پێشمەرگە دێرینەكان پشتگیرییان له‌ چالاكیی قه‌ڵغانی مرۆیی كرد

پێشمەرگە دێرینەكانی كەركووك و سلێمانی بەمەبەستی پشتگیری كردن لە گەریلا و چالاكانی قەڵغانی مرۆیی سەردانی قەندیلیان كرد.

له‌ دژی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك له‌ باشووری كوردستان، ماوه‌ی ١٣ ڕۆژه‌ كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز له‌ بناری قه‌ندیل له‌ چالاكیی قەڵغانی مرۆییدان. ڕۆژانە لە شار و شارۆچكه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌ توێژە جیاجیاكان سەردانی بناری قه‌ندیل دەكەن و پشتیوانی خۆیان بۆ چالاكیی قەڵغانی مرۆیی دەردەبڕن و دژی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك دەوەستنەوە.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی كەركووك، سلێمانی، قەرەهەنجیر، بازیان، شارباژێڕ و ڕانیە-ه‌وه‌ سەردانی بناری قەندیلیان كرد و پشتگیرییان بۆ گەریلا و چالاكیی قەڵغانی مرۆیی ڕاگەیاند.

پێشمەرگە دێرینەكان دوای گەیشتنیان بە بناری قەندیل  لەلایەن دیار غەریب ئەندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) پێشوازییان لێ كرا. دیار غەریب سوپاسی ئەو سەردان و پشتگیرییەی پێشمەرگە دێرینەكانی كرد و هەڵوێستەكەیانی به‌ گرنگ دانا. گوتیشی، ئێمە هیوادارین گەلی كورد و وڵاتپارێزان خاوەن هەڵوێست بن، چونكە مەترسیی جددی و هەوڵی داگیركردنی باشووری كوردستان لە ئارادایە.

دواتر پێشمەرگە دێرینەكان سەردانی گەنجانی وڵاتپارێزیان كرد كە ده‌ستیان به‌ چالاكیی قەڵغانی مرۆیی كردووه‌ دژبه‌ هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی توركیا. هاوڕێ دەریا بەناوی پێشمەرگە دێرینەكانەوە لێدوانی دا و گوتی، لەم كاتەدا كە دەوڵەتی تورك خاكی باشووری كوردستان داگیر دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێدەنگە. 

ناوبراو داوای لە حكوومەتی هەرێم كرد بێته‌ دەنگ و گوتی، «پێشمەرگە دێرینەكان وەك چۆن بەردەوام دژی داگیركاری و ناداپه‌روه‌ری جەنگاون، ئەمڕۆش لە به‌رانبه‌ر ئەو داگیركەرییه‌ بێدەنگ نابن و له‌گه‌ڵ خوشك و برا گه‌ریلاكانمان ده‌بین.»

s.m