مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى دەهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانى شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی و مەهدی ئیسلامییان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک
دەوڵەتى ئێران هەرگیز بە نکۆڵیکردن لە زیندانیانی سیاسی و لەسێدارەدانیان ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات
١٩ی بانەمەڕ بۆ بزووتنەوەى ئازادیخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی بەریەککەوتنی رەشبیری و ئازادبوونە. رژێمی ملهوڕی ئێران لەو رۆژەدا چوار تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی کوردی بەبێ بڕیارێکى دادپەروەرانە و لە دواى ساڵەها ئەشکەنجەدانی قورس و دژوار لەسێدارەدا. فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی و مەهدی ئیسلامییان بوونە هێمای دژە ملهوڕی و تێکۆشان بۆ مرۆڤی ئازاد و بەرخودان و تێکۆشانیان لە یادگەى مێژوویی کوردا دەمێنێتەوە و هەموو کاتێک یاد و ناویان بە نەمری دەمێنێتەوە. جارێکیتر یادی شەهیدانی زیندان و هەموو شەهیدانی مانگی ئایار (گوڵان) بەرز رادەگرین و پەیمانی بەردەوامیدان بە تێکۆشانمان لە پێناو ئامانجی شەهیدەکانمان نوێ دەکەینەوە.
یەکێک لە شێوازەکانى رژێمە هیرارشی و دەسەڵات تەوەرەکان دروستکردنی شێوازەکانی کۆنترۆڵ و سزادانى کۆمەڵگەیە تاوەکو لەو رێگەیەوە مرۆڤەکان و بە گشتیش کۆمەڵگە بە تەواوەتی بکەنە ملکەچی بێ ئەملاولای خۆیان، کە ناچاریان بکەن پەیڕەوی لە یاسا و رێساکانیان بکەن. یەکێک لەو شێوازانە ئەشکەنجەدانە. رژێمی ملهوڕی ئێرانیش لە ریزی ئەو حکومەتانەدایە، کە بەشێوەى نامرۆیانە و بە دەر لە هەموو نۆرم و بەها ئەخلاقی و حقوقییەکان سوود لە ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بۆ سەرکوت و سڕینەوەی بەرهەڵستکاران و رەخنەگرانی وەردەگرێت و دۆسیەى لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و سەرکوت هەموو کات لە رژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتى فەقێ دا کرابووە و کراوەشە. رژێمێک، کە بەرهەڵستکارانی بەپێی یاساکانی بە تاوانبار دەزانێت و لە ئەنجامدا بۆ ئەدەبکردن و تۆقاندن، سێدارە و ئەشکەنجە وەک شێوازێک لە پێناو زاڵبوون و باڵادەستیی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت. حکومەتى ئێران سەبارەت بە مافی ئازادی گەلان لە ئێران هیچ هەنگاوێکى بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵنەگرتووە و بە پێچەوانەوە کێشەکەى بەشێوەیەکى توندوتیژانە و نکۆڵیکەرانە سڕیوەتەوە. مێژووی رژێمی خوسرەوانی شایەتی کوشتاری بەربڵاوەى شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی رێگای ئازادییە لە ئێراندا.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین ئاماری زیندانیی سیاسیی هەیە و زیاتر لە نیوەى زیندانییەکانیش کوردن. هەر چەند لە ئێران پێناسەیەکى روون لەبارەى زیندانیی سیاسییەوە بوونی نییە و ئێران هەمیشە نکۆڵی لە بوونی زیندانیانی سیاسی دەکات و بەرهەڵستکاران و رەخنەگرانی بە تێکدەرانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، لە ژێر ناوی جۆراجۆری وەک موحارب (دوژمنی خودا)، جودایخواز، شەڕانگێز و لە ژێر دەیان ناو و ناتۆرەی تردا تێکۆشەرانی سیاسی لەسێدارە دەدات. سیستمی سزاکانى ئێران ئامڕازێکە بۆ دروستکردنی کەشی تۆقاندن و ترسنانەوە و تیایدا ژیانی ئازاد بوونی نییە و رەتکراوەتەوە.
تێڕوانینی رژێمی ئێران بەرامبەر بە بەرهەڵستکاران هەمیشە لەسێدارەدان و ئەشکەنجە بووە و لە بەرامبەر کوردیشدا تێڕوانینکێکى زۆر توندوتیژانەتری هەبووە و دوژمنیی خۆی لەگەڵ کوردەکان بە هەموو شێوەیەک و لەژێر هەموو پاساو و بیانویەکدا خستووەتەڕوو. گەلی کرد لە ئێران رووبەڕووی سەرکوتی چەندلایەنە بووەتەوە. ئەو تێڕوانینە، سنووردار نییە بە رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە و لە مێژووی هاوچەرخدا لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا رووبەڕوو بووە، بەڵام ئەم گەلە لە هەموو ئەو سەردەمانەدا بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی درێژەی بە تێکۆشان داوە. لە لەسێدارەدان و ئەشکەنجەى رۆڵە شۆڕشگێڕەکانی کورد تاوەکو کوشتاری کۆڵبەرانی کورد هەموو دیوی دراوی دوژمنایەتی حکومەتى ویلایەتی فەقێیە بەرامبەر بە کورد و تاوانەکانى ئەو رژێمە بەرامبەر بە کورد لە پێناو بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازییان هیچ سنوورێکى نییە. سەرباری هەوڵەکانی رژێم بۆ وەرگرتنی دانپیادانانی زۆرەملێیانە و تێکشکاندنی ورە و کەسایەتیی زیندانیانی سیاسی، بەڵام گۆڕەپانی زیندان هەمیشە گۆڕەپانی تۆکمە و هەمیشەیی و گرتنەبەری هێڵی بەرخودان بووە. ئەو هەڵوێست و بەرەنگارییە هەمیشە لە ژوورە ترسناکەکانى زیندانەکانی رژێمی ئێراندا لە کەسایەتیی تێکۆشەرانی رێگای ئازادیدا بینیومانە. بێگومان لە پشت ئەو ئیرادە و ورە و خۆبەدەستەوەنەدانە هۆشیاری و ئاگایی و تێگەیشتنی قوڵ بۆ ئازادی و راستی بوونی هەبووە. دواى تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لە شێوەیەکى نوێی دەسەڵاتی دڕندانەى دەوڵەت – نەتەوە، بەرخودانی تێکۆشەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی بێ هاوتا بووە و سیستمی دادوەریی ئێران لە تێکشکاندنی بەرخودانی زیندانیانی سیاسیدا دەستوەستان ماوەتەوە و لە ئەنجامدا بە پەتی سێدارە هەڵیواسیون. زیندان لە کوردستان لە نێو بزووتنەوەى ئازادیخوازیی کوردا بوەتە چەقی تێکۆشان و بووەتە دیمەن و وێنایەکى راستى ژیانی راستەقینە و شکۆمەندانە و بە کەرامەت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کاتێکدا بە پیری دەهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵە تێکۆشەرەکانییەوە دەڕوات، کە جاریکیتر دژایەتیی رژێم بەرامبەر بە کورد توندتر بووەتەوە و شەپۆلێکى تر لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد دەستپێکردووەتەوە و لە چارەنووسی بەشێکشیشان هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییە. رژێمی ئێران هەموو کات پشتی بە کوشتنی رۆڵە ئازادەکانى کورد بەستووە و لەو چوارچێوەیەدا دەستی لە هیچ تاوان و توندوتیژییەک نەگەڕاندووەتەوە. لە روانگەى پەژاکەوە ئێران بە نکۆڵیکردن لە زیندانیانی سیاسی و لە سێدارەدانیان هەرگیز ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. رەفتاری توندوتیژانە بەرامبەر بە دەوڵەمەندی و فرەیی شوناس و ناسنامە و گوێ نەدان بە بیر و باوەڕەکانیان ناتوانێت دیموکراسی و ئازادی لە ئێران بەدی بهێنێت. پەژاک جارێکیتر لەسێدارەدان و سڕینەوەى شۆڕشگێڕان لە ئێران بە تایبەتی کوردان ئیدانە دەکات و لە کەسایەتیی شەهیدانی ١٩ی بانەمەڕدا پەیمانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشان و گەیشتن بە ئامانجی شۆڕشگێڕیی شەهیدان تاوەکو دوا هەناسە نوێ دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە سێدارە و سەرکەوت هیچ درز و دابڕانێک لەسەر پێداگری و بەردەوامیدان بە تێکۆشان لە دژی نادادی دروست ناکات.
ژ.ت