ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەریی کۆما ژنێن کوردستان 'کەژەکە' چیگدەم دۆغو، دەربارەی قەیران و قەیرانەکانی ناو تورکیا و گرنگی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران، هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد.
دۆغو دەستنیشانی کرد، ژنان و گەنجانی تورکیا دەنگی خۆیان دەدەن بە دیموکراسی و وتی "تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران نزیک دەبێتەوە. لەم سەردەمەدا تورکیا لەناو قەیران و بشێویی دایە. کاتێک کە مرۆڤ سەرنجی خۆی دەخاتە سەر ئەم سەردەمە، دەبینێت کە هەتا ئێستا قەیران و بشێویی، فاشیزم و هەژاریەکی وەها گەورە ڕووی نەداوە. لەبەرئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە گرنگیى خۆی هەیە. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت هەموو شتێک بەم هەڵبژاردنە دەبێتە ماستی مەیوو. گرنگە ئەوەیە گەلانی تورکیا دەنگی خۆیان بە چی دەدەن. داخۆ گەلانی تورکیا دەنگی خۆیان دەدەن بە دیموکراسی و ئازادیی، یان دەنگی خۆیان دەدەن بە فاشیزم و هەژاری و بێکاری؟. کاتێک ئێمە باسی قەیران و بشێویی دەکەین، بە تەنها باسی قەیران و بشێویی بەڕێوەبەریی ناکەین، بەڵکو فاشیزمی ئاکەپە سەرتاپای ژیان و کایەکانى ژیانى تێکداوە. ئیدی ژیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە نەتوانرێت بەردەوامیی هەبێت. پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا ئیدی بەردەوامییان پێنادرێت، قەیرانی گەورە لێرەدایە. ئەوەش پەیوەندیی بە سیاسەتی فاشیزمەوە هەیە، پەیوەندیی بە سیاسەتی نکۆڵیکردنەوە هەیە. کورد لەناوبراون و نکۆڵیان لێدەکرێت. لە مێژووی تورکیادا هەمیشە کورد نکۆڵیی لێکراوە و لەناوبراون و ئاکەپەش درێژەى بەو سیاسەت و فاشیزمە داوە".
'ئاکەپە هەژاریی و کۆمەڵکوژیی کردە شتێکی ئاسایی'
دۆغو وتیشی "هەموو دەسەڵاتدارێتیەکان ستەمیان کردووە، گەلانیان کۆمەڵکوژ کردووە. گەل زیاتر هەژار دەکەن. ئەوانە سیاسەتی هەموو دەسەڵاتدارەکانە، بەڵام جیاوازی ئاکەپە ئەوەیە، کە ڕەوایەتیی بەم شتانە داوە. دەسەڵاتدارەکانی تر ئەم شتانە بەدزییەوە دەکەن و سەریان داپۆشیوە. بەڵام ئاکەپە ڕەوایەتیی داوە بەم شتانە و کردوونی بە شتگەلێکی ئاسایی. مەسەلەی باری نائاسایی. باری نائاسایی ئیدی بووەتە بارێکی ئاسایی. لەم بوارەشدا ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵکوژیی ئەنجام دراون. دواین نموونەش کۆمەڵکوژیی پرسوسو بوو. لەهەمان کاتدا کۆمەڵکوژیی کرێکاران، ئیکۆلۆژیی و ژنانیشی کردووە بە شتگەلێکی ئاسایی".
'دەبێت تورکمانەکان خاوەنداریی لە ناسنامەی خۆیان بکەن'
دۆغو جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت تورکمانەکان خاوەنداریی لە ناسنامەی خۆیان و بەرخۆدێریى خۆیان بکەن و وتیشی "فاشیزمی ئاکەپە تورکبوون بە شێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنێت. تورکبوون شتێکی وەهایە کە دروستکراوە و دەستکردە، بەڵام تورکمانبوون بە هەزاران ساڵە هەیە و لەبەرامبەر دەسەڵاتداریتیدا ناسنامەی تێکۆشانی خۆیانیان هەیە. لەسەردەمی عوسمانییدا زۆرترین تورکمان لەبەرامبەر پادشاکاندا سەریان هەڵداوە. مێژووییەکی بە شکۆی تورکمانەکان هەیە. بە دروستکردنی کۆماری تورکیا، ناسنامەی تورکمانە بەرخۆدێرەکان چەواشە کراوە و تورکمانبوونێکی دروستکراویان هێنایە ئاراوە. هەربۆیە دەبێت تورکمانەکان زۆرترین خاوەندارێتیی لە ناسنامەی خۆیان بکەن".
'لە ٢٤ی حوزەیراندا ئێمە کۆتایی بە ڕژێمی یەک کەسیی دەهێنین'
دۆغو ئاماژەی بەوەش کرد، هەدەپە دەنگ و ناسنامەی هەموو گەلانی تورکیایە و وتیشی "گەلانی تورکیا بێ ئەوەی دەوڵەت هەبێت، بە ساڵان، پێکەوە لەناو ئاشتیدا ژیاون. ئاکەپە بە ڕژێمەکەی خۆی، بە سیاسەتی تاکە کەسی، بە دروشمی یەک ئاڵا، یەک نەتەوە و یەک زمان، دوژمنایەتیی لە کلتوری پێکەوەژیانی نێوان گەلان دروست کردووە. دەبێت ئەرمەن، لاز، گورجی، تورکمان، کورد و عەلەویی و هەموو کەس هەڵویستی خۆی نیشان بدات. ئەم هەڵوێستەش ئەوەیە، کە هەر گەلێک بتوانێت بە ناسنامەی خۆی، خۆی بناسێنێت. ناونیشانی ئەم شتەش هەدەپەیە. لەهەموو کاتێکدا ئێمە دەیبینین، کە زۆرتر ژن لەناو هەدەپەدا هەن. ئەگەر ژنان دەیانەوێت بگەنە هێزی ژیانی ئازاد، دەبێت هەوڵى لە پێشینەى ئێمە بۆ ناسنامەی ژنێتیی ئێمە بێت. هەدەپەش ناونیشانی ئەو هەوڵەیە. بۆ ژنان هەدەپە زۆر گرنگە. لەڕاستیدا هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ ی تێپەڕاندووە، بەڵام بە فرت و فێڵ، ستەم و هێرشی تێکدەرانە دەیانەوێت هەدەپە لەژێر بەربەستی سەدا ١٠دا بهێڵنەوە. لەبەرئەوەیە کە خاوەندارێتیی کردن لە دەنگی خۆت زۆر گرنگە. من بە تایبەتی بانگ لە ژنان دەکەم کە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و خاوەندارێتیی لە داهاتووی خۆیان بکەن".
ر.م