پارێزەر چەتەدیر: سەپاندنی قەیومەکان دژی یاسایە

پارێزەر دیار چەتەدیر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی ئامەد و وان و مێردین لەلایەن ئاکەپەوە ڕایگەیاند، قەیوم بە شێوەیەکی نایاسایی سەپێنراون و وتی، ئەو کارە "رەفتارێکی تەواو سیاسی"یە.

ناڕەزایی لەدژی دەستبەسەرداگرتنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان-ی هەدەپە بەردەوامە. پارێزەر دیار چەتەدیر لەبارەی سەپاندنی قەیوومەکان و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

پارێزەر چەتەدیر ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن، شارەوانییەکان پارەیان داوەتە ڕێکخستنێک یان شوێنێک ڕاست بوایە، ئەو کاتە دەبوایە پێش هەڵبژاردنە خوجێیەکانی ٣١ ئازار/١١ی نەورۆز وەزارەتی کاروباری ناوخۆ ئەو شتەی بە بەڵگەی سەلمێنەر ئاشکرا بکردبایە و ئاماژەی پێ بکردایە.

پارێزەر چەتەدیر باسی لەوەشکرد، لە ڕاپۆرتی وەزارەت یانیش پشکنەراندا هیچ شتێک نییە، کە نیشانی بدات لە ٣١ی ئازارەوە شارەوانییەکانی هەدەپە پارەیان بۆ ناوچەیەک ناردبێت و وتی: "ماف تەنها بە گومانی نەسەلمێنەر و بە بانگەشە لەدژی کەسەکان ناپارێزرێت.

لەبەر ئەوە، ئەگەر بانگەشەیەکی قورس دەکرێت، ئەو کاتە دەبێت بە شێوەیەکی سەلمێنەر و ئاشکرا ئاماژەی پێ بکرێت و بسەلمێنرێت. بەڵام لەوەدا دیار و ئاشکرایە، کە نە وەزارەتی کاروباری دەرەوە و نە پشکنەرانی موڵکایەتیش خاوەن ڕاپۆرتێک یان بەڵگەیەکی لەو شێوەیە نین. بۆیە سەپاندنی قەیومەکان بە بانگەشەی نەسەلەمێنراو، دۆخێکی یاسایی نییە. بڕیار لەدژی مافە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ لە دەوڵەتی ماف دڵنیا نەبن".

'رەفتارێکی سیاسییە'

پارێزەر چەتەدیر بەبیری هێنایەوە کە پارێزگاری ئامەد ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئازار، داوای لە وەزارەتی کاروباری ناوخۆ کردووە،  کە لە گەورە شارەوانیی ئامەد وەکو قەیوم دابنرێت و وتی: "بەهۆی ئەو بەڵگەیەوە دیارە سەپاندنی قەیومەکان یاسایی نییە. ئاشکرایە کە بڕیارێکی سیاسییە. خۆی ئەگەر بەڵگەیەکی سیاسی هەبێت، ئەو بەڵگەیە ناتوانێت لەو ڕۆژەی کە سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوە ئاشکرا ببێت.

کاتێک بەڵگەیەک هەبێت، ئەو کاتە دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی دۆسیەکەی خۆی وەرگرت و هەموو کارە ڕۆتینەکان دەستیپێکرد ئاشکرا دەبێت. سەرۆک شارەوانییەکان لە ماوەی ئەو ڕۆژەی کە هەڵبژێردراون و ئەو ڕۆژەی کە دۆسیەی شارەوانییان ڕادەست کراوە، ناتوانێت پارە بنێرێتە شوێنێک. خۆی بەڵگەیەکی بەرجەستەی دوای ڕادەستکردنی شارەوانییش نییە. بۆیە ئەو نووسراوەی کە پارێزگار بۆ وەزارەتی نووسیوە بەڵگەیەکی بەهێزە، کە نیشان دەدات ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە".

دۆسییەکانی دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان

پارێزەر چەتەدیر سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو دۆسیانەی لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و وتی: "دوای سەپاندنی قەیومەکان بە مەبەستی وەستاندنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دۆسیە کرایەوە. دادگای کارگێڕیی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو بەڵگانەوە دەکات.

پێمانوایە دادگای کارگێڕیی ئەو ناهەقییە بوەستێنێت. خۆی وەزارەتی کاروباری ناوخۆ ناچارە هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک کاری سەپاندنی قەیومەکان لەنوێوە هەڵبسەنگێنێت. هەروەها ئەو دۆسیەیە رەتکرایەوە، کە بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە پێشکەشی دادگا کراوە، ئەو کاتە دەتوانرێت یەک لەدوای یەک سەردانی دادگای کارگێڕیی ناوچەکە، ئەنجوومەنی دەوڵەت، دادگای دەستوری و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەروپا بکرێت."

ژ.ت