کاڵکان: هۆکارى داڕمانى ئابووریى تورکیا شەڕی کوردستانە

دوران کاڵکان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى ئەمدواییەى کوردستان و تورکیا و ناوچەکەوە قسەى بۆ کەناڵى ئاسمانیى میدیا هەبەر کرد.

دوران کاڵکان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى پێشهاتەکانى سوریا و دوایین بارودۆخى عەفرین و ئیدلب و قەیرانى ئابورویى تورکیا قسەى بۆ کەناڵى ئاسمانیى میدیا هەبەر کرد. راشیگەیاند، داڕمانى ئابووریى تورکیا پەیوەندیى بە شەڕی کوردستانەوە هەیە.

قەیرانى ئابووری بەهۆى شەڕەوەیەوە

کاڵکان وتى "مرۆڤ دەتوانێت لەبارەى داڕمانى ئابووریى تورکیاوە بڵێت، لە سەرحەد، دێرسیم، ئامانۆس، ئامەد، عەفرین و برادۆست شەڕ هەیە. سوپاى تورکیا رووی کردووەتە هەموو ناوچەکان. خەرجییە داراییەکان بەهۆی داوا و خواستى دیکتاتۆرەوە خەرج دەکرێن. گوایە لە پەرلەمان بودجە قسەى لەسەر دەکرێت و پەسەند دەکرێت، بەڵام تەنها ١٠% بودجە دیارە و ئەوی تری شاراوەیە. ئەوەش لەلایەن سەرۆک کۆمار، سوپا، میت و دەزگاى ئایینییەوە خەرج دەکرێت. ئەو پارەیە بۆ شەڕ لە دژی کورد و بۆ شەڕی سڕینەوە و پاکتاوکردن خەرج دەکرێت. لە ژێر ئەو هەڵاوسانەدا ئەو شەڕە دەکرێت. دەوترێت ئەو بودجەیە بۆ دەزگاى ئایینى تەرخانکرابوو بەشی نەکردوون و داواى بودجەیەکى تریان کردووە. ئەو بودجەیە لە چیدا خەرج دەکرێت؟ ئەو بودجەیە بۆ فریودانى کوردان خەرج دەکرێت. دزگاى دیانەت و ئایینى تورکیا خزمەتى شەڕی تایبەت دەکات، زۆربەى ئەندامەکانى سیخوڕی میتن. پەیوەندیى بە داعشەوە هەیە، پەیوەندیى بە قاعیدەوە هەیە. ئەگەر پارە بەو شێوەیە خەرج بکرێت ئەوا هەر دۆلارێک دەبێتە ١٠ لیرەو بگرە زیاتریش. رەنگە من باش شارەزای کاروبارى ئابووری نەبم، بەڵام باش لەشەڕ و تێچووى شەڕ تێدەگەم. شەڕی ٣٤ ساڵە کاریگەریى بەسەر ئابوورییەوە هەیە. ئێمە بینیمان ئابووریى تورکیاى بە کوێ گەیاند. قەیرانى ئابووریى تورکیا پەیوەندیى بە قەیرانى ئابووریى جیهانەوە نییە. ئەو قەیرانەى تورکیا پەیوەندیى بە شەڕ و پاکتاوکارییەوە هەیە. لە ژێر ئەو قەیرانە ئابوورییەدا شەڕ و کوشتار هەیە. دەوترێت ٣ ملیۆن کەس لە تورکیا نایانەوێت سەربازی بکەن. لەبەر ئەوەش یاساى کڕینى سەربازییان پەسەند کردووە. ئەو کەسانەى کە ناتوانن رەوانەى شەڕیان بکەن ئەمجارە پارەیان لە بریى نەچوونیان بۆ شەڕ لێوەردەگرن. لە بەرامبەردا سەرباز بە کرێ دەگرێت و بەو سەربازانەى بە پارە شەڕ دەکەن کوشتار ئەنجام دەدات.

با کەس پارە نەدات. ئەو پارەیە کە دەدرێت بە کوشتار سەرماندا دەشکێتەوە. عەفرینیان خاپوورکرد، لە باشوور زۆر شوێنیان داگیرکردووە. هەموو رۆژێک هێرشى ئاسمانى ئەنجام دەدرێت. ئەوانە هەموویان بە پارە دەکرێت. فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندان، ئەوەش هەمووى پارەى دەوێت. ئەوانەى کە پارە دەدەن دەبنە شەریکى ئەو کوشتارە. تاوەکو ئەو شەڕە بەردەوام بێت لە تورکیا قەیران زیاتر و قوڵتر دەبێت. رەنگە تاوەکو سەری ساڵ داڕمێت و هەڵوەشێتەوە. ئەگەر درێژە بەو سیاسەتەیان بدەن، ئەوا وەک حکومەتەکانى پێش خۆیان هەڵدەوەشێنەوە".

باردۆخى سوریا ئاڵۆز و شێواوە و هیچ شتێک روون نییە

کاڵکان لەبارەى دۆخى سوریاوە وتى "دۆخى سوریا ئاڵۆزە و شێواوە. لە زۆر شوێن چاوپێکەوتن و رێککەوتن ئەنجامدراون، بەڵام شتێکى روون و زەق بوونى نییە. لە زۆرێک لە بەرەکاندا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئاڵۆزى هەیە. بارودۆخى عێراقیش بەرچاو و دیارە. لە ١٢ى ئایاری ٢٠١٨دا لە عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە و دیار نییە کێ سەردەکەوێت. وتیان دەنگەکان دەژمێردرێنەوە، بەڵام ئەنجامەکەى چییە تاوەکو ئێستا کەس ئاشکراى نەکردووە. لە بەسرە و بەغدا گەل رژاونەتە سەر شەقامەکان. لە عێراق بارودۆخێکى ئاڵۆز لە گۆڕێیە. ئاڵۆزیى نێوان ئەمریکا و ئێران و عێراق لەو بوارانەدا خۆى دەرخستووە. چاوپێکەوتن و سازش و سەودای قوڵ لە گۆڕێیە. دەوترێت لە سوریا داعش بەرەو کۆتایى دەچێت و ئەو قۆناغە سیاسییەیان دەستپێکردووە. بەڵام هەر کات باسى دەستپێکردنى قۆناغى سیاسی دەکرێت شەڕ زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت. رژێم ئۆپراسیۆنى دەستپێکردووە. لە حەلەب، لە لازقییە لە نێوان عەفرین و ئیدلبدا ئۆپراسیۆن هەیە. لە راستیدا دەیانەوێت لە ئیدلب تورکیا گەمارۆ بدەن. ئەو دۆخە بەرەو کوێ دەڕوات هێشتا دیار نییە. وا دیارە رووسیا، ئێران، ئەوروپا و ئەمریکا بۆ هێرشى تورکیا لە دژى عەفرین، کە لە ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا دەستپێکرد، لە رووی زەمەنییەوە کاتیان بۆ تورکیا دیاریکردبوو. ئێستاش دەڵێن، کاتەکە کۆتایى پێهاتووە و پاشەکشە بکە. ئێمە لەو کاتەشدا وتبومان، ئەگەر تورکیا بچێتە عەفرین ئەوە دواتر نایەوێت بکشێتەوە، بەڵام ئێوە هەمووتان بوون بە یەک و رێگاتان بە تورکیا دا بچێتە عەفرین. بوونی تورکیا لە عەفرین داگیرکەرییە. ئەگەری ئەوە هەیە شەڕ لە سوریا قوڵتر بێتەوە. دەبێت لەوە تێبگەن، کە کورد عەفرین بۆ تورکیا دەکاتە گۆڕستان و دەیکاتە گۆڕستانى ئەردۆغان.

لە هەمان کاتدا شەڕی جیهانیى سێیەم و تێکۆشانى ئازادیى کوردستان تێکەڵ بە یەک بوون، چونکە هەموو قەیرانەکان بەهۆی سیاسەتى سڕینەوە و پاکتاوکردن و لەناوبردنى کوردەوە دروستبوون. کاتێک کورد دەڵێت، ئێمە بوونمان هەیە، سەودا و مامەڵەکانیان تێکدەچێت. لەبەر ئەوەش دەبێت تورکیا بە باشی سەیری دۆخەکە بکات. ئەگەر رێگا بدرێت گەل پێکەوە و بە ئازادی بژین، ئەوا دەتوانن رێگا لە دەستێوەردانى دەرەکى بگرن".

ر.م