کەرکوک؛ پێشەڵکارییەکان لە دژی رۆژنامەنووسانی کورد بەردەوامە
رۆژنامەنووسانی شاری کەرکووک نیگەرانن لەو پێشێڵکاریانەی کە لەلایەن دەسەلاتی سەربازی شارەکە بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت.
رۆژنامەنووسانی شاری کەرکووک نیگەرانن لەو پێشێڵکاریانەی کە لەلایەن دەسەلاتی سەربازی شارەکە بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت.
رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک بەرو دۆخێکی خراپتر دەروات بەهۆی ئەو پێشەڵکارییانەی دەسەڵاتی شارەکە دەیکەن بەرامبەریان چ لە لێدان و ڕفاندن و هەرشەی کوشتن و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانی ڕیگە نەدان بە رووماڵکردنی رووداوەکان و سوکایەتی کردن پیان.
مەهدی زریان سکرتێری لقی کەرکوکی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەربارەی ئەو پێشەڵکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکری بە ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: "پێش ١٦ی ئۆکتۆبەریش پێشەڵکاری زۆر بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکرا لەلایەن دەسەڵاتی کەرکوک بە هۆی هەستیاری بارودۆخی شارەکە بەلام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکەی کەرکوک نیمچە کوردی بوو کەمتر پێشەلکاری دەکرد بەراورد بە رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە رووی لێدان و دەستگیرکردنیان و شکاندنی کامیراکانی رۆژنامەنووسان و دەستگرتن بەسەر وێنەو ڤیدێۆکانیان ئەو جۆرە پێشەلکارییانە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە خەستی دەستیان پێکرد."
خراپی دۆخی رۆژنامەنووسانی کەرکوک گەیشتبووە ئاستی رفاندن و کوشتن
دەربارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە مەهدی زریان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕایگەیاند: "ئەو دەسەڵاتەی کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر هاتە کەرکوک بەشێوەیەکی زۆر توندوتیژ هەڵسوکەوتی لەگەل رۆژنامەنووسان کرد،
تا چەند مانگێک پێش ئیستا ڕەوشی ڕاگەیاندکار زۆر خراپ بوو کە وەک قاچاغ کاریان دەکرد و لەلایەن دەسەڵاتی کەرکوکەوە داوادەکرا هەندێکیان دەستگیر بکرێن، خراپی دۆخی رۆژنامەنووسانی کەرکوک گەیشتبووە ئاستی رفاندن و کوشتن چونکە حکومی سەربازی لەم شارە حوکم دەکات وە بریارەکان لە دەرەوەی پارێزگای کەرکوک دەردەچی."
رۆژنامەنووسان سکاڵا تۆمار ناکەن بەهۆی ئەوەی ئەترسن توشی مەترسیان بکات
دەربارەی ئاماری پێشەڵکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان مەهدی زریان ڕایگەیاند: "وەکو سەندیگای رۆژنامەنووسان هەموو شەش مانگ جاری ئامارەی ئەو پێشەڵکاریانە بڵاودەکەینەوە کە بەرامبەر رۆژنامەنووسانی کەرکوک ئەنجامدراوە بە وێنەو بەڵگە، زۆرجار رۆژنامەنووسان سکاڵا تۆمار ناکەن بەهۆی ئەوەی ئەترسن کە سکاڵاکانیان زیاتر توشی مەترسیان بکات."
سۆران عەبدول کەریم پەیامێری یەکێک لە کەنالە کوردیەکانی شاری کەرکوکە دەربارەی پێشەلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لەداوی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کۆمەڵێک بەربەست خراوەتە بەردەم ڕاگەیاندکارانی کورد لە کەرکوک ، لەکاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی جیاکاری دەکرێ لە نێوان رۆژنامەنوساندا یان ئاگادار ناکرێنەوە."
دەربارەی چاودێری کردنی رۆژنامەنووسان لەلایەن هەواڵگری هێزە عیراقییەکان سۆران عەبدول کەریم ڕایگەیاند: لەلایەنی چاودێری کردن لەلایەن حکومەت لە شاری کەرکوک چاودێری وردی رۆژنامەنوسان دەکرێ تا بزانن ئەو کارانەی دەرکری لە بەرژەوەندی پارێزگاری کەرکوکە یان نا کە لە نەتەوەی عەرەبە."
هەروەها ناوبراو ووتی: "رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک بێ بەش کراون لە بەشێک لەو چالاکیانەی کە ئەنجام دەدرێت ،لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کاری رۆژنامەوانی زۆر سەخت بووە کە ناتوانین هیچ ئامار و داتایەک وەرگرین لە فەرمانگەکان و هاوکاری رۆژنامەنووسان بن ،هەر چەندە مۆڵەتی کارکردنیشت هەبێ لە شارەکە بەلام هەر هاوکاریت ناکەن بەلکو کاری رۆژنامەوانیان بەکخستووە."
لە کۆتایدا دەربارەی هەندیک لەو پێشەلکاریانەی کە بەرامبەری کراوە یان بەچاو خۆی دیویەتی سۆران عەبدول کەریم ووتی: ''لەکاتی رۆماڵی نارەزایەتی دەربرینی هاووڵاتیان دژ بە خواستی ئیدارەی ئیستای کەرکوک لەلایەن هێزە ئەمنیەکان هێرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسان و کەلوپەلەکانیان دەشکێنن یان هەندیک دیمەن لە کامیرەکانمان دەسرنەوە کە نایانەوێت دەربکەوێت."
محەمەد ستار جەباری کامیرامانێکی یەکێک لە کەنالە کوردییەکانی شاری کەرکوکە دەربارەی پێشەلکاری بەرامبەر ژۆنامەوانە کوردەکانی شارەکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو ڕاگەیاندنی کوردی لە شاری کەرکوک پێشەڵکاری زۆر دەکرێت بەرامبەرمان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراق کە لێماندەدەن و سوکایەتیمان پێدەکەن و هەندێک وشەی نەشیاو بەکاردێنن دژی ئێمە کە بەرامبەر هیچ کەسێک ناکرێ ئەو وشانە بەکاربهێنرێت."
هەروەها محەمەد ستار جەباری ووتیشی: "ڕاگەیاندنی کوردی جیاواز مامەڵەی لەگەل دەکرێ بەراورد بە ڕاگەیاندنی عەربی و تورکمانی لە شارەکە بەجۆریک کە ناهێلن ڕاگەیاندنی کوردی دەستی بگات بە زانیاری."
لە کۆتایدا محەمەد ستار دەربارەی ئەو پێشەڵکارییانەی بەرامبەر تیمەکەی کراوە لە کەرکوک ووتی: "وەکو تیمەکەی ئێمە تا ئیستا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ٢ جار پێشەلکاری بەرامبەرمان کراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک کە یەکەم جار کاتێک بالوێزی تورکیا هات بۆ سەردانی قەیسەریە سوتاوەکەی کەرکوک پەیامێرەکەمان لەلایەن هەواڵگری عێراق کە بەشێوەیەکی ناشرین دەریانکردە دەرەوە پاشان کامیرەکەی منیان شکان و ووتیان رۆژی یەکەشەم وەرە بۆ لامان بەلام نەچووم چونکە سوکایەتی پێدەکەن کاتێک کە دەچی ،
هەروەها جاریکی دیکە کە چووین بۆ رووماڵکردنی هەواڵی هاتنی وەفدێک لە بەغدادەوە بۆ پارێزگای کەرکوک ئێمە بە باجی فەرمی چوێنە پارێزگای کەرکوکەوە بەلام هێزی هەواڵگری عیراق پێمانیان ووت ئەگەر نەچنە دەرەوە ئەو ئێمە بەزەبری هێز دەرتان ئەکەینە دەرەوە."
ک-ش