کۆدار رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیاری پیرۆز کرد

کومیتەی ئایین و باوڕی کۆمەڵگای دێموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (کۆدار) بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک رێوڕەسمی زەماوندی پیرشالیاری پیرۆز کرد.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆدار

مێژوو و فه‌رهه‌نگێكی پڕ له‌ شانازی

  مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکانی دیكه‌ بە بێ کۆمەڵایەتی بوون و پێکەوە ژیان هەبوونی واتای نامێنێت، یەک لە گرنگترین هۆکاره‌كان بۆ بەکۆمه‌ڵگا بوونی مرۆڤایەتی، باوەڕیە، کە لەناو هەر تیرە و هۆز و عەشیرە و نەتەوەیەکدا بە شێوازێک بووە و هەیە. لە گیانلەبەرێکەوە بگرە تا بێ گیانێک و تا دەگاتە تاکه خودایی، لەناو کۆمەڵە مرۆڤەکاندا جیاوازی هەبووە و هەتا ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە.

دین و باوەڕی بووه‌ته‌ پارێزه‌ری ئەخلاقی و چاندی کۆمەڵگا. گەلی کوردیش گەلێکە کە مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە و بە درێژایی مێژوویش خاوەنی باوەڕی خۆی بووە. لە ئانیمیزمەوە بگرە تا دەگاتە میترائیزم، ئایین و باوەڕەکەیشی کاریگەریەکی بەرچاوی لە سەر نەتەوەکانی دیکە هەبووە. تا دوایی کە دینی ئیسلام جێگای ئایینەکانی تری گرتۆتەوە، بووەتە باوەڕی بەشی هەرە زۆری گەل، چونکە دین بەشێکی ئەساسی چاندی کۆمەڵگای کوردی بووە، بە ئاسانی بە گۆڕانکاری دینی، هەموو پیرۆزی و بۆنەکانی لەناو نەبردوە و نەیتواندۆتەوە. هەر چەن لە لایەن باوەڕی نوێوە بە بیانۆی جیا جیا تۆمەتبار کراوە و سزا دراوە.

رێوڕه‌سمی زەماوەندی پیرشالیار لە هەورامانی تەخەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکە لەو چاندە باوەڕییە کە لە دەمی ئایینی میترائیزمەوە دەستیپێکردوە، ئەگەرچی تا ئاستێك باوەڕی ئیسلامی کاریگەری لە سەری هەبووە، بەڵام دیسان ناوەڕۆکی فه‌رهه‌نگی و ره‌سه‌نایه‌تی بۆنەکە، پارێزراوە و بووه‌تە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی باوەڕمەندانی زەردەشتی دنیا لای یەکتردا و مرۆڤ ئەتوانێ بێژێت کە هەر دو شوێنکەوتوانی زەردەشتی و ئیسلام بەو پەڕی رێزەوە بەشداری مەراسمەکە دەبن. ئەمەیش ئاماژە بە ئاشتیخوازی ئایینەکانه‌ لە جەوهەری خۆیاندا و پێکەوە ژیان و ئەخلاق ناوەڕۆک و ئامانجی هەمویان بووە.

 بە بۆنه‌ی رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار کە بە (زەماوەنه‌و پیری) بە ناوبانگە و هه‌رساڵه‌ له‌ ۱۵ی مانگی ڕێبه‌نداندا واتا نیوه‌ی وه‌رزی زستان به‌ڕێوه‌ده‌چێ،‌ پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو باوەڕمەندان و گەلی کورد بەگشتی و گەلی هەورامان بە تایبەتی دەکەین.

کومیتەی ئایین و باوڕی کۆمەڵگای دێموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (کۆدار)

ژ.ت