چالاکیى گەریلاکانى هەپەگە لە بارزان و چەلێ

گەریلاکانى هەپەگە لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ سەنگەرەکانى بنکەیەکى دوژمنیان تێکشکاند و لە بارزانیش ٢ سەرباز کوژران. هاوکات هەپەگە ناسنامەى گەریلایەکى بڵاوکردەوە کە لە ئامەد شەهید بووە.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیى هێزى گەریلا لە بارزان و چەلێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. هەروەها هەپەگە ناسنامەى گەریلایەکى بڵاوکردەوە، کە لە ئامەد شەهید بووە.

دەقى راگەیاندراوەکەى هەپەگە

لە چەلێ ٢ سەنگەری دوژمن تێکشکێنرا

"هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری لە ١٠ى ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٠٩:٥٠ دا لە گردى خەرەگۆل لە ناوچەى چەلێی جۆلەمێرگ چالاکییەکیان لە دژى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا گورزی قورس لە سەنگەر و پەناگەکانى دوژمن دران و لە ئەنجامدا ٢ سەنگەر و پەناگەیەکى دوژمن تێکشکێنران. روون نەبووەتەوە لەو چالاکییەدا چەند سەربازى دوژمن کوژراون و برینداربوون.

لە  بارزان ٢ سەربازی تورکیا کوژران

هەر لەو رۆژەدا لە کاتژمێر ٢٠:٢٠ هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیدا لە گردی بایراق لە هەرێمى بارزان لە باشووری کوردستان هێزى داگیرکەریان کردە ئامانجی چالاکییەک. لەو چالاکییەدا گورزی قورس و سەرکەوتوانە لە سەربازانى دوژمن درا و لە ئەنجامدا ٢ سەرباز کوژران. دواى چالاکییەکە هێزە داگیرکەرەکان بە تۆپی ئۆبیس و هاوەن ناوچەکەیان تۆپباران و هاوەنبارانکرد.

لە پاسوور ئۆپراسیۆن

سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر رۆژی ٨ى ئابی ٢٠١٨ بە پشتیوانیى یەکەى شاراوە لە نێوان پاسوور و باشووری مووش لە ئامەد دەستیکرد بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن. ئۆپراسیۆنەکە بە بەشداریى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و هێزى ئاسمانى دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

لە ئامەد گەریلایەک شەهید بوو

لە راگەیاندراوى رۆژی ٢٩ى تەمووزدا رامانگەیاندبوو، هێزەکانمان رۆژی ٢٨ى تەمووز لە نزیک گوندی کژلنز لە ناوچەى لیجەى ئامەد خاڵێکى چاودێرى و پشکنینى دوژمنیان کردبووە ئامانجی چالاکییەک و لە چالاکییەدا ٨ سەربازى دوژمن کوژرابوون. لەو شەڕەدا هەڤاڵ ئارام بریندار بوو بوو و بۆ ئەوەى بە زیندوویى نەکەوێتە دەست دوژمن بۆمبایەکى بە خۆیدا تەقاندووەتەوە و شەهید بووە. لە میدیاى دوژمندا راگەیاندرابوو، هەڤاڵ عوسمان گولەن ناسراو بە ئارام شەهید بووە، بەڵام ئەوە راست نییە و لەو شەڕەدا هەڤاڵ موراد چیفچی ناسراو بە هەڤاڵ ئارام شەهید بووە.

نازناو: ئارام ئامارگی

ناو و پاشناو: موراد چیفچی

شوێنى لە دایکبوون: جۆلەمێرگ

ناوى دایک و باوک: سەبرییە - ناسر

شوێن و کاتى شەهیدبوون: ئامەد / ٢١ى تەمووزی ٢٠١٨

هەڤاڵ ئارام ئامارگی لە چەلێى جۆلەمێرگ لەدایکبووە. هەڤاڵمان ئارام لە دواى لە دایکبوونى وەک شاهیدێکى شەڕی کوردستان گەورە بوو. کاتێکیش لە زانکۆدا خوێندوێتى دژبەیەکیى سیستم و دوژمنى لە نزیکەوە هەست پێکردووە. دواى ئەوە بڕیاریداوە بەشداری ریزى تێکۆشکانى ئازادیى کورد بێت.

هەڤاڵ ئارام ساڵی ٢٠١٢ بەشدارى ریزى گەریلا بوو. کەسایەتییەکى خاکیى هەبوو. بە پێداگری و داخواز و ورەیەکى بەرزەوە بەشداریى لە هەموو کار و ئەرکەکاندا دەکرد. چووە ئەیالەتى ئامەد، کە شەڕ تیایدا زۆر قورسە و تاوەکو دوا هەناسەى لەوێ فیداییانە و لێبوردانە بەشداریى کار و چالاکییەکانى کردووە. هەڤاڵ ئارام تاوەکو ساتى شەهیدبوونى وەک میلیتانێکى دڵسۆزى رێبەر ئاپۆ جوڵاوەتەوە و بە هەڵوێستە فیداییەکانى تاوەکو دوا گولـلەى شەڕی کردووە.

بۆ شەهیدبوونى هەڤاڵ ئارام، سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەى چیفچی دەکەین و سەرەخۆشیش لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین و جارێکیتریش بەڵێن دەدەین، تاوەکو گەیشتنمان بە خەون و خولیاى شەهیدەکانمان بۆ رێبەرایەتیى ئازاد و کوردستانێکى ئازاد بەشێوەیەکى بێ وێنە درێژ بە تێکۆشانەکەیان دەدەین".

ر.م