گەریلا لە ئاسمانەوە گورزی لە بنکەیەکى سەربازیى سوپاى تورک وەشاند

گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستا لە ئاسمانەوە گورزیان لە بنکەى سەربازیى سوپاى تورک لە سەر چیاى چەلێ دا. لەو هێرشەى گەریلادا بیناکانى بنکەکە و سەنگەرەکانى ناو بنکەکە چەندینجار بۆردومانکران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیى ئاسمانى بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییە لە چەلێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە "لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید باگر و شەهید رۆنیا دا لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا چالاکییەکانى هێزەکانى گەریلا بەردەوامن. رۆژی ٦ی ئایار (دوێنێ) لە کاتژمێر ١٦:٤٠ دا هێزەکانمان لە ناوچەى چەلێ لە پارێزگاى جۆلەمێرگ لە دژی بنکەى سەربازیى گرێ چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا، کە لە ئاسمانەوە ئەنجامدرا ژمارەیەکى زۆر بۆمب بەسەر بنکەسەربازییەکدا بەردرانەوە و گورز لە چەندین بینا و سەنگەری بنکە سەربازییەکە درا".

هەپەگە ئاماژەى بەوەشکردووە "لەبارەى ژمارەی کوژراوان و بریندارانى دوژمنەوە زانیارییەکى روون لەبەردەستدا نییە. دواى چالاکییەکەی سەر بنکەى سەربازیی گرێ، دەورووبەری شوێنى چالاکییەکە تۆپبارانکرا. فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى کۆماری تورکیاى داگیرکەر لە کاتژمێر ١٦:٥٠ و ١٧:١٥ دا ناوچەکانى کوڕەژەهرۆ و چەمچۆیان لە زاپ بۆردومانکرد. ئەو بۆردومانانە هیچ زیانێکى بۆ هێزەکانمان نەبوو، بەڵام زیانى بە جوگرافیا و سروشتى کوردستان گەیاند".

ر.م