ڕاگەیەندراوی بەرەی دیموكراسی گەل لەسەر هێرشەكەی شەنگال

بەرەی دیموكراسی گەل لەسەر هێرشەكەی شەنگال ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیان، لە جیاتی ڕێكەوتن لەگەڵ توركیا، پێویستە حكومەتی عێراق هەنگاو بۆ دیموكراسی بنێت و كێشەكانی چارەسەر بكات.

 


ئەمڕۆ بەرەی دیموكراسی گەل ڕاگەیەندراوێكی لەسەر هێرشەكەی سەر شەنگال بڵاوكردەوە، كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی توركەوە ئەنجام درا.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لە ترسی دروستبوونی بۆشایی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لە ناوچەكەدا حكومەتی عەبادی سەردانی ئەنقەرەی كرد ولە پێناوی مانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیریدا چەند گرێبەستی ئابووری و سیاسی و سەربازی لەگەڵ حكومەتی ئەردۆغاندا بەست.

ئەوەش هاتووە: دەستپێكی گرێبەستەكەشیان هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی تورك بوو بۆ سەر شەنگال كەلە یادی كۆمەڵكوژی گوندی كۆچۆدا، داگیركەرانی كوردستان و داعشیان پرۆتستۆ دەكرد و پێداگریان لەسەر چارەسەری پرسی كورد و خۆسەری شەنگال و پێكەوە ژیانی گەلانی ناوچە دەكردەوە.

ئەوەش هاتووە: ئێمە وەكو بەرەی دیموكراسی گەل، مەحكومی ئەو هێرشە دەكەین و ئەو ڕێكەوتنەش قێزەون و قرێژ هەڵدەسەنگێنین و داواكارین لەجیاتی ڕێكەوتنی حكومەتی عێراق لەگەڵ دەوڵەتە ڕووخا و لەبەریەك ھەڵوەشاوە و پارچەبوەكەی توركیادا، لەچوارچێوەی عێراقێكی دیموكرات و ڕاستەقینەی گەلانی عێراقدا چارەسەری پرسەكانی عێراق بكات.

'دەبێت ئەم کارانە بکرێت'
- لەجیاتی ھاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی تری داگیركەری كوردستاندا، كەكێشەكانی عێراق قوڵتر دەكەنەوە. ڕاستینەی پێكھاتەكانی عێراق بناسێت ودانیان پێدابنێت.
- بۆچارەسەری كێشەكانی عێراق، دەست بە پێكھاتە ئەسڵیەكانی نیشتیمانی عیراقەوە بگرێت و لەچوارچێوەی پرسی نیشتیمانیدا چارەسەری پێشبخات.
٣- بۆ ئەو مەبەستە، پێویستە حكومەتی عێراق داوای لێبوردن لەگەلی شەنگال بكات ولە بەرامبەردا؛
- دان بە خۆسەری شەنگالدا بنێت و دەشتی نەینەوا وەك ھەرێمێكی خۆسەر بناسێت.
- ھێزی پاراستنی شەنگال بناسێت و لەیاسای پاراستنی عێراقدا ڕەسمیەتی پێبدات.
- پێویستە ھەموو ھێزەكانی دەوڵەتی توركیا دەربكرێن. وە ھێزەكانی تری ناوچەكانی عێراق بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
- پێویستە ئەمریكاو ھێزە نێودەوڵەتیەكان، پاراستنی ئاسمانی ھەوایی عێراق بەرپرسیارانە جێبەجێ بكەن و لەو پەیوەندەدا داوای لێبوردن لەگەلی ئێزدی بكەن و ڕونكردنەوە بدەن.

--
ھەروەھا پێویستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ھێزی باڵادەستی ناوچەكەیە؛
- پەیوەستی دۆزی گەلی كورد ببێت و لەپێناوی یەكیەتی نەتەوەییدا ھەنگاوی كردەیی ھەڵگرێ.
- پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەموو دەوڵەتە داگیركەرەكاندا بپچڕێت و داوای لێبوردن لە گەلی كورد و بەتایبەت ئێزیدیەكان بكات بۆ بەشداری كردنی لە خراپبوونی دۆخی كوردستان.
- پابەندی بڕیاری پەرلەمانی كورستانی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠٠٣ ببێت بۆ دەركردنی سوپای توركیا بۆ خاكی كوردستان.
- هەوڵ بدات بۆ ناساندنی كوشتاری شەنگال وەك جینۆساید چۆن لە پەرلەمانی عێراق ناسێنراوە.
- پەیوەست بێت بە چارەسەری دیموكراتیكانەی كێشەی كوردەوە و ببێتە بەشێك لەو چارەسەرییە.