لە تورکیا و باکوری کوردستان کە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی تیادا نەماوە بەناوی خاڵی پشکنین و کۆنترۆڵکردنەوە ناهێڵن خەڵک گەشت و سەردانى ئاسایى ئەنجام بدەن. کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی پشت خاڵەکانی پشکنین چەندین کاتژمێر لەو بازگانە لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە تا بتوانن لە بازگەکە تێپەڕن.
شارەکانی کوردستانیان وەکو گرتووخانەیەکی سەرئاوەڵای لێکراوە: لە جۆلەمێرگ، وان، ئاگری، ئیدر، مووش، بەدلیس و لە هەموو شارەکانی کوردان هەزاران بنکە و بارەگای سەربازی دروستکراون. لە سەر ڕێگەی نێوان شارەکانیش خاڵی پشکنین و بازگەی تازە دانراون. لەبەشێک لەو خاڵانەدا جاش و جەردەوان دانراون. لە هەندێکیشیان پۆلیس و سەرباز دانراون.
لە هەر ٥٠٠ مەترێکدا بازگەیەک دانراوە
لە هەندێک ڕێگادا خاڵەکانی پشکنین مەودای نێوانیان تەنیا ٥٠٠ مەترە. لە هەر یەکێک لەو بازگانە ناسنامەی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکەن. خەڵک و ئۆتۆمبیلەکانیان دەپشکندرێن. لە نۆرەی پشکنیندا ئەگەر هیچ تاوانێکیش نەکرابێت ئەو هاووڵاتییانە و ئۆتۆمبێلەکانیان بە هەزاران لیرەی تورکی سزا دەدرێن. لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا هەندێک کار و رەفتار دژ بە هاووڵاتیان ئەنجامدەدرێن، کە هیچ بە دۆخی باری نائاسایى کەمتر نییە. لەسەر ڕێگای نێوان وان - ئاگری و وان - ئیدر دەیان خاڵی پشکنین و بازگە دانراون و هاووڵاتییان ناتوانن بەو رێگانەدا هاتووچۆ بکەن، چونکە جگە لە ئازاردان و سزادانیان فریاى گەشت و سەردانەکانیشیان ناکەون.
هەندێکجار سعاتە ڕێگایەک دەبێتە ٥ هێندە
ڕێگای نێوان وان و ئاگری ٢٠٠ کیلۆمەترە. لە نێوان وان – پانتۆسی ئاگری دا ٥ خاڵی پشکنین دانراون. لە نێوان پانتۆس -توتاخێ دا ٣ بازگە دانراون. لە نێوان توتاخ - هاموورێ دا ٢ خاڵی پشکنین دانراون. لە نێوان هاموور - ئاگری دا ٢ خاڵی پشکنین دانراون. بەهۆی ئەو بازگانەوە رێگای کاتژمێرێک دەبێتە ٥ کاتژمێر. لە هەر خاڵێکی پشکنیندا بە شێوەی جیاواز خەڵک سزا دەدرێن. هەروەها مافەکانی ئازادیی گەشتوگوزار بە بڕیاری یاسای قەدەغەکارانە لە هاووڵاتییان قەدەغە کراوە.
ر.م