"پێویستە مافە نێونەتەوەییەکان بۆ گەلی ئێزدی دەستەبەر بکرێن"

پلاتفۆرمی تێکۆشان بۆ ژنانی دەستبەسەرکراو راگەیەندراوێکی لەبارەی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنى گەلی ئێزدی بڵاوکردەوە و داواى کردووە مافە نێونەتەوەییەکان بۆ گەلی ئێزدی دەستەبەر بکرێن.

پلاتفۆرمی تێکۆشان بۆ ژنانی دەستبەسەرکراو سەبارەت بە پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنى گەلی ئێزدی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی ٣ ئابی ٢٠١٤ / ١٢ی گەلاوێژ ب پێش چاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژییەک ئەنجامدرا. لە سەدەی ٢١دا بە شێوازێکی دڕندانە ٧٣هەمین فەرمان بە سەر گەلی ئێزدی دا سەپێنرا. هەزاران کەس کوژران و هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە رفێنران و لە بازاڕەکانی فرۆشتنی کۆیلەدا فرۆشران،  دەستدرێژییان کردە سەریان و ئەشکەنجەیان کردن. دوای ئەو کۆمەڵکوژییە هەزاران ئێزدی ناچار بون دەست لە نیشتمانی خۆیان هەڵگرن و بۆ زۆر شوێنی دوور کۆچیان کرد.

دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، پلاتفۆرمی ئێمە خۆی گەیاندە زۆرێک لەو ئێزدیانە، کە بە ناچار کۆچبەر و پەنابەر بوو بوون. دیار بوو ئەو  شوێنانە بۆ ئەوان ئەمن و ئارام نییە. ژنانی ئێزدی ئەمەیان وەکوو چارەنووسێک قبوڵ نەکرد. ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدییان دامەزراند و بەو شێوەیە هەوڵیاندا برینەکانیان ساڕێژ بکەن.

نارەزایەتی بەرامبەر بە رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

سەرەڕای ئەوەی ٥ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنەدا تێپەڕیوە و کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردنی ئێزدییەکان راپۆرتێکی ئامادە کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هەنگاوێکى نەناوە. سەرەڕای ئەوەی، کە لە سەر ئەو بابەتە راپۆرتیش ئامادە کراوە، بەڵام هیچ راگەیاندراو و لێدوانێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

لە قامیشلۆ دانیشتێک رێکخرا و یەکێک لە بڕیارەکانی ئەو  دانیشتنە ئەوە بوو، کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کۆمەڵکوژییە بە فەرمی قبوڵ بکات و بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دادگایەکی نێونەتەوەیی دابمەزرێت. هاوکات پێویستە گەلی ئێزدی چارەنووس و پێگە و ستاتۆی خۆی دیاری بکات.

سزانەدان و دادگایی نەکردنى ئەو تاوانانە دەبێتە هۆکاری رووقایمی شێرەبوونى ئەو دەوڵەتانە، کە یارمەتیی ئەوانەیان داوە بۆ ئەنجامدانى ئەو کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنە و لە ئەنجام گەلانى دەبنە ئامانج و کۆمەڵکوژیی تریان بەسەردا دەسەپێنرێت. رێکخستنە تیرۆریستییەکانی وەک ئەحرار شام، بەرەی نوسرە و تەحریری شام لە رێگەى دەوڵەت نەتەوەکانەوە بەردەوامن لە سیاسەتی گۆڕین و پاکتاکردنى ئیتنی و دیمۆگرافیای ناوچەکە.

بانگەواز بۆ رۆژی تێکۆشان لە دژی کۆمەڵکوژکردنی ژنان

ئێمە داوا دەکەین رۆژی ٣ ئاب ببێتە "رۆژی تێکۆشان لە دژی کۆمەڵکوژکردنی ژنان". هەروەها فیدراسیۆنی ژنانی ئێزدی بانگی کردبوو رۆژی ٣ ئاب بکرێت بە "رۆژی چالاکی لە دژی فیندەمینتاڵیزم (توندڕەویى)". زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ژنان خاوەندارییان لەو بانگەوازە کردبوو و بە پێداگرییەوە رایانگەیاندبوو لە بەرامبەر دڕندەیى و وەحشیگەریدا تێدەکۆشن.

رایدەگەیەنین، تاوەکو ژنێک لە دەست ئەو چەتانەدا بێت، هیچ یەک لە ئێمەى ژنان ئازاد نییە.

بانگەواز

بانگەواز لە تەواوی ژنانی جیهان و بزووتنەوە و رێخستنەکان دەکەین، کە لە کاتژمیر ١١:٠٠ی رۆژی ٣ی ئاب راگەیاندراو بڵاوبکەنەوە و خولەکێک بێدەنگی رابگەیەنن و لە دژی پاکتاوکردن و سڕینەوە تێبکۆشن. "

ر.م