پەروین بوڵدان: ٢٤ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژی کۆتاییهاتن بە ئاکەپە

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان وتی "ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا سیاسەت لەسەر دروستکردنی ئێش و ئازاری نوێ دەکات".

لە چوارچێوەی کاروخەبات بۆ هەڵبژاردنەکاندا، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان 'هەدەپە' پەروین بوڵدان لە شارى پرسوسی پارێزگاى رحاوە دەستی بە زنجیرە سەردانەکانی بۆ شارەکانی کوردستان کرد. بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپەی شارەکە و ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی عەلی گۆر بە دەهۆڵ و زوڕنا پیشوازییان لە پەروین بوڵدان و شاندی یاوەری کرد. هەدەپە بە کەژاوەی سەدان ئۆتۆمبێلەوە چوونە ناوەندی شارەکە و لە ڕێگادا لەلایەن کاسبکاران و دانیشتوانی ناوچەکانی ئەو هەرێمەوە بە نیشانەی سەرکەوتن دەستیان بەزر دەکردەوە و پیشوازییان لێدەکردن. پاش ئەوەی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی هەدەپە بەناو شارەکەدا سوڕانەوە، لە بەردەم بنکەی هەڵبژاردندا ڕاوەستان. پاشان لە میتینگەکەدا پاڵێوراوانی ڕحای هەدەپە بۆ پەرلەمان بە گەل ناسێندران و پەروین بوڵدانیش وتاری پێشکەش کرد.

'گەلی پرسوس سەری دانەنەواند'

پەروین بوڵدان لە وتەکانیدا رایگەیاند، گەلی پرسوس قوربانی زۆر قورسی داوە، ئیش و ئازاری گەورەی چێشتووە. وتیشی "سەرەڕای ئەوەی ئیش و ئازاری گەورەیان چێشتووە و قوربانی زۆر قورسیان داوە، بەڵام گەلی پرسوس سەریان بۆ هیچ کەس دانەنەواند. ئەوەی ئێمە لەسەر پێ دەهێڵێتەوە، بەرخۆدانی ئێوەیە".

'ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران کۆتایی بە حکومەتی ئاکەپە دێت'

پەروین بوڵدان باسى ئەوەشیکرد، ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ پێکەوە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. ئەوەشی وت "لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ کۆتایی بە ماوەی حکومەتی ئاکەپە دێت. ئێمە بە ئاکەپە دەڵێین 'خوداحافیز'. ئەگەرچی ئێش و ئازاری قورس لەم وڵاتەدا هەن، بەڵام ئاکەپە سیاسەتی خۆی بە کولاندنەوەی ئەو ئێش و ئازارانە بەردەوامیی پێدەدات".

بوڵدان وتیشى "ماوەی دوو ڕۆژە ئەردۆغان لە مەیدانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسى گەڕانەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکات. ئەم وڵاتە زۆر سێدارەی بینی. ئەم وڵاتە بینیی، کە چۆن هەریەک لە دەنیز گەزمیش، عەدنان مەندەرەس و سەید ڕەزا لە سێدارە دران، بەڵام ئەوە شەرم بوو بۆ تورکیا. حکومەتی ئاکەپە ئێستا بەهەمان عەقڵییەتەوە پرسی سێدارە دەهێنێتەوە ئاراوە و دەیکاتە ڕۆژەڤی خۆی. ئێمە بانگ لە هەموو کوردان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە بە خۆیان دەڵێن مرۆڤ، کە لەبەرامبەر حکومەتەکەی ئاکەپەدا ڕاپەڕن. سزای سێدارەش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی ببێتە یاسا و ئەنجام بدرێن".

پاش میتینگەکە، لە ناوچەی پرسوس، پەروین بوڵدان لەسەر سفرە و خوانی بەربانگ لە ڕحا، کە لەلایەن تەڤگەری ژنانی ئازادەوە ڕێکخرابوو، بەربانگی کردەوە.

پاشان لە گەڕەکی دیرەکلی لە ناوچەی ئەیوبییە، بە بەشداری سەدان کەس، بنکەی هەڵبژاردنی ژنانیان کردەوە. 

ر.م