کەجەکە: گەریلا دەوڵەتى تورکیای تووشى قەیرانی قوڵ کردووە

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجى خستە سەر قەیرانى ئابووریى تورکیا و رایگەیاند "ئەوەى ئێستا دەوڵەتى تورکیاى تووشی قەیرانێکى قوڵکردووە، گەریلایە، کە بە رۆحی ١٥ى ئابەوە خۆڕاگری دەکات".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیاندراوێکدا ٣٤هەمین ساڵیادى هەڵمەتى ١٥ى ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ى گەلاوێژی پیرۆز کرد.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "لە ٣٤هەمین ساڵیادى هەڵمەتى ١٥ى ئابدا و لە کەسایەتیى فەرماندەى گەورە مەعسوم کۆرکماز (عەگید)دا بە رێزەوە یادى هەموو شەهیدەکانمان بە بەرزی رادەگرین. جەژنى ژیانەوە لە رێبەر ئاپۆ، کە بە هەوڵە گەورەکانى هەڵمەتى ١٥ى ئابی خوڵقاند و هەروەها لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین".

کەجەکە رایگەیاند "هەڵمەتى ١٥ى ئاب راپەڕین و بەرخۆدانە لە دژى سڕینەوە و کوشتارى گەلی کورد. ١٥ى ئاب ئەو رۆژەیە،  گەلێک لە لێواری سڕینەوەدا بوو، بۆ ژیانەوەى خۆى ڕاپەڕی و دەستیکرد بە خۆڕاگری. لەبەر ئەوەش ١٥ى ئاب وەک جەژن و رۆژی ژیانەوە پیرۆز دەکەین".

١٥ى ئاب حساباتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەى دژ بە کوردی پووچکردەوە

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجى خستە سەر هەلومەرجی دەستپێکردنى هەڵمەتى ١٥ى ئاب و ئەو دەرەنجامەى لەگەڵ خۆى دروستیکردووە و هەروها ئەو رێگایە کە بۆ تێکۆشانى ئێستای گەریلای کردووەتەوە و رایگەیاند "لە سەردەمێکدا کە فاشیزمى ١٢ى ئەیلول بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیى لە تورکیا و کوردستان سەرکوتکرد و دەیانوت، ئیتر کەس ناتوانێت دەنگى خۆى لە بەرامبەر دەوڵەتدا بەرز بکاتەوە، هەڵمەتى ١٥ى ئاب دەستیپێکرد. دەستەى بەڕێوەبەریى فاشیست و سەربازیى ئەوەی لێکدابوویەوە، کە سیستم بە دەستووری بنەڕەتیى فاشیستى دەچەسپێنن و بۆ دەیان ساڵ جێگیر دەبێت و کەس ناتوانێت بەرەنگارى بێتەوە و لەو ماوەیەشدا کورد کوشتار دەکرێت و دەسڕدرێتەوە، بەڵام ١٥ى ئاب ئەو لێکدانەوە و حساباتانەى پووچکردنەوە و گورزێکى گەورەیى لە سیستمى پاکتاوکار دا. بە هەڵمەتى گەریلایى تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد خوڵقا و رێگاى بۆ تێکۆشانى دیموکراسیى گەلانى تورکیا خۆشکرد.

تێکۆشانى ٣٤ ساڵەی بێ نەسرەوتن

هەڵمەتى گەریلایى ١٥ى ئاب لە قورسترین هەلومەرجدا و بەشێوازێکى سەرکەوتوانە هەموو گرفت و لەمپەرەکان و هێرشەکانى تێکشکاند و ماوەی ٣٤ ساڵە بە شێوەیەکى بەردەوام و بێ نەسرەوتن بەردەوامیى هەیە. هەموو ئەو دەستکەوتانەى لە کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدەستهاتوون لە سایەى ئەو تێکۆشانەدا ئافرێنراون. گەلی کورد لە ژێر کاریگەریى تێکۆشانى گەریلادا و لەسەر بنەماى سەرهەڵدان لە کوردستان، شۆڕشی دیموکراتیک، شۆڕشى کۆمەڵایەتى و شۆڕشى رۆشنبیریى خوڵقاند و هێزى تێکنەشکاندنى خۆی سەلماند. نەک تەنها لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە هەموو بەشەکانى ترى کوردستان تێکۆشانى گەلی کوردی بەهێزتر کرد، لە باشوور و رۆژئاواى کوردستان رێگاى بە ڕووی دەستکەوتى گەورەدا کردەوە. لە هەموو ناوچەکانى کوردستان یەکێتى و هەستى نەتەوەیى لە ناو ئاستە جیاجیاکانى کۆمەڵگەدا ئافراند. هێزی تێکۆشانی گەلی کوردی خستەڕوو. لەسەر هێڵى ئازادیى ژن لە ناو کۆمەڵگەى کورد دا رێگاى بە ڕووی پێشکەوتنى بێ وێنەدا کردەوە و گەلی کوردی کرد بە گەلێکى پێشەنگ لە شۆڕشى دیموکراتیکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

هۆشمەندی و ئیرادەى ئازادیى گەلانى ئافراند

هەڵمەتى ١٥ى ئاب تەنها تێکۆشانى سەربازى نەبوو، بەڵکو زۆرترین ئەنجامى لە گۆڕەپانى سیاسی، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریدا دروستکرد. وەک گەورەترین هێزى گۆڕانکارى لە مێژوودا خۆى تۆمارکردووە. بووەتە چالاکییەک کە نەک تەنها چارەنووسی گەلی کورد، بەڵکو چارەنووسی هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گۆڕی. لە کاتێکدا، کە فاشیزمى ١٢ى ئەیلول و رژێمى دەسەڵاتپەرستەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیان خستبووە دۆخێکى بێهیوابوونەوە، ١٥ى ئاب هیوای ئازادیى هەموو گەلان و رێگاى داهاتووى ئازادیی بۆ گەلان کردەوە. ئەگەر ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە شەڕی جیهانیى سێیەمدا گەل داواى ئازادی دەکات و لە هەموو شوێنێک گەل رادەپەڕێت و هەڵوێست دەنوێنێت، ئەوە هەڵمەتى ١٥ى ئاب رۆڵێکى گەورەى لەوەدا هەیە، چونکە هەڵمەتى ١٥ى ئاب هۆشمەندی، ئیرادە و داواى تێکۆشانیى دیموکراسی و ئازادیى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى خستەڕوو.

گەریلا تورکیاى تووشى قەیران کرد

لە دۆخى شەڕی جیهانیى سێیەمدا، کە سەرلەنوێ هاوسەنگییەکان دروست دەکرێنەوە، دوژمنانى تێکۆشانى ئازادیى کورد و دوژمنانى ژیانى دیموکراتیکى گەلان بۆ ئەوەى رێگا لە هەڵوەشاندنەوەى خۆیان بگرن هێرش و پەلامارەکانیان زیاتر کرد. شێوازى تێکۆشانى فیدایى ١٥ى ئاب لە شەڕی جیهانیى سێیەمدا دەبێت بە شێوازی سەرخستنى تێکۆشانى گەلان. گەریلا بە رۆحی فیدایى لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا خۆڕاگرى دەکات و لە ڕووی سیاسی و دیموکراتیک و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەوە هێرشبەرانى تووشى قەیران کردووە. گەریلا کە بە رۆحی ١٥ى ئابەوە خۆڕاگری دەکات، دەوڵەتى تورکی تووشی قەیران کردووە.  

گەلی کورد و گەلانى تر سەردەکەون

گەریلا و گەلی کورد بە هێزى رامانی رێبەر ئاپۆ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە شەڕی جیهانیى سێیەمدا بوون بە هێزێک کە پێشکەوتن و گەشەدانى کاریگەرانەیان خستووەتەڕوو. هەموو هێزەکانى ناو شەڕی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەى لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسەتەوە تەسکبیرن و لە قەیراندان، هەر چەندیش لە رووی سەبازییەوە هەوڵ بدەن ناتوانن سەرکەوتن بە دەست بهێنن. لەبەر ئەوەش لە دۆخى شەڕی جیهانیى سێیەمدا گەلی کورد و گەلانى تر کە بە رۆحی ١٥ى ئابەوە خۆڕاگری دەکەن سەرکەوتن بە دەست دەهێنن.  

ئەگەر گەلی کورد و گەلانى تری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تێکۆشانى خۆیان بەهێزتر و گەشتر بکەن، ئەوا لە ٣٥هەمین ساڵیادى ١٥ى ئابدا دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی تێکدەڕووخێن و گەل سەردەکەوێت".

ر.م