پێشەنگی تێکۆشانی رۆژهەڵات؛ کاوەندا ئاگری

کاوەندا ئاگری بۆ ئەوەى هەموو هاووڵاتییانی رۆژهەڵات بەشداری ناو ریزەکانى شۆڕش ببن لەوێ دەستی بە خەبات کرد و بووە مامۆستا. گەریلایەکى فەرماندە بوو و بووە پێشەنگ بۆ کار و خەبات.

ئەو کاروانەى لە سەرحەدەوە دەستیپێکرد تاوەکو رۆژهەڵات درێژە و بەردەوامیى هەبوو. کاوەندا ئاگری وەک زۆرێک لە ژنان و گەنجان، کە دەیانخواست بە خەونەکانیان بگەن و کوردستان ئازاد بکەن بەشداری ریزەکانى تێکۆشان بوو. بۆ ئەوەى هەموو کەسێک لە رۆژهەڵاتەوە بەشداری ریزەکانى تێکۆشان ببێت لەوێ دەستی بە کار و خەبات کرد و بووە مامۆستا. بۆ کار بووە پێشەنگ و بە خاکی بوونەکەى ناوبانگی دەرکردبوو.

کاوەندا لەبارەى بەشداربوون بۆ ناو ریزەکانى پەکەکە وتبووی "دیلکردنى رێبەرایەتى کاریگەریى لەسەر هەست و هەستیارییەکانم کرد. بۆ بەشداریکردن هەوڵمدا، بەڵام بەشداربوونەکەم ساڵی ٢٠٠٥ بەدیهات. لە ناو گەریلادا ئەوەى سەرەتا سەرەنجمی راکێشا ژیانى هەڤاڵان بوو. بە تایبەتى ژیانی هەڤاڵانى ژن و کارەکانیان لە ناو یەکینەکانى ژنان و هۆشیارییان زۆر سەرنجی راکێشام.

بۆ نمونە، ئەو کارەى ژن لە کۆمەڵگەدا ئەنجامى دەدا دیاریکراو بوو، بەڵام لێرە سنووری دیاریکراو بۆ کار و تێکۆشانی ژنان بوونی نییە. ئەوە کاریگەرییەکى زۆری لەسەرم دروستکرد. سەرەتا زۆر بە خۆم پشتقایم نەبووم، بەڵام من ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ژنیش دەتوانێت بە تەنها خۆی و سەربەخۆیانە هەموو کارەکان ئەنجام بدات. ژیانى گەریلا بە کۆمەڵگەبوونێکى نوێیە. دەتوانم بڵێم، یەکسانترین و هێژاترین ژیان لەم سەردەمەدا لە ناو گەریلادایە، چونکە مرۆڤ دەبێت لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ئاستێکدا ژیانێکى واتادار و ئامانجداری هەبێت.

ئەو کۆمەڵگەیە کە ئێمە تیایدا دەژین لە رووی فیکری و عەقڵییەتەوە بەرەو لەناوچوون دەڕوات. ئەوە روونە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست مرۆڤی تووشی چ دۆخێک کردووە. لە ناو پەکەکە دا و بۆ ئەوەى مرۆڤەکان ببنە خاوەن هێزی بونیاتنانى کۆمەڵگەیەکى نوێ، دەبێت لە رووی فیکر و عەقڵییەتەوە خۆی لەسەر بنەمایەکی راست و دروست پەروەردە بکات. پەروردە بۆ من بە مانای سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى خوود و عەقڵییەتێکى نوێیە.

کاتێک مرۆڤ لە دۆخی ئێستای ژنان ورد دەبێتەوە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە عەقڵییەتى ٥ هەزار ساڵەی پیاو باڵادەستە. مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست هیچ بەها و نرخێکى بۆ ژن نەهێشتووەتەوە و هەموو کات ژنی وەک کاڵایەک بەکارهێناوە. ژن لە ناو پەکەکە دا مێژووی خۆی و تێکۆشان سەرلەنوێ دەناسێت و پێی ئاشنا دەبێت. ئەو ژنانەى کە کۆمەڵگەیان بونیاتناوە لە چیاکاندا سەرلەنوێ خۆیان بەهێز دەکەنەوە. ئەو ژنانە کە ئێستا بوونەتە ئارتەش و پارێزگاری لە مافەکانى ژنان دەکەن، بێگومان بە هەوڵ و رەنجی هاوڕێیانى شەهید بەدیهاتووە. بۆ ئەوەى خاوەنداری لەو نەریت و کولتورە بکرێت دەبێت ئێمە لە رووی عەقڵییەت و جەستەیەوە درێژە بەو تێکۆشانە بدەین".

کاوەندا بە کەسایەتیى شەڕڤانبوونی خۆی و بە خۆشەویستی و تامەزرۆیى بۆ وڵات و بەو بەهایەى کە بە مرۆڤەکانى دەدا، لە هەموو شوێنێک بووە کەسایەتییەک کە رێگای بۆ نوێبوونەوە دەکردەوە.

ناو و پاشناو: شاهبانور زۆربای

نازناو: کاوەندا ئاگری

کات و شوێنى لە دایکبوون: ١٩٨٥ - ئاگری

کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٠٥ - ئاگری

کات و شوێنى شەهادەت: ٢٠١٥ – جوانڕۆ

ر.م