کۆبوونەوەى هەڵبژاردن لە ئاگری؛ گەلی کورد زوڵمى لە بیرناچێتەوە!

هەدەپە لە ئاگرى کۆبوونەوەیەکى جەماوەریى بەرفراوانى رێکخست. لەو کۆبوونەوەیەدا راگەیاندرا، هەدەپە وەک بەرد لە بەرامبەر فاشیزمدا راوەستاوە و گەلی کورد هیچ شتێکی لە یاد ناچێتەوە و دەنگ بە ئاکەپە نادات.

رێکخستنى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە گۆڕەپانى دۆرت یول لە ئاگری کۆبوونەوەیەکى جەماوەریى رێکخست. پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ پەرلەمانى تورکیا لە ئاگری، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، کەزبان دوملو ئۆگەل، عەبدوڵا کۆچ، بەدران ئۆزتورک لەگەڵ ئەرتوغرول کورکچو پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئیزمیر بەشدارى کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بوون.

هەزاران کەس لە گۆڕەپانى کۆبوونەوەکەدا بوون و دروشمی "ئێمە بە بەرخۆدانەکەمان سەردەکەوین" دەوتەوە و لافیتەى "بە بێ هەدەپە نابێت" و "پەرلەمان بە بێ هەدەپە قبوڵ ناکەین" بەرزکرابوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گەل بە ورە و خرۆشانێکى زۆرەوە بەشدار بوون و ژنان جانتاکانیان دانا و شاییان گێڕا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا گوێ لە وتەکانى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار گیرا، کە لە تى ئاڕ تى بڵاوکرابوویەوە و هاووڵاتییان بە حەز و خۆشەویستییەکى زۆرەوە گوێیان لە وتەکانى دەگرت.

"گەلی ئاگرى لە ٢٤ى حوزەیراندا بە ئازارەکان دەڵێت، تەواو"

کەزبان دوملو ئۆگەل پاڵێوراوى هەدەپە لە ئاگری لە بەردەم جەماوەردا وتى "هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران بۆ ئێمە هەم مێژووییە و هەم زۆریش گرنگە. هەڵبژاردنێکە بۆ ویژدان، چونکە گەلی کورد ئەوەى بە درێژایى مێژوو تاوەکو ئەمڕۆ بە سەریدا هاتووە لە بیری ناکات و لە بیریشى ناچێتەوە. گەلی کورد هەرگیز کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی، زیلان، دەرسیم، جزیر و بە تایبەتى هەستى دایکان لە بیر ناکات".

"فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە لە ئاگری یەک دەنگیش بە دەست ناهێنن"

دواى ئۆگەل، دیلان دیرایەت تاشدەمیر پاڵێوراوى هەدەپە لە ئاگرى باسى ١٦ ساڵ دەسەڵاتداریى ئاکەپە کرد و رایگەیاند "ئاکەپە هەرگیز کێشەکانى ئاگریى چارەسەر نەکردووە. ئاگری لە ماوەى دەسەڵاتداریى ئاکەپەدا تا ئاستى ناوچەیەک گەڕێندراوەتەوە بۆ دواوە. گەلی ئاگری بڕیارى خۆی داوە و لە ٢٤ى حوزەیراندا دەڵێت، تەواو و دەنگێکیش بۆ فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە ناچێت".

ئۆزتورک: سەربارى هەموو گوشارەکان گۆڕەپانەکە لێوانلێوە لە گەل

بەدران ئۆزتورک هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پاڵێوراوى هەدەپە لە ئاگری باسى ئەوەیکرد، ئەو سیاسەتەی ئاکەپە بەرامبەر بەگەل بەڕێوەى دەبات، مایە پووچ بووە. وتیشى "حکومەتى ئاکەپە لە جزیر کارێکى کردووە، کە ئێمە لە پێناو هەڤاڵە زیندانیکراوەکانماندا بڕۆین بۆ دەنگدان و خاوەندارى لە ورە و ئیرادەیان بکەین. ١٩ ساڵە ئاکەپە تەنها بەڵێن بە گەلی ئاگرى دەدات. لە دەرەوەى باسکردن لە بەڵێنەکانى هیچى ترى نەکردووە. سەربارى هەموو هێرش و گوشارەکان بۆ سەر گەلی ئاگری، ئەم گۆڕەپانە لێوانلێوە لە گەل. ئێمە وێنەى ئەم کۆبوونەوەیە بۆ جین عەلی دەنێرین. ئێمە لە ٢٤ى حوزەیراندا نسێبین، جزیرا بۆتان، سوور، جەمیلە و بە تایبەتى هەستى دایکان لە بیر ناکەین".

"پێش ئەردۆغان دڕۆین بۆ دەنگدان"

ئەرتوغرول کورکچو پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئیزمیر رایگەیاند، هەدەپە حیزبى ژنان، گەنجان و هەموو بەش و چین و توێژە جیاوازەکانە. راشیگەیاند "ئێمە دەبینە هاوکار و پاڵپشتى دیموکراسی. ئەگەر ئێمە نەبین دیموکراسیش نابێت و بەدی نایەت. ئێوە ناتوانن ٦ ملیۆن دەنگدەر بە نەبوو ئەژمار بکەن و لە تورکیا حکومەت دابمەزرێنن.  یان لەگەڵ ئێمە، یان لەگەڵ ئێمە، یان ئازادى، یان ئازادى. سەربارى هەموو ئەو حیلە و ساختەکارییەی ئەردۆغان ئەنجامى دەدات، دیسانەوە هەر ئەردۆغان دەدۆڕێت".

دواتر هونەرمەند کەمال ئامەدی چووە سەر تەختە و گۆرانى بۆ ئامادەبوان چڕی و دواى ئاهەنگ و شایى کۆتایى بە کۆوبونەوە جەماوەریەک هات.

ر.م