کەنەکە: ئامانجی بنەڕەتیى هێرشەکانى تورکیا بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستانە

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) راگەیاند، ئامانجى بنەڕەتیى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان بۆ لەناوبردنى دەستکەوتەکانى گەلی کوردستانە. راشیگەیاند، بێدەنگیى حکومەتى هەرێم و هەندێک لایەنى سیاسیى باشووری کوردستان جێگاى نیگەرانییە.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) کۆبوونەوەیەکى فراوانى لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان لە شارى برۆکسلی پایتەختى بەلجیکا ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوەکەدا، کە چەندین لایەنى سیاسیى کوردستان و رێکخراو کەسایەتیى تیایدا بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان راگەیاندرا و داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، هەڵوێستى ڕوون و ئاشکرا و یەکگرتووانەیان لە دژى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورکیا هەبێت، چونکە تورکیا لەناوبردنى هەموو دەستکەوتەکانى گەلی کوردستانىى کردووەتە ئامانج.

کەنەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، تورکیا هێرشە داگیرکارییەکانى بۆ سەر باشوورى کوردستان لە دژى هەدەپەش بەکاردەهێنێت و دەیەوێت هەدەپە لە کایەى سیاسى پەراوێز بخات، بۆیە داوایان لە هەموو دەنگدەرانى کوردستان و ئازادیخوازانى و دیموکراسیخوازان کردووە، بەشداریى هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە هەدەپە بدەن.

کەنەکە راشیگەیاندووە، لە پێناو یەک هەڵوێستیى گەلی کورد و روونکردنەوەى ئامانجە نەتەوەیى و سیاسییەکاندا، بڕیاریانداوە، جارێکیتر "بەڵگەى ستراتیژیى نەتەوەیى" بڵاوبکەنەوە، کە ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆبوونەوەى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیدا پەسەند کراوە.

دەقى راگەیاندراوەکەى کەنەکە لەبارەى هەڵوێست لەبەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیادا

لەسەر بانگەوازیی کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی وکوردستان، بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان، رۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ئۆفیسی ناوەندی ك ن ك لە برۆکسل کۆبوونەوە. بەشداربووان بە فراوانی لەسەر دۆخی کوردستان، بە تایبەتیش داگیرکاریی تورکیا لە باشوور کە تا دێ زیاتر ئەبێت، وتووێژی چڕوپڕیان کرد، راو سەرنج و هەڵوێستی خۆیان خستە ڕوو. لە ئەنجامدا بڕیار درا کە کۆبوونەوەکە وەک دەستپێشخەرییەک بەردەوامبێت. لە هەمان کاتدا پلانسازییەک بۆ کاری دیپلۆماسی و جەماوەریی ئامادە کرا. هەروەها کۆبوونەوە بڕیای دا " بەڵگەی ستراتیژی نەتەوەیی" کە ساڵی ٢٠٠٨ لە جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درا و دواتر چاکسازیی تێدا کرا، جارێکی تر بڵاوبکرێتەوە.

وەک ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر پارچەکانی تری کوردستان ( رۆژاواو باشوور) فراوانتر کردووە. نەک تەنیا هەر هێرش ئەکات، بەڵکو شوێنی زۆریش داگیر ئەکات. سەرەتا هێرشی کردە سەر عەفرین. دواتر لە ١٠ی مانگی ئازارەوە دەستی بەهێرش بۆ سەر باشووری کوردستان کردووە و هەرێمی برادۆستی داگیرکردووە. رۆژ بەرۆژیش هێرشەکان فراوانتر ئەکات. هەرچەندە بە بیانووی دوژمنایەتیی هەپەگەوە پڕۆپاگەندە بۆ هێرشەکانی ئەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی دەسکەوتەکانی  گەلی کوردستانە. هەرچیەک ئەڵێن بڵێن، بەڵام خۆ دیارە ئەو شوێنانەی بۆمباران ئەکرێن و داگیر ئەکرێن، خاکی کوردستانن و ئامانجیش لەو هێرشانە هەر گەلی کوردستانە.

لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییانەدا، گەلی باشوور و ژمارەیەک پارت و رێکخراوی مەدەنی، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردۆتەوە و هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەییان راگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک پارتی کوردی بێ دەنگ و هەڵوێستن. حکومەتی بەغداش هەڵویستێکی روون و ئاشکرای نییە. هەمانکات رای نێودەوڵەتیش بێ دەنگە. هەموو ئەمانەش زیاتر هانی دەوڵەتی تورکیای داوە هێرشەکانی فراوانتر بکات.

سەبارەت بەم بارودۆخە، کۆبووەنەوە بڕیاری لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە داو بۆ رای گشتی رایئەگەیەنێت.

* سلاو بۆ هەموو ئەو هێزانەی لە باکورو باشوورو رۆژاوا لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییانە بەرخۆدان ئەکەن، ئەنێرێت  و تێکۆشانی ئەوان بەڕێزەوە بەرز ئەنرخێنێت و بە هەموو توانایەک پشتگیرییان ئەکات.

* کۆبوونەوە ئەو هێرش و داگیرکاریانە ریسواو شەرمەزار ئەکات. لەبەرامبەریان هەڵوێست ئەگرێ و  پشتگیریی هەموو تێکۆشانێک دژی ئەو داگیرکارییانە ئەکات.

* لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریەیی دەوڵەتی تورکیادا، پێویست بە یەکێتییەکی بەهێز هەیە. لەو بارەیەوە کۆبوونەوە داوا لە پلاتفۆرمی خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی عەفرین، (کە هەموو ئەم پارت و رێکخراوەنەی ئەم کۆبوونەوەی تێدایە)، بە گشتیی لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا  هەڵوێست بگرێت، رۆڵ و خەبات و ناوی خۆی لەسەر بنەمای ئەم دۆخە نوێ بکاتەوە.

* تا ئەو کاتەی "پلاتفۆرمی خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی عەفرین" لەسەر بنەمای ئەو داواکارییانە خۆی نوێ ئەکاتەوە، ئەو پارت و رێکخراوانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن،  وەک دەستپێشخەرییەکی دژی داگیرکاریی کارەکان بەڕیوەئەبەن.

* کۆبوونەوە بانگی هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان ئەکات، لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا بێ دەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بن.

* کۆبوونەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا ئەکا، چی دی لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا بێدەنگ نەبن. هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت.

* کۆبوونەوە داوا لە دۆستانی گەلی کوردستان و رای گشتیی نێونەتەوەیی ئەکا  لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا هەڵوێست بگرن. پشتگیریی تێکۆشانی گەلی کوردستان بکەن.

* کۆبوونەوە پشتگیریی هەموو ئەو چالاکیانە ئەکات کە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیان لە کوردستان. بە تایبەتیش سڵاو لەو کۆڕ و کۆمەڵانە ئەکات کە سەردانی قەندیل ئەکەن. هەمانکات داوا لە کوردستانیان و دۆستانی دۆزی کوردستان ئەکات بە گەرمیی بەشداری ئەو چالاکیانە ببن.

* حکومەتی ئاکەپە هەموو داگیرکارییەکانی خۆی لە رۆژاواو باشوور و هەموو هێرشەکانی بۆسەر گەلی کوردستان، وەک بەشێك لە کەمپنی هەڵبژاردن و لە دژی هەدەپە بەکاردێنێ. لەم بارەیەوە کۆبوونەوە داوا لە گەلی باکوری کوردستان و دیموکراتخوازانی تورکیا ئەکات، بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە هەدەپە بدەن.

ر.م