وتنەوەی 'ساڵح ئەفەندی'-ش بە تاوان لەقەڵەمدرا

ئایشە میناز هاوسەرۆکی شارەوانی توشبا کە بەرامبەر ساڵح ئاکمانی ئاکەپەیی کە بە زۆر وەک سەرۆک شارەوانی دامەزرێنرا، وشەی 'ساڵح ئەفەندی' بەکارهێنابوو، دوای ١٠ مانگ تاوانبارکرا.

ئایشە میناز هاوسەرۆکی شارەوانی توشبا ڕۆژی هەینی لە وان دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی وتەکانی ئازاد کرا، قسەکانی ئایشە میناز لە ئەنجومەنی شارەوانی کە وتبووی 'ساڵح ئەفەندی' وەک تاوان لەقەلەمدرا.

ئایشە میناز و ییڵماز بەرکی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکاندا وەک هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی توشبای وان هەڵبژێردران. لەگەڵ ئەوەی دەنگێکی زۆریان بەدەستهێنا، ییڵماز بەرکی بە یاسای ، حوکمی یاسا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و ساڵح ئاکمەنی ئاکەپەیی لە جێگەی دانرا.

ئایشە میناز لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیدا رایگەیاندبوو، "مامۆستا ساڵح کاتێک تۆ مامۆستای من بووی ، بە ئێمەت دەوت، پێنووس و لاستیکی هاورێکانتان نەدزن. وادیارە لەناو سیستمدا بوویتە دزێکی گەورە، بەڵام ئاگات لە خۆت نییە. وایە دەست لەسەر ئیرادەی گەل دادەنێن، لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دادەنیشن. ئێوە قوربانی سەڕدەبڕن و دێن بۆ شارەوانی. ئایا ئێوە لە کام ئایین؟ باشە ئێوە لەو بڕوایەدان بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی گەل دەتوانن لەسەر کورسی دانیشن؟ ئێوە سەرۆک شارەوانی ئەم گەلە نین. ئەو کورسیەی ئێوە لەسەری دانیشتوون ، کورسی من و ییڵماز بەرکی نییە، کورسی گەلە. ئێوە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنن. من ڕێز لەم ئەنجومەنە ناگرم. من بە تۆ دەڵێم 'ساڵح ئەفەندی'. ئێوە لە لایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دامەزرێنراون، نەک هەڵبژێردراون."

١٠ مانگ بەسەر ئەوم قسانەدا تێپەڕی، بەڵام پۆلیس ئەو قسانەی لەبیرنەکرد. سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی میناز. دەرگای ماڵی مینازیان شکاند و دواتر دیمەنەکانی شکاندنی ماڵی میناز لە ڕاگەیاندنی تورکیا وەک ئەوە پیشاندرا کە ئۆپەراسیۆن کەدژی پەکەکە ئەنجامدراوە. لە بنکەی پۆلیس ئەم پرسەیان لە میناز کرد 'بۆچی بەم شێوەیە قسەت کرد، بە فەرمانی کێ ساڵح ئاکمەنت بچووک خست؟.

بۆچی ئاکمەنت بچووک خستووە؟

ئایشە میناز لەبارەی وتەکانیەوە قسەی کرد و وتی، "لە بنکەی پۆلیس فشاری دەرونیان لێدەکردم. لە بەرامبەر شوێنی دەستبەسەرداگرتندا، پۆلیسەکان دەیانوت، مافی هەموو کەسێکە شانسێکی پێبدرێت و بەم شێوەیە فشاری دەرونیان دروست دەکرد. لە کاتی وەرگرتنی وتەکاندا هیچ شتێک لەبەردەستیان نەبوو کە پرسیار بکەن. بە تایبەتی باسی قسەکانمیان لە ئەنجومەنی شارەوانی کرا و وتیان، 'بۆچی ساڵح ئاکمەت ئەوەندە بێنرخ کرد. ئەوەت بە فەرمانی کێ کرد.' ئامانجیان ئەوەیە کارەکانمان تێکبدەن. لەگەڵ هەموو شتێک لە گۆڕەپانی دیموکراتیدا تێکۆشان بەردەوام دەبێت."

ف.ق