پۆلیس لە ئامەد هێرشی کردە سەر چالاکیى دایکان و ٧ کەسی دەستیگرکرد

بنەماڵەى زیندانیانى مانگرتوو بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر چالاکییەکانى مانگرتن خواستیان لە پارکی کۆشویۆلوی ئامەد چالاکی ئەنجام بدەن، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەریان و ٧ کەسیان بە لێدان و بەشێوەی توندوتیژانە دەستگیرکرد.

پۆلیسی تورک بۆ رێگریکردن لە چالاکیى دایکانى زیندانیانى مانگرتوو بازگەیان دانا و پارکی کۆشویۆلوی ئامەدیان گەمارۆدا.

دایکان و کەسوکاری زیندانیانى مانگرتوو دەیانخواست جارێکیتر چالاکی بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانیانى مانگرتوو ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی تورکەوە بەشێوەیەکى توندوتیژانە کرانە ئامانج و هێرشیان کرایە سەر.

لە هێرشەکەى پۆلیس دا ٧ کەس بە لێدان و توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، کە ٥ کەسیان دایکى زیندانیانى مانگرتوو بوون.

دایکی زیندانیانى مانگرتوو لە دەرەوەى زیندان لە چالاکیى مانگرتندان و ماوەى چەند هەفتەیە لە چەندین شار دا چالاکیى ئێشکگری ئەنجام دەدەن تاوەکو دەنگی زیندانیانى مانگرتوو بدەن بە گوێ راى گشتی و هەموو لایەنە جۆراجۆرە سیاسی و مەدەنییەکاندا.

پۆلیسی تورک لە گەبزە، ئیستەنبول و ئامەد بەشێوەیەکى سیستماتیک و پلان بۆ دانراوە هێرش دەکاتە سەر دایکان و ئەشکەنجەیان دەکات و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدات. لە ماوەى ئەو چەند هەفتەیەدا دەیان کەس لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایە سەر و لێیاندرا و ئەشکەنجە کران و دەستگیرکران.

ر.م