کەنەکە: پاراستنی خەڵکی مەخمور لەئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە

کەنەکە، ئاماژە بە گەمارۆدانی کامپی مەخمور و ئەو هێرشانە دەکات، کە لەلایەن تورکیا و داعشەوە دەکرێنە سەر کامپەکە و پاراستنی خەڵکی مەخمور دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدای کوردستان.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرەتای ئەم مانگەی بڵاوکردەوە، کە لە برۆکس-ی بەلجیکا ئەنجامیاندابوو، تیایدا کێشە و قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵ و پێگەی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە ناوچەکەدا کرا.

کەنەکە، تیشکی خستووەتە سەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ فراوانخوازیی و داگیرکاریی، لە باشور و ڕۆژائاوای کوردستان و لە ناوچەکەدا و دەشڵێت:"سەرەڕای هەموو زەبروزەنگ و هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی، تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی، لە ئاستی سەربازیی و سیاسیی و دیپلۆماسیدا، بە ئەوپەڕی ورەو ئیرادەوە بەردەوامە".

هەروەها بڕیاری دادگای بەلجیکا-ی لەبەرامبەر بە ڕەوابینینی شۆڕشی ئازادیخوازی کوردستان و بینی پەکەکە بە ڕێکخراوێک،کە لە شەڕێکی سەربازیدایە لەگەڵ سوپای وڵاتێک، وەکو سەرکەوتنی دەنگی ڕەوا بەسەر ناڕەوایی و نادادپەروەرییدا، ناوبردووە.

لەبارەی ئێران-یشەوە، باسی لەوە کردووە، کە ڕژێمی ئێران تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک هیچ هەنگاوێک لە بواری گۆڕانکاریی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورددا نانێت، بەڵام بە بۆچوونی کەنەکە، ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بۆ هەتایە بەردەوام نابێت. ئێران بەرەو گۆرانکاریی دەبات، هەربۆیە لەسەر بزاڤە کوردستانیەکان پێویستە خۆیان بۆ ئەو دۆخە ئامادە بکەن. تا بتوانن لە کاتی ئاڵۆزبوونی زیاتردا جڵەوی دۆخی کوردستان بگرنە دەست.

کەنەکە، بە پێویستی دەزانێت حزبەکانی باشور هەڵووێستیان لەدژی دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران هەبێت، هەڵمەتی بایکۆتکردنی بەرهەمی تورکیاش بە هەنگاوێکی گرنگ و بەهادار ناودەبات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گەمارۆدانی کامپی مەخمور و ئەو هێرشانەی، کە لەلایەن تورکیا و داعشەوە دەکرێنە سەر کامپەکە، خراوەتە بەر باس و جەخت دەکەنەوە"پاراستنی خەڵکی مەخمور لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە".

لە چوارچێوەی پلانی کار و خەباتی کەنەکەدا، بڕیاردرا کاری پەیوەندی و دیپلۆماسیی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کوردستان بەهێزتر بکریت. لەسەر بەدیهێنانی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانیی کۆڕ و کۆبوونەوە و پانێڵی جۆراو جۆر لە کوردستان و هەندەران بکرێت. پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ پارت و رێکخراوو کۆڕ و کۆمەڵ و کەسایەتی و گەلی کوردستان فراوانتر بکرێت.