پارتی و میت ٤ ناوەندی هاوبەشیان دروستکرد!

هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بەردەوامییان هەیە. هاوکات پەدەکە و میت ٤ ناوەندی کاری هاوبەشیان دروستکرد. لەو ناوەندانەدا کاری چاودێری، هێرش و پەلامار و سیخوڕی بەڕێوەدەبرێت.

ئۆپەراسیۆن و هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی باشووری کوردستان بەردەوامیى هەیە.

ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، بۆ ئەوەى ئۆپەراسیۆن لە ناوچەیەکى بەرفراواندا بەڕێوەببرێت پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و دەزگاى سیخوڕیى دەوڵەتى تورک (میت) لە ناوچەکانى زاخۆ، دهۆک، ئامێدی و برادۆست ٤ ناوەندی هاوکاریى هاوبەشیان دروستکردووە.

بەپێى زانیارییەکان، هەموو یەکینەکانى میت و پەدەکە بەشێوەى هەماهەنگ لەو ناوەندانەدا کار دەکەن و کاریشیان سیخوڕیکردن، چاودێریکردنى زەمینى و ئاسمانى و دانانى پلانى هێرش و پەلاماردانە.

بە گوێرەى زانیارییەکان یەکێک لەو ناوەندانە لە چیای پرەفات لە نێوان بارزان و باڵەکایەتیدایە و کاری چاودێریى ئاسمانى و زەمینى و چەندین کاری تری سەربازیى تیادا ئەنجام دەدرێت.

ناوەندێکى تریان لە پشت تونێلەکەى نێوان زاخۆ و دهۆک دایە و کاری سیخوڕیى تیادا دەکرێت و هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانە دەستنیشان بکەن، کە پەکەکەى تیادایە.  

ناوەندێکى تریشیان لە شرناش-ی زاخۆیە و کاری دنەدان و هاندانى خەڵک لە دژی پەکەکەی تیادا ئەنجام دەدرێت.

ر.م