ڕۆژنامەنووسانی باشوور: ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە لێواری لەناوچووندایە

ڕؤژنامەنووسانی باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنەکانیاندا لەگەڵ کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی - CPJ) ڕایانگەیاند، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە لێواری لەناوچووندایە.

کۆمیتەی نێونەتەوەیی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی - CPJ) سەردانی باشووری کوردستانی کرد، کە ماوەیەکە مافی ڕۆژنامەنووسانی تیادا پێشێل دەکرێت و مەترسییان لەسەرە. ئەندامانای کۆمیتەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی باشوور ئەنجامدا و چاودێریەکانیان لە ماڵپەڕی خۆیاندا بڵاوکردەوە.

ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری بە (سی پی جەی - CPJ) ڕاگەیاندووە، ٩ ساڵە لە باشووری کوردستان خەریکی کاری ڕؤژنامەنووسییە. زۆر جار دەستبەسەرکراوە. ئامێرەکانی شکێنراون و بنەماڵەکەشی فشاریان بۆ هێناوە، کە واز لە پیشەکەی بهێنێت. ڕووداوەکان دەبنە هۆی ئەوەی، بیر لە بەجێهیشتنی وڵاتەکەی بکاتەوە.

زێباری ئاماژەی بەوەدا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بە تەنها کار دەکەن، خاوەنی هیچ مافێک نین و باسی لە کوشتنی وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوزیشی کرد، کە لە دهۆک تیرۆرکرا و گوتی، لە باشووری کوردستان بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت هەواڵێکیش لەسەر گەندەڵیەکانی بنەماڵەی بارزانی بڵاوبکرێتەوە و بەو شێوەیە ڕۆژنامەگەری لەسەر لێواری لەناوچووندایە.

کۆمیتەى داکۆکیکردن و پاراستنى رۆژنامەنووسان (سی پی جەی - CPJ) لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت، لە چاوپێکەوتنەکاندا، ڕۆژنامەنووسان باسیان لە دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە - PDK) و (یەنەکە - YNK) کردووە کە دەبێتە هۆی زۆر کێشە بۆ باشووری کوردستان و ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی هیچ ئۆرگانێکی سەربەخۆ بۆ داکۆکی و پاراستنی ڕؤژنامەنووسان بوونی نییە، ڕۆژنامەنووسان لەبەرامبەر هێرشەکاندا ناپارێزرێن.

هانا چۆمانی، کە لە کەناڵی دواڕۆژ کار دەکات ڕایگەیاندووە، ئەگەر لە هەوڵیر بۆ دەزگایەکی میدیایی لە سڵیمانی کار بکرێت، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، هەمان کێشە بە پێچەوانەشەوە تووشی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانیش دەبێتەوە. لە هەوڵیر ئەندامانی ئاسایش و بەشێک لە خەڵکی مەدەنیش بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا دەکەن.

سی پی جەی لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستاش بکوژانی ڕۆژنامەنووسان وەدات حسێن و کاوە گەرمیانی نەدۆزراونەتەوە و قسەکانی پارێزەر ڤەنیزەر ڕەڤینک وەک نمونە هێناوەتەوە، کە بەرپرسان لە کاتی لێپرسینەوەدا بە خەمساری کاردەکەن.

سی پی جەی وتیشی، لەبارەی بابەتەکەوە، پەیوەندییان بە نووسینگەی ڕۆژنامەنووسیی بەڕیوەبەرایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داد کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە. هەروەها سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش لەوبارەیەوە وەڵامی سی پی جەی-یان نەداوەتەوە.

دەقی تەواوی راپۆرتەکەى سی پی جەی

ژ.ت