گەریلا ئاوێتەى سروشت دەبێت...

جانتای شاخەوانەکان فسفۆڕین و دەیانەوێت کاتێک ون بوون بە فسفۆڕی جانتاکەیاندا بدۆزرێنەوە، بەڵام کاتێک چیاگەڕ و شاخەوان گەریلا بێت بابەتەکە دەگۆڕێت و دەبێت جانتا، چەک، مەخزەن و مەتارەی ئاو بەپێی هەلومەرجی ژیان رەنگەکانیان بگۆڕێت.

کاتێک لە باریکە رێگایەکى شەوانەدا بە ناو سەوزاییەکاندا تێدەپەڕین خاڵخۆڵەکە دێنە سەر گوێمان. کاتێک هەموو شوێنێک لە سایەی بەرەکەتی دایکی سروشتەوە سەوز دەبێت مرۆڤ ڕوو لە هەرکوێیەک بکات ئەوە دەبینێت، کە ئەو ئاوانەی لە بەرزاییەکانەوە هەڵدەقووڵێن بەرەو گەلییەکان شۆڕ دەبنەوە و دەبنە جۆگە. سەرەتا دەڵێین، ئەو دەنگەی کە دەیبیستین دەبێت دەنگی ئاو بێت، هەرچەند دەچینە پێشتر دەنگەکەی زیاتر دەبێت، وەکو ئەوەی بەرەو لای خۆمان بێت.

هەندێکجار لامان وایە بەرەو ئەو شوێنە دەچین کە دەنگی لێوە دێت، ئەو گەریلایەی بە تەنیشتمانەوەیە و ڕێبەرمانە، بەبێدەنگییەکەی وەک ئەوەی بڵێت "منیش لێی تێناگەم" دەیەوێت شتێکمان پێ بڵێت. دوای ١٠ خولەک تێدەگەین کە ئێمە بەرەو دەنگی موەلیدەیەک دەچین. رێبەرە بێدەنگەکەمان دەڵێت: "ئەمە جێگەی درومانە".

تێکۆشانی درێژخایەنی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەتا دێ لە جوگرافیاکاندا بەربڵاوتر دەبێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ لەسەر ئەو توخمانەی کە ئەو تێکۆشانە درێژخایەنە بە خۆڕاگری دەهێڵێتەوە لەسەر پێ بمێنێتەوە پێویستی بە خەباتی کارامە و پرۆفیشناڵ هەیە، بۆیە هاوکات لەگەڵ باوەڕ، هاوڕێیەتی، ئامانج و بوونی داگیرکاری لەناو گەریلادا پرۆفیشناڵی توخمێکی سەرەکییە.

ئێوە گەریلا نابینن، بەڵام گەریلا ئێوە دەبینیێت

ئەوانەی بۆ وەرزشکردن شاخەوانی هەڵدەبژێرن  و کاتێک بەپێی سروشتەکە جانتا لە شان دەکەن بە دڵنیاییەوە فسفۆڕێک بە جانتاکانیانەوەیە و شاخەوانیش بەو شێوەیە دەکرێت، چونکە خوانەخواستە ئەگەر لە نیوەشەوێکدا ون ببن، ئەوا ئەو پارچە فسفۆڕە بچووکە لەوانەیە شاخەوانەکە رزگار بکات، بەڵام بۆ گەریلای کوردستان ئەو پارچە فسفۆڕە بچوکە 'پشتگوێخستنی ئەمنیەت و ئاسایش'ە، چونکە گەریلا 'دەبێت نەبینرێت'. کاتێک ئێوە بە دواى ئەواندا بگەرێن ئەوان نایانبینن، بەڵام ئەوان بیانەوێت دەستبەجێ دەتوانن خۆیان نیشانی ئێوە بدەن.

تەنها خۆ هاوڕەنگ کردن لەگەڵ هەموو شتێک دا

بێینە سەر جانتا، چەک، مەتارەی ئاو و شوێنی دروومان کە ئێمە بۆی دەچین وەکو بەرگدروویەکی ئاسایی نییە. دوای ئەوەی  ئەوانەی لە ناوەوەن سڵاوێکی گەرممان لێدەکەن. ئێمە دەست بە پرسیار دەکەین تاوەکو بزانین ئەوان چی دەکەن. لە وەڵامى پرسیارەکانماندا دەڵێن، خۆ هاوڕەنگ کردن. بەڵێ ئەوان تەنها پێداویستیی خۆ هاوڕەنگ کردن دروست دەکەن. هەر شتێک کە بە بیری مرۆڤ دادێ ئەوان هاوشێوەی سروشتەکەی لێدەکەن. کاتژمێری دەست، کۆڵەپشتیی گەریلا، چەک، مەخزەن، نارنجۆک لە ناو گەریلادا زۆر بەکار دەهێندرێت و ئەوانیش بەو بەرگانە بۆ ئەو کەلوپەلانە دروستی دەکەن رەنگەکانیان وەک سروشت لێدەکەن. بۆ ئەوەی ئێمەش زیاتر کاتی ئەوان نەگرین و دوای ئەوەی چاییکمان خواردەوە پێیان دەڵێین 'ماندوو نەبن' و دەڵێین ئێمە دەڕۆین.

سەیرێکی سەر و سیمامان و سەیرێکی سەر و قژمان دەکەن. وەکو ئەوەی پێمان بڵێن 'پێویستە ئێوەش هاوڕەنگ بکەین' ئێمەش دەڵێین 'هیچ نابێت'، ئەوانیش دەڵێن 'دەبێت، دەبێت'، کۆمەڵکوژی بادینان و هاووڵاتییانى گوندەکانمان بیردەخەنەوە. حەقیانە، دەوڵەتی تورک کە پێبەندی ماف و یاساکانی شەڕ نییە بە هێرشە دڕندانەکانی سەدان هاووڵاتیى شەهیدکردووە. جگە لە گەریلاش کەس لێیان ناپرسێتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ ئەو مافە بداتە گەریلاکانی بەشی دروومان، کە بەو رادەیە بە هۆشیاری و وردییەوە کار بۆ هاوڕەنگ کردنی گەریلا و کار بۆ پاراستنى ژیانى گەریلا دەکەن.

ر.م