دوای ئەوەی شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی هێرشی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای تورکیا چوار ھاوڵاتیی دەڤەری باڵه‌كایه‌تی له سنووری قه‌زای چۆمان شەھید بوون، چین و توێژه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه به‌توندی ئیدانەی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا دەکەن.
«هیچ بیانوویه‌ك نییه ڕه‌وایه‌تی به هێرشه‌كانی توركیا بدات»
نووسه‌ر و چاودێری سیاسی کەمال چۆمانی له لێدوانێكدا بۆ ANF وتی: ئەوەی تورکیا دەیکات، پێچەوانەیە لەگەڵ ھەموو یاسا و عورفێکی نێودەوڵەتیدا. بەڵام نیگەرانی گەورە بەیاننامەی حکوومەتەکەی پارتییه، کە لەبری ئیدانەکردن و سەرزەنشتکردنی سوپای تورکیا، سەرزەنشتی ھیزەکانی پارتی کریکارانی کوردستان - په‌كه‌كه دەکات.
چۆمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئەوەندەی من ئاگادار بم لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠ ھاوڵاتی بە هۆی ھێرشەکانی سوپای تورکیاوە شەھید بوون، بەبێ ئەوەی ھیچ بارەگایەکی په‌كه‌كه لەو ناوچانەدا ھەبێت. وتیشی: بیانووهێنانه‌وه بۆ هێرشی سوپای تورکیا، جگە لە شەرعیەتدان بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سیڤیل هیچی دیكه نییه، بیرمان نەچێت لە ڕابردووش‌دا حکوومەتی عێراق بە بیانوویەک ھاوڵاتیانی کوردی جینۆساید دەکرد.
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، كه‌مال چۆمانی وتی: ئەگەر حکوومەتی ھەرێم بڕوای وایە کۆمەڵکوژی ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە بیانوویەکی ھەیە، یاخود شەرعیەتێكی ھەیە، ئەوە ئەنفالی بەرزانییه‌کان و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و شێخ وەسانان-یش بیانووی ھەبوو. کاتی خۆی بە بیانووی بوونی ھێزەکانی پارتی و یەکێتی، ھاوڵاتیانی ئەو ناوچانە جینۆساید کران.
کەمال چۆمانی ئاماژه به بەیاننامەکەی وەزارەتی دەره‌وەی حکوومەتی عێراق و وتی: به‌یاننامه‌كه ھەبوونی حکوومەتی ھەرێمی لە ھەمبەر داکۆکیکردن لە هاوڵاتیانی خۆی خستە ژێر پرسیارەوە. وەزارەتی ده‌رەوەی عێراق له به‌یاننامه‌كه‌یدا ناوی ھیچ لایەنێک ناھێنێت، چونکە شەھیدکردنی ھاوڵاتیانی مەدەنی کردەیەکی نائەخلاقییه کە ھیچ بیانوویەک ھەڵناگرێت.
«هاوڵاتیانی بێ‌تاوان شه‌هید ده‌كرێن»
مه‌لا نیاز چۆمانی، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات - ANF وتی: گەورەترین تاوان بەلای خوای گەورەوە کوشتنی مرۆڤی بێتاوانە، تەنانەت شکاندنی دەرگەی کەعبە، ھیندەی کوشتنی مرۆڤێکی بێ‌تاوان له‌لای خودا گەورە نیە. ئەوانه‌ی لە بۆردومانەکانی تورکیادا شەھید دەکرێن، تەنھا ھاوڵاتیانی بێ‌تاوانن.
ئەو مامۆستا ئاینییه جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا سوکایەتی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکات و دەقەکانی بۆ خزمەتی سیاسەتەچەپەڵەکانی خۆی بەکاردێنێت. وتیشی: تورکیا تەنانەت سوکایەتی بەو شتانەش دەکات کە لای خودا پیرۆزن. خوای گەورە سوێندی بە ھەنجیر و زەیتوون خواردووە، تەماشاکەن سەدەھا ڕەزەھەنجیری ھاوڵاتیانی مەدەنی دەسووتێنێت، ھەزارەھا دارزەیتوون دەبنە قوربانی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین.
ناوبراو ڕه‌خنه له وه‌ڵاتانی ئیسلامی ده‌گرێت و ده‌ڵێت: «٥٧ وەڵاتی ئیسلامی بۆ نایەنە دەنگ لەسەر قڕکردنی گەلی کوردی موسوڵمان؟ لە کاتێکدا تورکیا بۆردومانی مزگەوت، ڕەزوباخ، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ھاوڵاتیانی سیڤیل دەکات.»
«پێویسته لایه‌نه‌سیاسییه‌كان هه‌ڵوێستیان یه‌كخه‌ن»
هه‌ر له باره‌یه‌وه ڕۆژنامەوان زۆزک باڵەکی، به ANFی وت: لە دەرەنجامی ھێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر، ڕەوشێکی ئاڵۆز دروست بووە لەو ناوچانەدا. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ھیچ بارەگایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان - په‌كه‌كه لەو ناوچانەدا نییە كه توركیا بۆردومانیان ده‌كات. ئەوەی دەبێتە قوربانی هێرشه‌كان، ھاوڵاتیانی دەڤەرەکە و ڕەزوباخ و ئاژەڵی گوندنشینانه.
ئەو ڕۆژنامه‌وانه وتیشی: دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییه‌کان ھەڵوێستیان لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا یەکخه‌ن.
s.m