ڕێکخراوەکانی باشوور داوا دەکەن ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە واده‌ى خۆیدا ئه‌نجام بدرێن

زیاتر لە ١٠٠ كه‌سایه‌تی و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بە درووشمی «با ئیدی ھەڵبژاردنەکان بەپێی یاسا لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن» لە شاری ھەولێر یاداشتێكیان ئاراسته‌ی ڕای گشتی و لایەنە حکوومی و حیزبییه‌کان کرد.

ئەمڕۆ ١٨ی مارسی ٢٠١٨\٢٧ی ڕه‌شه‌ممه‌، لە شاری ھەولێر، نوێنەری زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی باشووری کوردستان یاداشتێکیان ئاراسته‌ی لایەنەپەیوەندارەکان کرد و داوایانکرد ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن.

لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، سەروەر عبدولرەحمان په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان ڕاگەیاند: به‌پێی بڕگەی ١ لە ماددەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم به‌رپرسه‌ لە دیاری کردنی کاتی ھەڵبژاردن. چونکە ده‌سه‌ڵاته‌كانی سەرۆکی ھەرێم گواستراوەتەوە بۆ سەرۆکی حکوومەت.

ناوبراو وتیشی: بەگوێرەی یاسا دەبوو ڕۆژی ٦ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨، بە ڕۆژی ھەڵبژاردنەکان دیاری كرابوایه‌، بەڵام تا ئێستا لە لایەن حکوومەتی ھەرێمەوە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری نه‌كراوه‌ و تاکە ڕێگه‌ش بۆ دەرچوونی ھاوڵاتیان لەم دۆخە قەیراناوییه‌، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا.

هه‌ندێك لایه‌ن له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ترسن

سەروەر عبدولرەحمان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ڕەنگە بە مەبەست، چەند لایەنێک کار بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن بكه‌ن. وتی: ئەگەر ھەیە ئەو لایەنانەی لە ھەڵبژاردنی عێراق دەنگیان کەم دەکات، ڕێگربن لە دیاریكردنی کاتی ھەڵبژاردن، ئەمەش گرژیی نێوان لایەنەکان زیاتر دەکات. ھەروەھا داوایکرد سەرجەم لایەنەکان ھەوڵبدەن بەزووترین کات وادەی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت.

پێشتر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە دواخستنی کاتی ھەڵبژاردن تۆمەتبار کرابوون

پێشتر نەجمەدین کەریم، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان- یەنەکە، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگه‌یاندبوو، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن كه‌مته‌رخه‌من لە دیاریكردنی کاتی ھەڵبژاردن و ڕێگە نادەن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بەڵام لە یاداشتی ڕێکخراوەکاندا، سەرجەم لایەنەکان، حکوومەت و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بە کەمتەرخەم دانراون و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ئه‌گه‌ر بەر لە ٦ی نیسانی ٢٠١٨ ئەو وادەیە دیارینەکرێت، ھەڵوێستی جیاواز دەگرنەبەر.

مەترسی پەرتبوونی دەنگەکانی کورد ھەیە لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا

ھەرچەندە ژمارەی کورسییه‌کانی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەریەکە لە پارێزگه‌کانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دیاریکراوە، بەڵام نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە باشووری کوردستان مەترسییه‌کانیان لە پەرتبوونی دەنگی کورد نەشاردەوە و لە كۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایانگەیاند: بە ھۆی یەکنه‌بوونی کورد و نەبوونی ھاوپەیمانه‌تیی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا، ئەگەری پەرتبوون و کەمبوونەوەی دەنگی کورد ھەیە بە تایبەت لە و ناوچانەی دەکەونە نێو سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

تۆماری دەنگدەران پێویستی بە پاککردنەوە ھەیە

هه‌ر لە كۆنفڕانسه‌ ڕوۆژنامەوانییه‌کەدا، نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌ستنیشانیان كرد: تا ئێستا تۆماری ده‌نگده‌ران پاك نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ندێك لایه‌نیش ئه‌مه‌یان كردووه‌ته‌ مه‌رج بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان. 

s.m