راگەیەندرا، دوای رووداوی کوشتی ئەندامی کۆنسوڵخانەی تورک لە هەولێر، ئاسایشی هەولێر و دهۆک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان لەو شارانەدا. لە ناوچەی زاخۆ هاووڵاتییانی باکووری کوردستان، کە بە هۆکاری جۆراوجۆر هاتوونەتە باشوور، داوایان لێکراوە لە ناوچەکەدا نەمێنن.
بە پێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمیەکان، لە هەولێر، دهۆک و زاخۆ، دوای رووداوەکەی هەولێر هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتیانی باکووری کوردستان.
سەرچاوە هەرێمیەکان لە زاخۆ رایانگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی زاخۆ هاووڵاتییانی باکووری کوردستانیان لە زاخۆیان بانگهێشت کردووە،و لە دوای پشکنینى خۆیان و ناسنامەکانیان دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە کۆکردنەوەى زانیاریى لەسەریان. هاوکات بەرپرسانی ئاسایش پێیان راگەیاندوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و پێیان وتون "یان دەچنە رۆژاوا یان هەر پارچەیەکی دیکە، نابێت لێرە بمێننەوە."
سەرچاوە هەرێمیەکان رایانگەیاند، تا ئێستا هێزەکانی ئاسایش ٢٥ کەسیان بانگهێشت کردووە و داوایان کردووە لەو ناوچانە دەرکەون.
لە شاری شیلادزێ لە ناوچەی ئامێدی لە دهۆک، کەسێک بە ناوی لەزگین ئۆرەماری کە خەڵکی کەمپی مەخموورە بەڵام ماوەیەکی درێژە هاتووەتە شیلادزێ و زەواجی کردووە و منداڵیشی هەیە لەم شارە دەرکراوە، بەڵام ئێستاکە دیار نیە لەزگین ماڵی خۆی بردووەتە کوێ.
سەرچاوە هەرێمییەکان لە دهۆک و هەولێر رایانگەیاند، هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی باکوور و دەستیان بە پشکینیى خۆیان و ماڵ و ناسنامەکانیان کردووە و دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە کۆکردنەوەى زانیاری لە سەریان.
هەروەها لە شاری سلێمانی هێزەکانی ئاسایش کرێکارەکانی کەمپی مەخموور، کە لە سلێمانى سەرقاڵی کارن بانگهێشت کردووە و دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە کۆکردنەوەى زانیاری لە سەریان. داوایان لە هەندێک لەو کرێکارانەش کردووە بڕۆنە ناوەندی ئاسایش و واژۆ بدەن. راگەیەندرا، هەندێک لە هاووڵاتییانی مەخموور لە سلێمانی دەستگیرکراون، بەڵام تاکوو ئێستا ئەو زانیارییە پشتڕاست نەکراوەتەوە و هۆکاری دەستگیرکردنەشیان روون نییە.
ر.م