ژنانی بناری قەندیل: دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی لەیلا گیوڤەن و دایکانی ئاشتی

ژنانى بناری قەندیل رایانگەیاند، پشتیوانی لە مانگرتووانی باکووری کوردستان و سەرتاسەری جیهان و بەرخودانى دایکان دەکەن، کە بۆ پشتیوانیکردن لە رۆڵەمانگرتووەکانیان لە چالاکیى بەردەوامدان.

دوابەدوای ئەوەی کە لەیلا گیوڤەن ژنە پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێسنور لە خواردن کرد بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان نەهێڵدرێت. دوابەدوای ئەوەش لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و لە زۆر شوێنی دونیا ئەم خۆڕاگرییە گەشەی کرد و گەورە بووە و پشتیوانیەکانیش رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەبن.

سەبارەت بەم بابەتە ژنانی بناری قەندیل هەست و هەڵوێستی خۆیان بۆ لەیلا گیوڤەن و دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان دەربڕی و ڕەخنەیان لە بێدەنگیی ژنان بە تایبەت و گەلی باشووری کوردستان بە گشتی گرت.

سەرەتا ژنێك بە ناوی ئایشە نەبی لەوبارەیەوە وتى: ''ماوەی زیاتر لە ١٨٠ ڕۆژە چالاکییەکان بەردەوامن، کە لە نموونەی لەیلا گیوڤەن و  ناسر یاگزن. تا کەی دەبێت ژنان، خەڵکی باشوور، خەڵکی باکوور بێدەنگ بن. من وەك دایکێك و وەك ژنێکی قەندیل داواکاریم ئەوەییە کە هەر کەس خاوەن هەڵوێست بێت لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی تورکیا".

ئایشە نەبی وتیشی "هەڤاڵ لەیلا گیوڤەن زەحمەتێکی زۆری کێشاوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ؛ دەبێت هەموومان هاو دەنگ بین لەگەڵیاندا. تورکیای داگیرکار هێرش بۆ سەر دایکان دەکات و بێ ڕێزییان پێ دەکات. ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەوان. ئەوان لە چالاکیدانە بۆ ڕزگاریی ڕێبەر ئاپۆ و دەبێت هەموومان هەوڵەکانمان یەك بخەین بۆ ڕزگارکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا. لە کۆتایدا پەیامی من ئەوەیە کە خاوەن هەڵوێست ببین بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە نەمێنێت و خۆشی و ئازادی هەبێت''.

ژنێکی تر بە ناوی ئەستی محەمەد سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو بێ ڕێزی و سوکایەتییانەی لەلایەن پۆلیسەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە کرایە سەر دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیادا و رایگەیاند: ''دەبێت ئێمە خاوەن هەڵوێست بین. داواکاریم لەهەر کوردێك هەیە کە لە هەر شوێنێکە خاوەن هەڵوێست بن لەبەرامبەر ئەو بێ ڕێزی و سوکایەتییانەی بەرامبەر بە دایکان و بە ژنان دەکرێت".

ئەستی محەمەد راشیگەیاند "منیش ژنێکم و ناڕازەیەتیی خۆم نیشاندەدەم لە نموونەی هەموو ئەو ژنانەی کە لە زینداندان و ئەو دایکانەی لە چالاکیدان. دەبێت هەموومان لەگەڵ لەیلا گیوڤەندا ببین بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەم مانگرتنە بە فیڕۆ بچێت و  بگاتە ئەنجام. هەروەها پشتیوان بین بۆ تەواوی چالاکوانان و تەنانەت ئەوانەی کە لە ماڵەکانی خۆشیاندا بەردەوامن لە مانگرتن. تاکە پەیامی من ئەوە بێدەنگ و نەبن یەکگرتوو بن''.

یەکێکی تر لە ژنانی بناری قەندیل ناوی پاکستان سەڵاح بوو کە لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆی خستەڕوو. پاکستان کچی شەهیدێکە، کە لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی  فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە ساڵی ٢٠١٥دا شەهید بووە.

پاکستان سەڵاح بانگەواز لە ژنانی باشوور دەکات و داواکاری یەك هەڵوێستی دەکات و دەڵێت: '' ئیمە وەك ژنانی باشووری کوردستان، وەك ژنانی قەندیل پشتیوانیی خۆمان بۆ هەموو چالاکوانانی باکووری کوردستان دەردەبڕین. هیوادارم هەموو ژنانی باشووری کوردستان هاو دەنگ و یەك هەڵووێست بن و پشتیوانی خۆیان بۆ چالاکوانان دەرببڕن بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ".

پاکستان سەڵاح ئەوەشی وت "داوکاری من ئەوەیە کە یەگرتوو بین و دەست بخەینە ناو دەستی یەك بۆ ئەوەی کەس هەڵمان نەخەڵەتێنێت. داواکارم خەڵکی باشووری کوردستان ئازادانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن و دەنگی خۆیان دەرببڕن و خاوەن هەڵوێستیشبن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەش کە دەکرێنە سەر قەندیل دەکرێت، چونکە  بە هۆکاری ئەم هێرشانە خەڵکی قەندیل لە مەترسیدایە''.

لە بەردەوامی وەرگرتنی بیرو بۆچوونەکانی خەڵکی  بناری قەندیلدا یەکێکی تر لە دانیشتوانی قەندیل بەناوی شوکوریە  عەبدوڕەحمان بەم شێوەیە پشتیوانی خۆی نیشاندا: ''ئێمە پشتیوانی لەیلا گیوڤەن دەکەین. چەندین کەس لە مانگرتنی بێسنوردایە. دەبێت تا گەیشتنە ئامانج ئەم چالاکییانە بەردەوام بن و پشتیوانیی زۆرتریان لێ بکرێت. دەنگی ئێمەش لەگەڵ  دایکانمان  وخوشکانماندایە کە هێرشیان دەکرێتە سەریان. ئێمە وەك خەڵکی بناری قەندیل لەگەڵ هەر کوردێکداینە کە خاوەن هەڵوێستە و لە چالاکیدایە''.

لە کۆتایدا ژنێك بەناوی حەنیفە حەمەدەمین بەم شێوەیە دوا: ''ئێمە وەك ژنانی بناری قەندیل و باشووری کوردستان پشتیوانی لەیلا گیوڤەنین. ئەو کارەی ئەو دەیکات دروست و ڕەوایە. دەبێت هەموومان خاوەن هەڵوێست بین و دوژمن شەرمەزار بکەین بۆ ئەوەی سەرۆک ئاپۆ ئازاد بێت. لەهەمان کاتدا پشتیوانی خۆمان بۆ دایکانی ئاشتی دەردەبڕین، دەبێت هەر کەسێک بە بیر و ڕای ئازادانە خاوەن هەڵوێست بێت و چاو نەترس بێت و سەر بۆ دوژمن دانەنەوێنێت و ئازاد بێت''.

لە شووێنی جیاوازی دونیادا پشتیوانییەکان بۆ ئەم چالاکییانە بەردەوامەن. باشووری کوردستانیش شوێنێکی ترە کە پشتیوانیی خۆی و هاودەنگیی خۆی لەگەڵ چالاکواناندا دەربڕی، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کە بە بەرچاو بە شوێنەکانی تر بە شێوەێکی گشتی باشووری کوردستان بێدەنگییەکی هەڵبژاردووە و تا ئاستێکی پێویست بە بەرچاو شووێنەکانی ترەوە توڕەیی و هەڵووێستەکان تێرکار نەبوون.

 لە ئێستادا جگە لە باکوروی کوردستان و تورکیا لە زۆر شوێنی تری دونیا مانگرتن و پشتیوانى لە مانگرتووان بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر عەبدڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامیى هەیە. لە باشووری کوردستانیش هەر یەکە لە هەرێم مەحمود لە گەرمیان، ناسر یاگز لە هەولێر، فادیلە تۆك لە وارگەی مەخمور لە چالاکی مانگرتنی بێ سنوردان. وەك تەواوی زیندانیان دەڵێن: '' ئەوەی ئێمە دەکوژێت بێدەنگیە، نەك برسیەتی''.

ر.م