گەریلاکانى هەپەگە لە سێرت چالاکییان ئەنجامدا و ٤ سەرباز کوژران

گەریلاکانى هەپەگە لە گردی شەهید جان خورت لە هەرێمى هەرەکۆڵ لە پارێزگاى سێرت چالاکییەکیان لە دژى سەربازانى تورکیا ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ٤ سەربازى تورکیا کوژران.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، گەریلاکانى هەپەگە و یەژەئاستار لە سێرت و بەدلیس چالاکییان ئەنجامداوە.

هەپەگە راشیگەیاندووە "هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا، رۆژی ١٠ى ئاب لە کاتژمێر ١٦:٠٠ دا لە گردى شەهید جان خورت لە هەرێمى هەرەکۆڵ لە پارێزگاى سێرت چالاکییەکیان لە دژى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر ئەنجامداوە. هێزى گەریلا لە ٢ قوڵەوە هێرشیان کردە سەر سەربازانى ئەو گردە و لە ئەنجامدا ٤ سەربازى دوژمن کوژران".

هەپەگە راشیگەیاندووە "هێزەکانى یەژەئاستار لە پارێزگاى بەدلیس رۆژی ١٢ى ئاب لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ لە نزیک بنکەى سەربازیى شێخ جومعە لە دژى وێستگەى غازی کاتل چالاکییەکیان ئەنجامدا. بەهۆی ئەو چالاکییەوە وێستگەى غازەکە تێکشکێنرا".

ر.م