کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی ڕایگەیاندووە، کە ئەگەری لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی لە بێدەنگییەکی تەواودا هەیە.
ئەو کەمپەینە ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی هەواڵگریی سپا و ئیتلاعات دۆسییەی ڕامین حسێن پەناهی پشتگوی دەخەن بۆ ئەوەی سزاکە جێبەجێ بکرێت، سزاکە پێش ئەوەی بنێردرێت بۆ لقی سنەی دادگای شۆڕش بۆ ئەوەی ئەرێ بکرێت، نێردراوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و لەوێ ئەرێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی حکومەتی ئێران لە کوردستان بە بەڕێوبەرانی زیندانی سنەیان وتووە، کە سزای ڕامین حسێن پەناهی دەبێت پاش جەژنی ڕەمەزان لە بێدەنگیدا و بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی جێبەجێ بکرێت، هەروەها دەبێت تەنیا کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی سزاکەی لە بەندەکەی بەرەو پەتی سێدارە ببرێت بۆ ئەوەی هەواڵی لە سێدارەدانەکەی پێش لەسێدارەدانی، دزەنەکاتە دەرەوەی زیندان.
ئەو کەمپەینە ڕایگەیاندووە: مەبەست لەو کارانە ئەوەیە کە ڕێگریی بکرێت لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە دژی لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی.
جێگای ئاماژەیە، کە پێشتر لە ڕۆژی ١٩ی ئایار /٩ی بانەمەردا بەرپرسانی زیندانی سنە بە خانەوادەی ڕامین حسێن پەناهییان ڕاگەیاندووە، کە ناوبراو بە دڵنیاییەوە پاش جەژنی ڕەمەزان لەسێدارەدەدرێت.
ک-ش