کاڵکان: هەر یەک لەو شەهیدانە یادەوەری و یادگارى مرۆڤایەتین

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، عەلی ئاکتاش، ئەمروڵا دورسون، میکائیل ئۆزدەمیر، ڤەهیب تەکین و جەلال ئۆزتورک، کە لە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١ی خاکەلێوە (نەورۆز)دا شەهید بوون، هەر یەکێکیان یادەوەرییەکى بڕوا و مرۆڤایەتین.

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە یادی سینانی سوور (عەلی ئاکتاش)، سەرحەد ئامانۆس (ئەمروڵا دورسون)، ناڤدار سینگیر (میکائیل ئۆزدەمیر)، سەرحەد شافاک (ڤەهیب تەکین) و شیار فاراشین (جەلال ئۆزتورک)، کە لە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١ی خاکەلێوە (نەورۆز)دا لە هێرشی ئاسمانیى دەوڵەتى تورک دا شەهید بوون بەرز راگرت و رایگەیاند، یادەوەری و بەرز راگرتنى یادیان دەگۆڕن بۆ هێز، رێکخستنبوون و تێکۆشانێکى گەورە.

کاڵکان راشیگەیاند، لە هەر شوێنێک پێشکەوتنێکى شۆڕشگێڕی بەدی بێت و هۆشمەندیى کورد تیایدا بەرەو پێش بڕوات هێرشی دەکرێتە سەر، چونکە هەوڵ دەدرێت رێگری لەو پێشکەوتنانە بکرێت و وتى "لە شەنگال هێرشیان کردە سەر ئەو هاوڕێیانە کە رێگرییان لە کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى شەنگال کرد، بۆ بە رێکخستنکردنى کۆمەڵگەى ئێزدی رەنجێکى زۆر گەورەیان دابوو. کوشتنى هاوڕێ زەکی ئەو ئامانجەى لە پشتەوە بوو. چونکە ئێزدییەکانى گەیاندە ئەو ئاستە و ئەویان بە بەرپرسی ئەو تێکۆشان و کارە زانی و کردیانە ئامانج. لە راستیدا کوشتنى هاوڕێ زەکی کوشتنى ئێزدیایەتی بوو".  

کاڵکان ئەوەشی راگەیاند، کوشتنى ٥ هاوڕێیان لە قەندیل و لەم دواییەشدا کوشتنى دیار غەریب هەر بەو شێوەیە ئەنجامدرا. هێرشەکان بە ئەنقەست و بەشێوەیەکى بە رێکخستنکراو و بەرنامە بۆ دانراو ئەنجامدران.

"پشتیوانى لە هێزە خۆجییەکانەوە وەردەگرن"

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، دەبێت ئەوە بزانرێت، کە کۆماری تورکیا و میت بە بێ هاوکاریى خۆجێیى ناتوانێت هێرش بکاتە سەر قەندیل و لەوبارەیەوە وتى "ئێمە دەمانەوێت لەوە تێبگەین و لەم رێگەیەوە دەمانەوێت جارێکیتر بپرسین، باشە ئەوانە لە چوارچێوەى رێکککەوتن و بە ئەنقەست و بەرنامە بۆ دانراودا ئەنجامدران، یان لە ناو ئەواندا (لایەنە خۆجێیەکاندا) هەندێک کەس هەیە، کە سیخوڕی بۆ میت دەکەن؟ ئێمە دەمانەوێت لەو تێبگەن. ئێمە ناڵێین، بەڕێوەبەریى باشوروی کوردستان، پەدەکە و یەنەکە بە تەواوی هاوکاریى کۆماری تورکیا دەکەن و لەگەڵیاندا بەشێوەى بەرنامە بۆ دانراو دەجوڵێنەوە، بەڵام دەکرێت لە ناو ئەواندا رێکخستنێکى شاراوەى میت هەبێت و هاوکارییان بکات".

کاڵکان وتیشی، دەکرێت کەسانێک، کە سیخوڕی بۆ دەزگای سیخوڕیى تورک (میت - MÎT) دەکەن لە ناو خۆیاندا پاک بکەنەوە و گرنگترین کاریش ئەوەیە، کە دەبێت هەڵوێستێکى سیاسی و سەربازی لە خۆیان نیشان بدەن.

کاڵکان بانگەوازی بۆ ئەو هێزانە ئەوەیە، کە راستیى تاوانباران ئاشکرا بکەن و پێکەوە لێپرسینەوەیان لێ بکەین. ئەوەشی وت "ئەگەر نا پەکەکە بۆ خۆی دەتوانێت بە تەنها و سەربەخۆ ئەو کارە بکات. خۆی لە خۆیدا هێزی ئەوەى هەیە و بزووتنەوەیەکى مێژوویى حساب پرسین و لێپرسینەوەیە و لە باجدان و قوربانی دانیش خۆی نابوێرێت".

"میلیتان و جەنگاوەری گەورە، کەسایەتییەکی گەورە بوو"

کاڵکان باسی کەسایەتیى گیانبەختکردوانى کرد و رایگەیاند، عەلی ئاکتاش لەو کاتەوە کە پەکەکە دامەزراوە پەیوەندیى بە پەکەکە کردووە و لە ساڵی ١٩٧٨ دا بەشداری پەکەکە بووە و راشیگەیاند "لە تەمەنی گەنجییەوە راستیى بینى، راستیى رێبەر ئاپۆ، راستیى ئازادی و هەبوونی کورد و پەکەکەى بینی. بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە خۆی پەیوەست کرد و لە ماوەی ٤٠ ساڵ دا لە هەر ٤ لاى کوردستانەوە لە ناو تێکۆشانی جۆراجۆر دا بوو. کەسایەتییەکی میلیتان و جەنگاوەر و کەسایەتییەکى قارەمانى بۆ خۆی ئافراندبوو".

کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو هاوڕێی عەگیدەکان، بێریتانەکان، زیلانەکان، ئەرداڵەکان و هاوڕێی هەزاران شەهید بوو.

کاڵکان ئەوەشی وت "چ زستان، چ شەو، چ رۆژ بۆ بەهێزکردنى گەریلا، بۆ ئازادیى کۆمەڵگەى کورد و ژنان و گەنجان، بۆ تێکۆشان بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوو. شەڕڤانێکى گەورە، کەسایەتییەکى بەهێز، رەنجدەرێکى شۆڕش و فەرماندەیەکى گەورە بوو".

کاڵکان ئەوەشی خستەڕوو، عەلی ئاکتاش شاگردێکى باشی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو و لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتیى بەهاکانى ئازادیى دەکرد.

"هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى جێبەجێ دەکرد"

کاڵکان لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتى، سەرحەد ڤارتۆ لە ساڵی ١٩٩١ لە گمگم بەشداریى ناو ریزەکانى تێکۆشان بوو و وتیشی "ماوەیەکى دوور و درێژ لە ناو گەریلادا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى خۆی جێبەجێ دەکرد. لە قورسترین هەلومەرجەکاندا بە شێوەیەکى چالاکانە بەشداری تێکۆشانی گەریلا بوو. لە شەڕڤانییەوە تاوەکو فەرماندەیى ئەیالەت، هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى خۆی جێبەجێ کرد.

کاری ئایدۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتیى بەرێوەدەبرد. هەر وەک هاوڕێ سینان ئەویش لە دەرەوەى وڵات کار و تێکۆشانی ئەنجامدا. چووەتە هەموو ناوچەکانى کوردستان و بۆ زاناکردن و هۆشیارکردنەوەى گەلی کورد، بۆ پەروەردەکردن و رێکخستنکردن لە هەوڵ و  تێکۆشاندا بوو".

کاڵکان ئەوەشی خستەڕوو، ڤارتۆ دوایین ئەرک و بەرپرسیارێتیى ئەندامبوون بوو لە کۆمیەتى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەکەکە و کەجەکە و بە تێکۆشانی ٣٠ ساڵەى خۆی لە مێژووی کورد و مرۆڤایەتیدا جێ پێى خۆی چەسپاندووە.

"کاریگەر و ئافرێنەر بوو"

کاڵکان ئاماژەى بەوەکرد، ناڤدار لە ساڵی ١٩٩٣ لە خەزران بەشداری ریزەکانى گەریلا بووە و لە هەلومەرجی قورس و دژواری ئامەد دا گەریلایى کردووە.

کاڵکان رایگەیاند، لە هەموو ئاستەکاندا فەرماندەیى گەریلایى کردووە و وتی "لە کاری سیاسی و کۆمەڵگەیشدا بەرپرسیاری و ئەرکەکانى جێبەجێ کردووە. لە کاری ئێمەشدا بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى رێکخستن رۆڵی هەبوو. بە راستیش کاریگەر و ئافرێنەر بوو. بۆیە لە هەموو ناوچەیەک کە ئەوی لێ بوایە، کاری ئافرێنەرانە و خوڵقکارانەى ئەنجام دەدا. ماوەیەکى زۆر لە کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەدا بوو".

"یادگارى مرۆڤایەتى بوون"

کاڵکان وتی "هاوڕێ سەرحەد شافاک ماوەیەکى درێژ لە ناو ریزەکانى گەریلادا بوو. لە زۆرێک لە ناوچەکاندا گەریلایى کرد و چەندین ئەرکی جۆراجۆری ئەنجامدا. هاوکات لەگەڵ گەریلایی دا کادێرێکى ئایدۆلۆژیش بوو. لە دەرەوەى وڵاتیش کار  و تێکۆشانی کردبوو. هەولێ دەدا لە هەموو شوێنێکدا نوێنەرایەتیى میلیتانى حیزب بکات".

کاڵکان راشیگەیاند، هاوڕێ شیار تازە بەشداری ریزەکانى گەریلا بوو و وتى، خاوەنی ورە و وزە و توانا و جۆشی گەنجانی سەردەمی نوێ بوو.

کاڵکان وتیشی "بەر استیش هەر یەک لەو هەڤاڵانە یادەوەرییەکى مرۆڤایەتى بوون، ئەنجوومەنێکى بڕوامەند بوون، راستیى ژیانی ئازاد بوون".

ر.م