١٥ گوندنشین بە تۆمه‌تی سیخووڕی زیندانی كران

١٥ کەس له‌ گوندنشینانی سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی وان کە لەسەر سنوور بازرگانی دەکەن، بە بیانووی سیخووڕیکردن بۆ ئێران زیندانی كران.

هەفتەی رابردوو لە شاری وان سەربازانی تورکیا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵان و ٤١ کەسیان دەستگیر کرد. ١٥ له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ بە بیانووی سیخووڕی کردن بۆ ئێران زیندانی كران. گوتنی «ئەمانەتەکەی من لەبیر مەکە» کە لە پەیوەندییە تەله‌فۆنییەکانیاندا بەکارهاتووە، وەکوو کاری سیخووڕی لێکدانەوەی بۆ کراوە.

لە ١٤ی ئایار/٢٤ی گوڵان سەربازان هەلیانکوتابوویه‌ سەر گوندەکان. له‌ ئۆپەراسیۆنه‌كه‌دا كه‌ گوندەکانی باکشک و توورگال-ی گرته‌وه‌، ٤١ کەس ده‌ستگیركران. پاش ٤ ڕۆژ دەستبەسەركردن ئه‌و گوندنشینانه‌ برانه‌ بەردەم دادوەر. بە تۆمەتی سیخووڕی كردن ١٥ كه‌س زیندانی كران و ٢٦ کەسیش بە مه‌رجی پشكنینی دادی ئازاد کران.

دەیانەوێت گوندەکانی سەر سنوور چۆڵ بکرێن

له‌م دواییانە گوشاری تووند لەسەر گوندنشینان هەیه‌. بەتایبەتی زه‌ختی زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر گوندی توورگالی سەروو کە له‌ ڕابردوودا کۆمەڵکوژیی «٣٣ گوله‌»ی لێ کراوه‌. گوندنشینەکان ده‌ڵێن: پێشتر له‌ سنوور ده‌په‌ڕینه‌وه‌ و دەچووین سووته‌مه‌نیمان دەهێنا. لە ماوه‌ی ٢٠ ساڵی ڕابردوو ٢٠٠ کەس له‌و كه‌سانه‌ كوژراون كه‌ ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد. (ده‌وڵه‌ت) دەیانەوێت ئێمە موحتاجی خۆیان بکەن. سه‌ربازگه‌ تەلی دڕکاوی و دیواری داناوه‌. ئێستاکەش بە سیخووڕی كردن تاوانبارمان دەکەن. دەیانەوێت گوندەکانی سەر سنووری ئێران چۆڵ بكرێن. گوتنی «ئەمانەتەکەی من لەبیر مەکه‌» له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانی گوندنشینان به‌ سیخووڕی كردن دانراوه‌. ئەو کەسانەی کە بازرگانی چا و جگەرە دەکەن گوایه‌ سیخووڕی ده‌كه‌ن.

s.m