بە ژێر قوڕەوە، دەبێت تۆ بەو تاڵە قژە ئەو کەسە ڕزگار بکەیت" هەڤاڵ چیاگەر رۆژانە و بە بەردەوامى بە وتە و بە کرداری خۆی ئەو وتەیەى جێبەجێ دەکرد. هەڤاڵانى گەنج زۆر بوون، بەڵام هەڤاڵ چیاگەر ورەیەکى زۆر گەورەى بە هەڤاڵە بریندارەکان دەبەخشی.
هەڤاڵ چیاگەر تاکتیکەکانى بۆ شەڕ زۆر زۆر بوون. سی فۆرى بۆمبێکى بچووکى دەردەهێنا و مینێکى لێدروست دەکرد. هەروەها لە هێرشکردندا زۆر پسپۆڕ بوو. بەڕاستى لە ڕووی تاکیکى شەڕەوە فەرماندەیەکى گەورە بوو. هەم لە ڕووى ورە و هەم لە ڕووى ئازاییەوە هەموو کات وەک پێشەنگێک بوو. لە کام یەک لە سەنگەرەکاندا شەڕ قورس بوایە، هەڤاڵ چیاگەر لەوێ دەبوو. ڕۆژانە بەسەر سەنگەرەکاندا دەگەڕا. هەڤاڵ چیاگەر ئەندامى هێزى تایبەت (هێزى تایبەتى گەریلا) بوو، بۆیە هەموو کات هەم لە ژیان و هەم لە شەڕەکانیدا بە فەداکارییەکانییەوە و هەروەها لە پێشەنگایەتیکردنیدا خاوەنداریى لە ناسنامەى خۆى، واتە ناسنامەى هێزى تایبەت دەکرد. هەموو کات دەیوت هەتا ماڵێکیش مابێت ئێمە شەڕ دەکەین. بەڕاستیش هەر وابوو. هەتا دوایین ماڵ ئێمەش مایەنەوە. لە کۆتایدا من و ٣٧ هەڤاڵ چووینە ژێرزەمینەکانەوە، چونکە دەرفەتى شەڕ نەمابوو. هەڤاڵ چیاگەر پێى دەوتین، کشانەوەى نییە. بەڕاستیش هەر وایکرد. هەر یەک لە قسەکانى مێژوویەک و هەموو کردارەکانى بۆ ئێمە نمونەیى بوون.
هەڤاڵ چیاگەر هەڤاڵێکى دەەم بە پێکەنین بوو. بەڕاستى کاتێک دەچوو بۆ هەر سەنگەرێک، مرۆڤ وا هەستى دەکرد ورەى لێدەبارێت و ورەى دەبەخشى بە هەڤاڵەکانی. لەو کاتەوە ئێمە لە نزیک مەنارەى چوار لنگ یەکترمان بینی و لە کاتەکانى تریشدا، بەڕاستى هەرگیز دڵى هەڤاڵێکى زویر نەکرد. وتەیەک هەیە دەڵێت "میلیتان (جەنگاوەر) ئەو کەسەیە، کە لە شتەکان تێدەگات و جێبەجێیان دەکات. هەڤاڵ چیاگەریش لە چى تێبگەیشتایە ئەوەى بە کردار جێبەجێ دەکرد. هەموو کات لەگەڵ هەڤاڵان بوو، پشت و پەنایان بوو. هەر چییەکى بزانایە فێرى هەڤاڵانى تریشى دەکرد.
ر.م