کەنەکە: ئەنفال هەڵقوڵای سیاسەت و ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستانەى بەعس بوو
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) بەبۆنەى ساڵیادی ئەنفالەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) بەبۆنەى ساڵیادی ئەنفالەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) بەبۆنەى ساڵیادی ئەنفالەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە
لە ساڵیادی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستاندا
رژێمی بەعسی عێراق لە مەودای دەسەلاتیدا هەوڵی زۆری بۆ پاکتاوکردنی گەلی کوردستانی دا. هەر لەسەرەتای کۆدێتاکانییەوە لە 1963 و دواتریش لە 1968دا، چەندین پڕۆسەی کۆمەڵکوژیی دژ بە خەڵکی کوردستان جێبەجێ کردووە. بێگومان ئەم سیاسەتە هەڵقولاوی ئایدیۆلۆژیاو روانینی رەگەزپەرستانەی ئەو پارت و دەسەڵاتە بووە بەرامبەر خەڵکی باشووری کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا لەسەرەتای ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بە پاکتاوکردنی کوردانی فەیلی دەستی پێکرد. سەدان هەزاری لێ گرتن. چەکە بایۆلۆژی و کیمیاویەکانی لەسەر جەستەی بەشێکیان تاقیکردەوەو کۆمەڵکوژی کردن. هەمانکات سەدان هەزار کوردی فەیلی لە وڵات دەرکرد. هەر لەو ساڵانەدا پەلاماری خێزانە بارزانیەکانی داو هەزاران بارزانی سڤیلی گرت و بێسەروشوێنی کردن.
لە ساڵی 1987 بەدواووە کەوتە داڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆسەیەکی فراوانتر تر، کە بە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال ناسراوە. لە ناویشیدا بەکارهێنانی چەکی کیمایی. ئەمەش ترۆپکی ئەو سیاسەتە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بوو کە رژێمی بەعس بۆ پاکتاوکردنی رەگەزیی لە باشووری کوردستان دەستی پێکردبوو. لە هێرشەکانی ئەنفالدا کە بە هەشت قۆناغ و لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا بەڕێوەچوون، هەزاران گوندو شارۆچکە لەگەڵ زەوی تەخت کران و دەیان هەزار لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە گیران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا کۆمەڵكوژ و زیندە بە چاڵکران.
ئەنفال لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانشدا بە شێواز و رێبازی جیاواز لە لایەن رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە پەیڕەو ئەکرێن. دەوڵەتی تورکیاش هەر لە ساڵانی 1990وە و تا ئێستاش بە هەزاران گوند و شارۆچکەی باکوری کوردستانی خاپوورکردووەو خەڵکەکەی دەربەدەر کردوون. ئاوارەکانی کەمپی مەخموری باشووری کوردستان کە ئێستا لە ژێر ئابڵوقەدان، نموونەیەکی ئەو هێرشە ئەنفالئاسایانەی تورکیان. رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە دوای ساڵی 1980وە بە هەمانشێوە چەندین هێرشی کۆمەڵکوژیی لە ئاستی جیاوازدا دژ بە خەڵکی کوردستان بەڕێوەبردووە. لە هێرشەکانی رژێمدا بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و داگیرکردنەوەی ئەو پارچەیە، لە شارەکانی سنەو سەقز و مەهاباد و گەلێک ناوچەی تر، گولەبارانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بەڕێوەچوون. لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورکیا لە رۆژاوای کوردستان، هەمان پڕۆسە بە شێوازێکی تر پەیڕەو ئەکات. کوشتن و ئاوارەکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری عەفرین و ناوچە کوردییەکان، بە هەمانشێوە ئەچنە چوارچێوەی پاکتاوکردنی نەژادییەوە.
هەموو ئەم راستییانە ئەوەمان بۆ ساغ ئەکەنەوە کە داگیرکەرانی کوردستان تا ئێستاش روانینێکی هاوبەشیان هەیە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کوردستاندا. ئەویش پاکتاوکردنی خەڵکی کوردستانە. ئایا لەبەرامبەر ئەم سیاسەت و پراکتیکە هاوبەشەی ئەواندا، ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە کوردانیش سیاسەت و پراکتیکێکی هاوبەشیان بۆ وەلامدانەوەی ئەم تاوانانە هەبێت؟ کاتی ئەوە نەهاتووە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێنە پێش بەرژەوەندییە تەنگە حزبی و کەسییەکانەوە؟ کاتی ئەوە نەهاتووە هەنگاو بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش بنرێت، کە بتوانێ زامنی رێگریی لە دووباربوونەوەی ئەم هێرشانە بۆسەر خەڵکی کوردستان بێت؟
دوای راپەڕینی گەلی باشووری کوردستان و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێم لە ساڵی 1991دا، هەروەها دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراق لە 2003. بە هەزاران دۆکۆمێنت دەرکەوتن کە ئەو راستیانەیان پشتراست کردنەوە. لە چەندین شوێنی جیاواز گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە. بەڵام تا ئێستاش کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەوانەی لەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا رزگاریان بوو، چارەنووسی کەسو کارە ئەنفالکراوەکانیان بە تەواوی نازانن. سەرەڕای ئەوەش وەک ئەوەی پێویستە هاوکاری نەکراون. بێگومان هیچ شتێک ناتوانێ قەرەبووی گیانی ئەو دەیان هەزار قوربانییە بکاتەوە. بەڵام ئاوڕدانەوەی جدیی لەو کەسانەی لە ئەنفال رزگاریان بووە، ئەرکێکی گرنگ و سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە. دوای ئەوەی کە هەموو بەڵگە یاساییەکان راستییەکانی ئەو تاوانەیان سەلماند و هەندێک کەس لە سەرانی ئەو کاتەی عێراق سزای مەرگ دران، پێویست بوو رێکارە یاساییەکانی تریش بگیرێنە بەرو حکومەتی عێراق بە شێوازێکی شایستە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تر سەری رێز لە بەرامبەر قوربانیان ئەنفال و هەموو کۆمەڵکوژییەکاندا دائەنەوێنین. هەمانکات داوا لە دەسەلاتدارانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەین، بە تەنگ داواکاریی خەڵکی ناوچە ئەنفالکراوەکانەوە بچن. هیچ نەبێ قەرەبووی زیانە مادییەکانیان بکەنەوە و ژیانێکی شایستەتریان بۆ بڕەخسێنن. هەروەها داوا لە خەڵکی کوردستان، پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئێلیتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەکەین، هەنگاوی جدیی بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزیی لە پێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانانەدا بنێن.
ژ.ت