کێن ئەو دایکانەی لە مەخمور بەرخۆدان دەکەن؟

دایکانی ئاشتی کەمپی پەنابەری مەخمور، ١٣ڕۆژە لەبەردەم خاڵی پشکنینی ئاسایشی پەدەکە بۆ کۆتایی پێهێنان بە گەمارۆ لەسەر کەمپەکەیان بەرخۆدان دەکەن. ئەو دایکانە دەڵێن هەتا گەمارۆ کۆتایی بێت ئێمە بەرخۆدان دەکەین، ژیانیان بە تەواوی بە بەرخۆدان گوزەراوە.

دوای ئەوەی عوسمان کۆسە-ی بەرپرسیاری میت، ١٧ی تەمووزی ٢٠١٩/٢٦ی پووشپەڕ لە باشوری کوردستان کوژرا، یەکەمین کار کە پەدەکە و ئیدارەی هەرێم کردیان، گەمارۆیان خستە سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخمور). ئەوەش کاریگەرییەکی قورسی کردە سەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی کەمپەکە.

بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی دانیشتوانی کەمپەکە بێ ئەنجام بوو، دایکانی ئاشتی کەوتنە جموجۆڵ. بۆ ئەوەی هۆکاری گەمارۆکە بزانن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی باشوور و ئاسایش بکەن. رۆژی ١ی ئەیلولی ٢٠١٩/١٠ی خەرمانان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ئاشتی جیهان، ویستیان بچنە هەولێر. بەڵام ئاسایشی پەدەکە نەیانهێشت دایکانی ئاشتی بچنە ناو شاری هەولێر. بەو هۆیەوەش دایکانی ئاشتی لەبەردەم ئاسایشی پەدەکە دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد و ئێستا ١٢ ڕۆژە بەردەوامە.

هەر یەکیان خاوەن چیرۆکێکی بەرخۆدانە

هەریەک لە دایکانی ئاشتی کە لەبەردەم ئاسایشی پەدەکە بەرخۆدان دەکەن، خاوەن چیرۆکێکی بەرخۆدانن، ژیانیان لە بەرخۆداندا بەسەر بردووە. دایکانی ئاشتی کە گوشار، زوڵم و ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورک، هەروەها بەهۆی سووتانی گوندەکانیان هەڵاتونەتە باشوری کوردستان، نزیکەی ٢٥ ساڵ لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی باشور لە کەمپەکان بونەتە پەنابەر. لە هەر کەمپێک کە لێی ماونەتەوەش بە بیانووی جیاواز بوونەتە ئامانجی هێرش و گەمارۆکان. دایک دەڵێن بە بەرخۆدان لەدژی ئەو هێرشانە خۆیان گەیاندوەتە ئەم ئاستە.

'هەتا گەمارۆ لادەبرێت ئێمە لێرەین'

یەکێک لەو دایکانە هاجەر کارا-یە، بە دایکی 'شەهید شەربەت' ناسراوە. هاجەر کارا تەمەنی ٦٠ ساڵە و دایکی ٩ منداڵە، زۆربەی منداڵەکانی لە کامپەکانی باشوور لەدایک بوون.

هاجەر کارا باسی بەسەرهاتی خۆی کرد: "بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندەکەمان دەرچووین و سەرەتا هاتینە زاخۆ. لە زاخۆ چوینە ئەتروش و لەوێ لە کەمپی نەهدارا ماینەوە و دواتر هاتینە کەمپی مەخمور. دەوروبەری ٢٥ ساڵە لە وڵاتی خۆمان کۆچبەرین. لە کەمپەکانی دیگە زۆر گوشاریان بۆ هێناین. هێرشیان کردە سەر کەمپەکەمان. گەنجەکانمانیان کوشت.. ئێستاش دوو مانگە بەهۆکارێکی نادیار گەمارۆ لەسەر کەمپەکەمان هەیە. ناهێڵن نەخۆش بچنە نەخۆشخانەکان. ناهێڵن خواردن، دەرمان و چەندین پێداویستی دیکە بگەنە کەمپەکە. هەتا چەند ڕۆژێک نەیاندەهێشت منداڵەکانمان کە لە هەولێر و سەلاحەدین دەخوێنن بچنە خوێندنگەکانیان. ئێمە نازانین بۆچی گەمارۆ سەپێندراوە. بۆ زانینی هۆکارەکەی ئێمە هاتین، بەڵام نەیانهێشت بچینە هەولێر. ئێمەش لێرە دەستمان بە چالاکی کرد. تەنیا شتێکمان دەوێت؛ ئەو گەمارۆ بێ واتا و بێ هۆکارە لاببەن. هەتا گەمارۆ لادەبرێت ئێمە لێرە دەبین".

دوو ڕۆڵەی گەریلان، خوشکێکیشی شەهیدە

یەکێک لە بەرخۆدێرانیش دایکە هاجەر-ە، دایکی ٧ منداڵە و دوو کوڕی لەناو ڕیزەکانی گەریلان، خوشکێکیشی شەهید بووە. لەناو بنەماڵەکەیدا چەندین شەهید هەن. لە بنەماڵەکەیدا ئێستا ٦ گەریلا هەن.

دایکە هاجەر-یش باسی بەسەرهاتی خۆی کرد:

لە ساڵی ١٩٩٤ ناچار بووین لە گوندەکەمان کۆچ بکەین. سەرەتا هاتینە کەمپی بهێرە. نزیکەی ٦ مانگ لەوێ ماینەوە، دواتر ناچار بووین ئەوێش بەجێ بهێڵین. نیوەشەو ئێمەیان دەرکرد. لەوێوە ئێمەیان بردە بیرسوێ. لەوێش لەناو هەلومەرجی قورس ماینەوە، ماڵ نەبوو. ژیانمان لەو ناوچەیە ناخۆشترین ژیان بوو. دواتر چوینە ئەتروش و ناچار بووین ساڵ و نیوێک لەوێ بمێنینەوە. نەمانتوانی لەوێ بمێنینەوە، چونکە هەلومەرجی ژیان لەوێ زۆر سەختتر بوو. لەوێشەوە ناچار بووین بچینە نەهدارا. ئەو کاتە چوار منداڵم هەبوون، بە چوار منداڵەوە ئێمە کەمپە و کەمپ دەگەڕاین. لەوێوە چوینە موسڵ، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت چووینە مەخمور. ئێستا نزیکەی ٢٠ ساڵە لە مەخمورین. کاتێک هاتینە کەمپەکە شتێک نەبوو. ئاویش نەبوو، پڕ بوو لە دووپشک، بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە چەندین منداڵ گیانیان لەدەست دا. دارێکی لێ نەبوو لەژێر سێبەری بحەسێینەوە. ئیشمان کرد و خانووی بەردمان دروست کرد. ئێمە ژیانمان لەو ناوچەیە خوڵقاند. لەو ڕۆژەی ئێمە هاتوینەتە ئەو ناوچەیە هیچ نەماوە بەسەرمان نەیەت. چەندین جار گەمارۆی خستە سەر کەمپەکە، هەندێک ڕۆژ نانیشمان دەست نەدەکەوت. ویستیان تەسلیم ببین، بەڵام سەرنەکەوتن. ئێسا جارێکی دیکە گەمارۆیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، هیچ هۆکارێکیشی نییە. دەمانەویست بچینە سەردانیان و داوای هۆکاری گەمارۆکەیان لێ بکەین، بەڵام نەیانهێشت بچینە هەولێر. لەبەر ئەوەیە ئێمە لەم ناوچەیە دەستمان بە چالاکی کردووە و هەتا ئەنجامیش وەرنەگرین لە چالاکی خۆمان بەردەوام دەبین".

لە وڵاتی خۆماندا کۆچبەرین

قومری تونچ-یش تەمەنەکەی لە وڵاتەکەی لە ڕێگەی کۆچەریدا بەسەر چووە. لە ساڵی ١٩٨٤ بزووتنەوەی ئازادی کوردی ناسیوە، لە ساڵی ١٩٨٨ براکەی بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ لە وڵاتەکەی کۆچبەر بووە، هێشتاش کۆچبەرە.

قومری توچ وتی: "لە ساڵی ١٩٩٤ ناچار کراین گوندەکەمان بەجێ بهێڵین. ئەو شوێنەی یەکەم جار ئێمەیان بۆ هێنا کەمپی بهێرێ بوو. دوای ئەوەی چەند مانگێک لەو ناوچەیە ماینەوە کە هیچ شتێکی لێ نەبوو، ئێوارەیەک سواری ئۆتۆمبیل بووین و بە شێوەی قاچاغ چوینە ناو بیسپیێ. لە وڵاتی خۆمان جێگەمان نەبوەوە، بۆیە بوینە کۆچبەر. زوڵمە مرۆڤ لە وڵاتی خۆی کۆچبەر بێت و شوێنێک نەبێت تێیدا بمێنێتەوە.

دوای دوو ساڵ چووینە ئەتروش، لەوێشەوە چوینە موسڵ. لە ساڵی ١٩٩٧ لە مووسڵ هێشتا چەند مانگێگ تێنەپەڕیبوو شەڕی براکوژی دەستیپێکرد. پێشمەرگەکانی پەدەکە لە کۆڵان دەستڕێژیان لە کوڕە بێ تاوانەکەم کرد و کوشتیان. کوڕێکی دیکەشم لە ساڵی ٢٠٠٦ چووە ناو ڕیزەکانی گەریلا، ئەویش لە ساڵی ٢٠١٤دا شەهید بوو.

لە مەخمور ئیشمان کرد، لە کۆتاییدا شوێنێکمان بۆ خۆمان دروست کرد کە بتوانین تێیدا بمێنینەوە. لە هەموو شوێنێک نەماممان چاند. ئەو ناوچەیە هیچ شتێکی لێ نەبوو، بیابان و وشەڵانی بوو، کردمانە شوێنێک کە هەموو لایەکی سەوزاییە. بە ڕەنجی خۆمان ئەوەمان دروست کرد. هەتا ساغ بین لەم ناوچەیە دەبین. تا کۆتایی گرێدراوی دۆز و تێکۆشانی خۆمان دەبین".

ک-ش