پۆلیس بارەگاى هەدەپەى گەمارۆداوە و رێگا نادات کەس بچێتە ناو بارەگاکە – نوێکرایەوە

پۆلیسی تورک بارەگاى رێکخستنى هەدەپەى لە ئامەد گەمارۆدا. پۆلیسەکان خاڵی پشکنین و بازگەیان داناوە و چوونە ناوە بارەگای رێکخستنى هەدەپەیان قەدەغە کردووە و رێگاش بەکەس نادەن لە بارەگاکە بێتە دەرەوە.

بارەگاى رێکخستنى هەدەپە لە ئامەد لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە. پۆلیس لە بەردەم بارەگاى هەدەپەدا خاڵی پشکنینی داناوە، کە چەندین مانگە پۆلیس خۆی ئەو بارەگایە گەمارۆداوە!. ئەمڕۆش کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنوەڕۆ خاڵی تری پشکنینان داناو و چوونەناو بارەگاکەیان قەدەغەکرد. پۆلیس رێگاى چوونە ناو بارەگاکەیان داخستوە و رێگا بە کەس نادەن بڕواتە ناو بارەگاکە و رێگاش بەوانە نادەن کە لە بارەگاکەدان بێنە دەرەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا، کە لەلایەن ئەندامانى هەدەپەوە لە بەردەم بارەگا گەمارۆدراوەکەیاندا تۆماریانکردووە، ئەوە دەردەکەوێت ئەندامانی هەدەپە، کە پەرلەمانتاریشیان لە ناودایە لەگەڵ ئەمیرەکانى پۆلیسی تورک لەبارەى دۆخەکەوە قسە دەکەن.

ئەندامانى هەدەپە بە وتنەوەى دروشمی "ئێمە بە بەرخودان سەردەکەوین" پۆلیسەکانیان ئیدانە کرد.

پۆلیس هەوڵ دەدات رێگری لە چالاکیى هەدەپە بکات

پۆلیس بۆ رێگریکردن لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسیی هەدەپە لەبارەى چالاکیى مانگرتوانەوە، چووەتە ناو بارەگاکەى هەدەپە و دەیەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو چالاکییە دروست بکات. پۆلیس بۆ ئەوەى رێگری لەو چالاکییە بکات رێگا نادات ئەندامانى هەدەپە لە بارەگاکە بچنە دەرەوە!.

هەروەها پۆلیس بارەگاى کۆمەڵەى هاوکاریى بنەماڵەى زیندانیان (TÛAY-DER)ی گەمارۆداوە.

ر.م