پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کار بۆ نوێکردنەوە جاشایەتی دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ڕێی چەند بەرپرسێکی خۆیەوە لە ناوچەی سۆران، برادۆست و شیلادزی کار بۆ دروستکردنەوەی جاشایەتی دەکات، بەڵام ئەمجارەیان جاشایەتییەکە بۆ تورکیایە.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ڕێی چەند بەرپرسێکی خۆیەوە لە ناوچەی سۆران، برادۆست و شیلادزی کار بۆ دروستکردنەوەی جاشایەتی دەکات، بەڵام ئەمجارەیان جاشایەتییەکە بۆ تورکیایە.

چاودێرانی سیاسیی جیهانی و هەرێمی لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی عوسمانی نوێ دەکات، بۆ ئەمەش دەیەوێت بەشێکی زۆری ئەو خاکەی لە پێش ساڵی ١٩٢٣ لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بە دەستییەوە بوو داگیریان بکاتەوە.

لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە داگیرکاری دەکەن

بێگومان باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ویلایەتی موسڵ-دا تا ساڵی ١٩٢٣ لە ژێر داگیرکاریی عوسمانیەکاندا بوو، لە ئێستاشدا تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات ئەو خاکانەی لە دەستیانداوە بێگەڕێننەوە و جارێکیتر ئیمپراتۆریی عوسمانی نوێ دابمەزرێننەوە و ئەوەش لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە دەکات و دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرن و تاڵانی دەکەن.

بێگومان داگیرکردنی باشوری کوردستان خەونی لە مێژینەی دەوڵەتی تورکیایە، لە کاتی دروستکردنی کۆماری نوێ بە دەستی تورکە لاوەکان (جۆن تورک) لە ساڵی ١٩٢٣ دا تا ئێستا دەستیان لێبەرنەداوە و بۆ ئەمەش کاری ستراتیژی بۆ دەکەن.

کۆمپانیاکانی تورکیا کاری سیخوری دەکەن

کارکردنی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو پرۆژەیە لە بواری کرداریدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی  نەوەتەکان لە سەر ناوی هێزی ئاشتی پارێز بە دەیان بنکەو بارەگای لە ناو خاکی باشوری کوردستان  دروستکرد، بازاڕی ئابووریی باشوری کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێگەی پێدان هەزاران کۆمانیای تورکی بێن بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان کە بەشێکی زۆریشان  کاری سیخوری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆری کەناڵی تەلەفزیۆنیان کردەوە، کە بەزمانی کورد کار بۆ ستراتیژی تورکیا دەکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەترێش بڵێین، پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) نەک هەر ڕێگری لەو خەونەی تورکیا نەدەکرد، بەڵکو گریبەستی ٥٠ ساڵەی نەوتیشی لەگەڵ تورکیا بەست، هەموو ئەوانە وایکرد تورکیا دەست بەسەر ئیرادەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بگرێت، باشوری کوردستان وەک ویلایەتێکی تورکیا بەڕێوە بەرێت.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو تورکیا دەستی بە لەشکرکێشییەکی نوێکردووە لەسەر باشوری کوردستان و بە تایبەتی لە دەڤەری برادۆست و  بادینان، دەیان بنکە و بارەگای نوێکردووەتەوە و ڕۆژانە خاکی باشوری کوردستان بۆ ردوومان دەکات، ئەوەش بە شێوازێک پەرەیسەندووە، کە لە ئێستادا ناوچە زۆر نزیکەکانی سەنتەری پارێزگاکان بۆردوومان دەکات. لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی مەدەنییان شەهید و بریندار کردووە، زەرەر و زێانێکی زۆریان بە هاووڵاتییانی مەدەنی و گوندنشینەکانی دەڤەری برادۆست، و حەفتانین و قەندیل داوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕاستییەکان چەواشە دەکات

هەمیشە لەکاتی هیرشەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕاستییەکان لە گەل دەشارێتەوە، خەڵکی بەوە چەواشە دەکات کە تورکیا بە هۆی پەکەکە ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات، بەڵام ڕاستی بۆ گەل ئاشکرا ناکات، کە تورکیا ئامانجی ستراتیژیی داگیرکردنی باشوری کوردستانی هەیە، پەدەکە هەر بەوە ڕاناوەستی کە پەکەکە تۆمەتبار بکات و ڕای گشتی چەواشە  بکات، بگرە لە زۆر بواردا هاوکاریی تورکیا دەکات.

جاشایەتیی نوێ...!!

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جیاجیا، لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ڕێی چەند کەسایەتییەکی بەرپرسی خۆی کار بۆ نوێکردنەوەی جاشایەتی و جاشایەتییەکی نوێ دەکات، بەڵام ئەمجارە ئەو جاشایەتییە بۆ حکومەتی عیراق نییە، بەڵکو ئەو جاشایەتییە بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە. لەو چوارچێوەیەشدا (لە شیلادزی، عومەر ئۆرەی بەرپرسی لقی پارتی لە ئامیدی)، (لە ناوچەی برادۆست، شێخ حوسێن لۆلانی و شێخ عومرانی برازای)، (لە سۆران و چۆمان عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی) کار بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی بەکرێگیراوی جاش دەکەن بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لە دژی پەکەکە بەکاریان بهێنن.

ئەو کارەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پێچوانەی خواستی گەلی باشوری کوردستانە، ئێمە هەموومان دەزانین لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلی باشووری کوردستان گەلێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان لە دژی هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا رێکخست، بە تایبەتی گەنجانی شیلادزی بە چەکوش و بەرد چونە سەر تانک و تۆپەکانی تورکیا، خۆپێشاندانی فراوانیان کرد بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان و ناوچەکانیان، پارتی لە جیاتی ئەوەی کار بۆ داخوازییەکانی گەل بکات بە پێچوانەوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران و چالاکوانان دەستگیرکرد. هەندێکیان تا ئێستاش لە زیندانەکانی پارتیدان، لە هەنگاوەکانی ئێستاێشدا لە ڕێی ناوی ئەو بەرپرسانەی کە ئاماژەمان پێکرد، دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و ناو نوسینی ئەندامەکانی خۆی بۆ جاشایەتیکی نوێ!!!

 پارتی بەم هەنگاوانەی نەک تەنیا کلتورێکی ناشیرنی ڕابردوو دێنێتەوە باشوری کوردستان، بەڵکو ژیانی هاوڵاتیان و سەرجەم دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە کە بەخوێنی هەزاران شەهیدی قارەمانی گەلەکەمان بە دەست هاتوون، دەبێت هەرچی زووە کار بۆ ئەوە بکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەو پرۆژەیە ڕابگیرێت جارێکی تر ڕیگا بۆ جاشایەتیی نوێ خۆش نەکرێت.

"بیرتان چۆوە لە کاتی ڕیفراندۆم ئەردۆغان چی گوت؟"

ئەوەی مرۆڤ لێ تێناگات و سەری دەسوڕمێت ئەوەیە، کە بۆچی دەبێت پارتێکی کوردی وەک پەدەکە ئەوەندە ڕیگا خۆشکەری بکات بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، گەلۆ پارتی وا دەزانێت ئەگەر باشوری کوردستان لە لایەن تورکیاوە داگیر بکرێت خۆیان دەمێننەوە و پارێزراو دەبن، پارتی بیری چووەتەوە، کە ئەردۆغان لە کاتی ڕێفراندۆم چی بە کاک مەسعود گوت"....." ؟.

ژ.ت